هاندەرانی لیڤەرپوول لێشاوێک رەخنە ئاراستەی محەممەد سەڵاح دەکەن

08-09-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح لیڤەرپوول
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هاندەرانی یانەی لیڤەرپوول، ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی میسریی یانەکەیان دەربڕی بەهۆی ئەو ئاستە خراپەی لە یارییەکەیاندا بەرامبەر ناپۆلی نیشانیدا.
 
لیڤەرپوول لە یەکەم یاریی خۆیدا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، لەسەر یاریگای دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا بووە میوانی ناپۆلی و بە ئەنجامی 4-1، پێیدۆڕا، کە محەممەد سەڵاح وەک یاریزانی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا کرد، بەڵام لە خولەکی 63 لە لایەن یۆرگن کڵۆپی راهێنەری رێدزەوە دانیشێنرا و دیێگۆ جۆتای هیرشبەری پۆرتوگالی لە شوێنی ئەو چووە نێو یاریگە.
 
هاندەرانی لیڤەرپوول، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەتایبەتیش تویتەر، دڵتەنگیی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە ئاستی سەڵاح لە یارییەکەدا و لێشاوێک رەخنەیان ئاراستە کرد، هەروەها داوایانکرد یۆرگن کلۆپی راهێنەری ئەڵمانی مۆ لەسەر کورسی یەدەگ بهێڵێتەوە تا ئەوکاتەی ئاستی خۆی دەگەڕێنێتەوە.
 
کاردانەوەکانی هاندەرانی لیڤەرپوول، سەرەتا بە کاردانەوەی رۆژنامەڤانی ئینگلیزی بەڕەچەڵەک نایجیری، مستەفا عوسمان، دەستیانپێکرد، کە لە تویتێکدا نووسیویەتی "بەڕاستی هیوادارم سەڵاح بگەڕێتەوە ئاستی خۆی، بێزارم لە بیستنی شتی خراپ لەبارەیەوە، ئاستەکەی دابەزیوە و ئەمەش بەسەر هەر یاریزانێکدا دێت، تەنانەت لیۆنێل مێسیش کە باشترینی هەموو سەردەمەکانە".
 
لە کاتێکدا هاندەرێکی رێدز لە تویتێکدا نووسیویەتی "سەڵاح پێویستە لەسەر کورسی یەدەگ بێت بۆ یاری داهاتوو بۆ ئەوەی سیحرەکەی بەدەستبهێنێتەوە، با لە ناخیدا کەمێک تووڕەیی بکات!".
 
سێیەمیش لەگەڵیدا هاوڕابوو "سەڵاح پێویستی بە پشوودان هەیە، لە دوایین 3 یاریدا هیچی نەکردووە، پێویستی بە شەڕکردنە بۆ پێگەی خۆی، هەمیشە فیرمینۆ لە یاریگا دەبردرێتە دەرەوە، بەڵام سەڵاح پێویستی بە کەسێکە وەک ئەوەی لەخەو هەڵیبستێنێتەوە".
 
هاندەرێکی دیکەش نووسیویەتی "ئەمە خراپترین ئاست بوو کە لە سەردەمی کلۆپدا لە لیڤەرپوول بینیبێتم، ئارنۆڵد و ڤاندایک و فابینیۆ خراپ بوون و تەنانەت میڵنەر، رۆبێرتسۆن کاریگەر نەبوو، سەڵاحیشم لە یارییەکەدا هەر نەبینی".
 
لە کاتێکدا هەودارێک نووسیویەتی "محەممەد سەڵاح بەبێ مانێ زۆر خراپە، پێموایە کۆتاییەکەی لە لێستەر سیتی دەبێت".
 
هاندەرێک پەیامێکی بۆ یۆرگن کلۆپی راهێنەری لیڤەرپوول ناردووە و نووسیویەتی "بەڕێز یۆرگن کڵۆپ دەبێت محەممەد سەڵاح لە پێکهاتەی یانەکە دووربخەیتەوە".
 
رۆژنامەڤانێكی غانی كە بە هاندەرێکی سەرەکی لیڤەرپوول ناسراوە پرسیاری كردووە "چی بەسەر سەڵاحدا دێت؟!".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە