مێسی خولی ئەمریکای پێش لالیگا و سێری ئای خست

08-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی خولی ئەمریکا خولی پرێمەرلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرژمێرییەکی نوێ ئاشکرایکردووە خولی ئەمریکا پێش خولەکانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا و چەندین خولی دیکە کەوتووەتەوە لەئامادەبوونی هاندەران لە نێو یاریگە.
 
سەرژمێرییەکە، کاری لەسەر ئامادەبوونی هاندەران لەسەرجەم خولەکانی جیهاندا کردووە و لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا ئاشکرایکردووە، خولی ئەمریکا بەرەوپێشچوونی زۆر گەورەی بەخۆوە بینیوە.
 
ئەگەرچی لە ئەمریکا، تۆپی پێ دڵخوازترین یاریی هاندەران نییە، بەڵام ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکانی خولی تۆپی پێی ئەمریکا، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
 
سەرژمێرییەکە تایبەتە بەئامادەبوونی هاندەران لە خولەکانی جیهان بۆ وەرزی 2023 - 2024.
 
ماڵپەری 'ترانسفێرمارکت' کە تایبەتمەندی بواری داتا و زانیاریی یاریزانان و یانە و خولەکانە، ئاشکرایکردووە خولی ئەمریکا لە پلەی دووەمی جیهانە لە ژمارەی ئامادەبوونی زۆرترین هاندەر لە یاریگەکانیدا بۆ بینینی یارییەکان.
 
ماڵپەرەکە ئاشکرایکردووە، خولی پرێمەرلیگ، پێشەنگی لیستەکەی گرتووە و کۆی ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگەکانی خولەکەدا زیاتر لە 14 ملیۆن کەسە، لە کاتێکدا خولی ئەمریکی ئامادەبوونی 12.1 ملیۆن کەسی بەخۆوە بینیوە.
 
خولی ئەمریکا، پێش خولە گەورەکانی دیکەی ئەورووپا کەوتووەتەوە، لەنێویاندا لالیگای ئیسپانیا، سێری ئای ئیتاڵیا، بۆندێسلیگای ئەڵمانیا و لیگ ئای فەرەنسا، ئەگەرچی ئەو خولانە یانەی گەورەی وەک ریال مەدرید و بارسێلۆنا، بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتمۆند، ئینتەرمیلان و ئەی سی میلان، پاریس سانجێرمان و مارسیلیا لە خۆ دەگرن.
 
ماڵپەری 'فوتبۆڵ بوم 1' ئەم بازە گەورەیەی ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکانی خولی ئەمریکا بۆ لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی ئینتەرمەیامی دەگێڕێتەوە، کە بایەخ و سەرنجی گەورەی دونیای بردە سەر خولەکە و ویستی هاندەرانی بۆ ئامادەبوون لە یاریگەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە.
 
مێسی لەگەڵ ئینتەرمەیامی، ئەگەرچی نازناوی خولی ئەمریکای بەدەستنەهێنا، بەڵام وایکردووە ژمارەی بینەرانی یارییەکانی یانەکەی و خولەکە بەشێوەیەکی گشتی، بەژمارەی بەرچاو بەرز ببێتەوە.

ریزبەندی ئامادەبوونی هاندەران لە خولەکان لە 2023 - 2024 بەمشێوەیەیە:

- خولی ئینگلتەرا 14،6 ملیۆن هاندەر.
- خولی ئەمریکا 12.1 ملیۆن هاندەر.
- خولی ئەڵمانیا 12 ملیۆن هاندەر.
- خولی ئیتاڵیا 11.6 ملیۆن هاندەر.
- خولی ئیسپانیا 10.7 ملیۆن هاندەر.
- خولی بەرازیل 10.2 ملیۆن هاندەر.
- خولی فەرەنسا 8.4 ملیۆن هاندەر.
- خولی مەکسیک 6.9 ملیۆن هاندەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە