ریال مەدرید بۆ هێنانی ئێمباپێ دەبێت قوربانییەکی گەورە بدات

09-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە پێناو گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان دەبێت قوربانییەکی گەورە بدات و ئەستێرەیەکی گەورەی یانەکە بفرۆشێت.
 
ئێمباپێ گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵ کۆتایی دێت و دەبێتە یاریزانێکی ئازاد. یانەی شاهانە ماوەی چەندین ساڵە هەوڵی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییەکە دەدات و دەیەوێت بیگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام تاوەکو ئێستا یاریزانەکە دووجار ریال مەدریدی رەتکردووەتەوە و بڕیاری مانەوە لە پاریسی داوە. 
 
هەواڵەکان بۆ ئەوە دەچن کە ریال مەدرید ئەمجارەیان سەرکەوتوو دەبێت و کیلیان دەگوازێتەوە، بەڵام رەنگە یانەکە لە پێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە پێویستبکات قوربانییەکی گەورە بدات و ڤینیسیۆس جونیۆر، یاریزانی بەرازیلی و ئەستێرەی یانەکە بفرۆشێت. 
 
ئێدواردۆ ئیندا، لە بەرنامەی ئێل چیرینگیتۆی ئیسپانی لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەگەر ئێمباپێ بچێتە ریال مەدرید، پێویستە یانەکە یاریزانێک بفرۆشێت بۆ ئەوەی پارە پەیدابکات... من هەمیشە گوتومە کەسێک هەیە کە رەنگە ریال مەدرید بیفرۆشێت و ئێستا هەندێک زانیاریم لەو بارەیەوە پێگەشتووە".
 
ئیندا زیاتر دەڵێت "دەبێت یانەکە یاریزانێک بفرۆشێت... من باسی ڤینیسیۆس جونیۆر دەکەم. کاتێک ئێمباپێ دەکڕیت پێویستە یاریزانێک بفرۆشیت بۆ ئەوەی پارەیەکی زۆرت دەستبکەوێت، پێموایە ئەو یاریزانە ڤینیسیۆس دەبێت".
 
ئەمە سەرەڕای ئەوەی شوێنی یاریکردنی ڤینیسۆس هێرشبەری باڵی چەپە، کە ئەمەش شوێنی دڵخوازی ئێمباپێیە و بەپێی چەند هەواڵێک یانەکە پێویستە ئەستێرە بەرازیلییەکە بفرۆشێت بۆ ئەوەی شوێنی ئێمباپێ بکاتەوە. 
 
ڤینیسیۆس هاوینی 2027 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە کۆتایی دێت، بۆیە ئەگەر هەر یانەیەک بیەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکات، پێویستە بڕە پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان بکات و یانەکانی پاریس سانجێرمان و مانچێستەر سیتی رەنگە لە ریزی پێشەوەی ئەو یانانە بێن کە بیانەوێت ئەستێرە بەرازیلییەکە بگوازنەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە