رووداو دیجیتاڵ
پزیشکێک باس لە پێکانەکەی پێدریی یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەکات و پێشنیازی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ دەکات.
لە گەڕی 27ـی لالیگادا، لە یاریی نێوان ئاتلێتیک بیلباو و بارسێلۆنادا، پێدری جارێکی دیکە تووشی پێکانی سەخت هات و پێشبینی دەکرێت بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی مانگێک دووربکەوێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر لەم وەرزەدا، ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە دوو جاری دیکە بەهۆی پێکانەوە لە بەشێکی یارییەکانی یانەکەی بێبەشبووە.
خواکین پێنالڤێر، پزیشکێکی بواری فیزیۆسێرەپییە، لەبارەی پێکانەکەی ئەو یاریزانەوە دەڵێت "پێشنیازی ئەوە دەکەم کە پێدری نەشتەرگەری ئەنجامبدات. هیوادارم هەڵەبم، بەڵام پێموایە ئەو ماسوولکەیەی کە تووشی پێکانبووە کار ناکات و پێویستە بە نەشتەرگەری چاکبکرێتەوە."
پێنالڤێر زیاتر دەڵێت "ئەگەر نەشتەرگەری بکات، پێویستی بە چوار مانگ هایە بۆ ئەوەی چاکببێتەوە و بگەڕێتەوە یاریگەکان، بەڵام ئەو (پێدری) دەیەوێت بەشداری لە پاڵەوانێتی یۆرۆدا بکات، بۆیە پێموایە بژاردەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری رەتکردووەتەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا پێنالڤێر پێشنیازی ئەوە دەکات پێدری شوێنی یاریکردنی بگۆڕێت و دەڵێت "توانایەکی جەستەیی باشتر واتا یاریزانێکی باشتر. لەوانەیە پێدری پێویست نەکات ناوەڕاستکاری بۆکس-تو-بۆکس بێت، زۆر رابکات و بەرپرسیارێتی هێرشبردن و بەرگریکردن هەڵبگرێت، ئەو یەکێکە لەو ژمارە کەمەی یاریزانان کە خاوەنی بەهرەیەکی زۆرە، لە کاتێکدا زۆر یاریزانی دیکە هەن کە دەتوانن رابکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ