وردەکاریی دەمەقاڵێی نێوان بنزیما و سانتۆ لە هەولێر

08-11-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما نونو سانتۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە ناکۆکی لەنێوان نونو سانتۆ، راهێنەری یانەی ئیتیحاد جددەی سعودی و کەریم بنزیمای هێرشبەری فەرەنسی، لەنێو ژووری جلگۆڕین دروستبووە، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.
 
بەگوێرەی هەندێک لە میدیاکانی سعودی، رۆژی چوارشەممە جارێکی دیکە پریشکی ناکۆکی لەنێوان بنزیما و سانتۆ لەنێو ژووری جلگۆڕیندا، لە یاریی جەوییە و ئیتیحاد، کە لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەڵگیرساوەتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، سانتۆ رەخنەی تووندی ئاراستەی ئەستێرە دێرینەکەی فەرەنسا کردووە و پێیگوتووە "تۆ یاریزانێکی مەزنیت، بەڵام وادیارە تەمبەڵی دەکەیت لە گوشارخستنە سەر یاریزانانی تیپی بەرامبەر".
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، بنزیما لە وەڵامدا گوتوویەتی "تەنیا قسەم لەگەڵ مەکە، قسە لەگەڵ هەموو تیپەکە بکە". ئەمەش راهێنەرەکەی تووڕە کردووە، و پێیگوتووە "تۆ سەرکردەی تیپەکەی و نموونەی یاریزانەکانی و گرنگترین یاریزانی تیپی. پێویستە دەستپێشخەری بکەیت و نموونە بیت بۆ هەموو یاریزانەکان".
 
بەگوێرەی میدیاکانی سعودیە، راهێنەرەکە بەردەوام بووە لە ئاراستەکردنی قسەی تووند بۆ بنزیما و پاساوەکانی رەتکردووەتەوە. لەهەمانکاتدا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هێرشبەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دوو هەفتە پێش رووداوەکە قسەی لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەی کردووە، و پێیگوتوون کە بەردەوامبوونی نونو سانتۆ ناهێڵێت ئامانجەکانی یانەی ئیتیحاد بەدیبێن، و بوونی ئەو رێگری لە پێشکەوتنی تیپەکە دەکات.
 
دوێنێ سێشەممە، یانەی ئیتیحاد راهێنەرە پۆرتوگالییەکەی دوورخستەوە، کە جگە لە دۆڕان بە جەوییە، 5 یارییە بەسەریەکەوە لە خولی رۆشنی سعودیەدا ناباتەوە، دوو دۆڕان و سێ یەکسان بوون.
 
سانتۆ لەم وەرزەدا سەرەتایەکی ناجێگیری لەگەڵ یانەی ئیتیحاد هەبووە، ئەمەش دوای وەرزێک هات کە هاندەران بە مێژوویییان زانی، چونکە تیپەکەی دوای 14 ساڵ نازناوی خولی سعودیەی بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە