ناوبژیوانی یاری یوڤێنتوس و لیۆن بەرتیلخۆرە

08-08-2020
ئیحسان تاهیر
A+ A-

رووداو دیجیتال

فیلیکس زڤایر، ناوبژیوانی ئەڵمانی دوای بەڕێوەبردنی یاری یوڤێنتوسی ئیتالی و لیۆنی فەرەنسی لە چامپیۆنزلیگدا، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە و هەندێک لە رۆژنامەکان مێژووی ئەو ناوبژیوانەیان هێنایەوە بیری خوێنەرانیان و دووپاتیانکردەوە کە ئەو پێشتر سکانداڵی هەبووە و پارە و بەرتیلی وەرگرتووە.

فیلیکس زڤایر، لە یاری یوڤێنتوس و لیۆندا، کە بە سەرکەوتنی یانە ئیتالییەکە بە ئەنجامی 2 - 1 تەواو بوو، چەند بڕیارێکی سەیری دا، کە بەهۆیانەوە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە، چونکە زۆر کەس پێیانوایە بەبێ هیچ هۆکارێک لێدانێکی سزای نادروستی بۆ لیۆن هەژمارکرد و دواتر بۆ راستکردنەوەی هەڵەکەی لێدانێکی سزای نادروستیشی بۆ یوڤێنتوس هەژمارکرد.

زڤایر سەرەڕای ئەوەی زۆر هەوڵیدا لەو یارییەدا کەسایەتی بەهێزی خۆی نیشان بدات، بەڵام دڵەڕاوکێ و ترسیشی پێوە دیاربوو، کە بەهۆیەوە تووشی چەند هەڵەیەک بوو.

رۆژنامەکان رابردووی فیلیکس زڤایریان هێنایەوە بیری خوێنەرانیان، کە پێشتر سکانداڵی هەبووە و دەڵێن "لە ساڵی 2005 پاڵەوانی سکانداڵێکی گرەوکاری بووە، کە ئەوکات هەرایەکی گەورەی لە ئەڵمانیا  ناوەتەوە و تەنانەت پۆلیس هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی".

ئەو رۆژنامانە زیاتر لەبارەی ئەو ناوبژیوانەوە دەڵێن "ئەوکات سزای زیندانیکردن بۆ 2 ساڵ و 5 مانگیان بەسەردا سەپاندووە، بەهۆی ئەوەی لە کاتی بەڕێوەبردنی یارییەکانی خولی پلە دوو و سێ و جامی ئەڵمانیادا پارە و بەرتیلی وەرگرتووە، لە بەرامبەر یاریکردن بە ئەنجامی یارییەکانەوە".

فیلیکس زڤایر، تەمەن 39 ساڵان، پێشتر لە بواری کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە کاری کردووە. لە ساڵی 2012 بووەتە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و یەکەم یاری لە چامپیۆنزلیگدا بەڕێوەی بردبێت، یاری نێوان چێڵسی ئینگلیزی و مەکابی حەیفای ئیسرائیلی بووە.

ساڵی 2018 وەک باشترین ناوبژیوانی ئەڵمانیا دەستنیشانکراوە و لە مۆندیالی 2018ـی رووسیاشدا وەک ناوبژیوانی ڤار بەشداری کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە