ئەرجەنتین و بەرازیل دوو یاریی ئاگرین دەکەن

08-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتال

بەرەبەیانی سبەی گەورەکانی ئەمریکای باشوور، بەرازیل و ئەرجەنتین هەوڵدەدەن بە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گرنگ لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالەوە بەرە و کۆپا ئەمریکا بڕۆن.

یارییەکانی گەڕی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر بە یاریی ئیکوادۆر و پیرۆ دەستپێدەکەن، کە ئیکوادۆر بە 9 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندیی گرتووە و هەلێکی باشی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بە کۆکردنەوەی 3 خاڵی دیکە هەڵوێستی خۆی بەهێزبکات لە گەیشتن بە مۆندیال، بەر لەوەی بەشداری لە کۆپا ئەمریکادا بکات، بەو پێیەی پیرۆ لە دۆخێکی خراپدایە و تاوەکو ئیستا تەنیا خاڵێکی هەیە.

کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بە کاتی باشووری کوردستان، ئەرجەنتین لە یارییەکی گرنگدا دەبێتە میوانێکی رەزاگرانی کۆلۆمبیا، کە مێسی و هاوڕێکانی دوای لەدەستدانی 2 خاڵی گرنگ لە یاریی پێشوویاندا بە چیلی، هەوڵدەدەن ئەمجارە بە 3 خاڵەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بۆ ئەوەی نەهێڵن جیاوازییان لەگەڵ بەرازیلییەکان فراوانتربێت، کە سامبا 4 خاڵ لەپێش تانگۆیە.

کۆڵۆمبیا لە گەڕی رابردوودا لە پیرۆ، بە 3 گۆڵ 3 خاڵ گەڕایەوە و ئەمجارە هەوڵدەدات 3 خاڵی دیکەش لە ئەرجەنتینییەکان وەربگرێت بۆ ئەوەی بەجددی بکەوێتە نێو رکابەرییەکە، کە ئێستا 7 خاڵی هەیە و لە پلەی شەشەمدایە.

ئەرجەنتینییەکان لەم یارییەدا وەک هەمیشە پشت بە تواناکانی لیۆنێل مێسی کاپتنی بارسێلۆنا دەبەستن بۆ ئەوەی سەرکردایەتییان بکات بۆ یەکلاکردنەوەی یارییەکی گرنگ و زەحمەت لەنێو خاکی کۆلۆمبییەکاندا، کە دوای یاریی پێشوویان مێسی داوای لە هاوڕێکانی کرد کە پێویستە لە یارییەکانی داهاتوویاندا باشتر یاریی بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆلۆمبییەکان بەبێ ئەستێرەکەیان خامیس رۆدریگزی یاریزانی ئێڤێرتۆن یاریی دەکەن، کە بەهۆی نائامادەباشییەوە دوورخراوەتەوە.

لە دوایین 5 رووبەڕووبوونەوەکانی نێوانیاندا تانگۆ باڵادەستبووە و 3 جار براوە بووە و جارێکیش دۆڕاوە و جارێکیش یەکسان بووە.

کاژێرێک و نیو دوای ئەو یارییە بەرازیلی پێشەنگ دەبێتە میوانی پاراگوای، کە هەموو بەرازیلییەکان و بگرە ئەمریکای باشوور و جیهانیش چاوەڕێی فیکەی کۆتایی یارییەکەن، نەک بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی بزانن، بەڵکو بۆ ئەوەی هەڵوێستی راهێنەر و یاریزانانی سامبا بزانن، کە بڕیارە دوای ئەو یارییە هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر ئەنجامدانی کۆپا ئەمریکا لە وڵاتەکەیان رابگەینن، کە ئەگەری بایکۆتکردنی پاڵەوانێتییەکە لە لایەن تیتێ و یاریزانەکانی لەئارادایە،

بەرازیلییەکان لە ماوەی 90 خولەکی یارییەکەدا تەنیا بیر لە ئەنجامی یارییەکە و بەدەستهێنانی 3 خاڵ دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ژمارەی خاڵەکانیان بگەیننە 18 خاڵ و گەیشتنیان بە مۆندیال زۆر نزیک بکەنەوە.

پاراگوای کە بە 7 خاڵ چوارەمی ریزبەندییە، هەوڵدەدات دوای 6 یاریی لەم پاڵاوتنانەدا یەکەم شکست بە بەرازیل بێنێت، کە بەرازیلییەکان 36 ساڵە نەیانتوانیوە لەسەر خاکی پارگوای لەو هەڵبژاردەیە ببەنەوە.

هەرچۆنێک بێت تیتێ هەوڵدەدات ئەو گرێکوێرەیەی سامبا لە بەرامبەر پاراگوای بکاتەوە و بشبێتە یەکەم راهێنەری بەرازیل کە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا هەر شەش یاریی یەکەم بباتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە