سەرۆکی یوفا بە تووندی هێرشدەکاتە سەر پێرێز و سوپەرلیگ

08-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جارێکی دیکە سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) رەخنەی تووند لە پرۆژەی سوپەرلیگ دەگرێت و دەڵێت "ئەوان خۆیان بە رزگارکەری تۆپی پێ ناودەبەن، بەڵام لە راستیدا گۆڕی بۆ لێدەدەن."
 
سوپەرلیگ لەلایەن چەند یانەیەکی ئەوروپییەوە وەک پڕۆژەیەک بۆ پێشخستنی تۆپی پێ و بەهێزکردنی رکابەریی یانەکانی ئەوروپا و زیادکردنی داهاتیان خرایە روو، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەتووندی لە دژی وەستایەوە.ساڵی رابردوو دادگای دادی ئەوروپا رایگەیاند کە یوفا و فیفا قۆرخکارییان لە بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێدا کردووە و کەیسەکەی لە بەرژەوەندی سوپەرلیگ یەکلاکردەوە.
 
ئالێکساندەر چێفرین، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا باس لە سەرکەوتنەکانی فێدراسیۆنەکەی دەکات و دەڵێت "لە ئاستی یانە و هەڵبژاردەکاندا ئێمە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە لە بەرزترین ئاستداین، ئێمە ئەم سەرکەوتنە دەگەڕێنینەوە بۆ مۆدێلە بێهاوتاکەمان، کە لەسەر بنەمای هاودەنگی، وەبەرهێنان، یەکێتی، شایستەیی وەرزشی، سەرکەوتن و دابەزین درووستبووە."
 
چێفرین رەخنە لە پرۆژەی سوپەرلیگ دەگرێت و دەڵێت "ئێستا هەندێک کەس دەیانەوێت پێ بنێنە سەر مێژووی 70 ساڵەمان، دەیانەوێت ئەم مۆدێلەی تۆپی پێی ئەوروپی بگۆڕن سەرەڕای ئەو سەرکەوتنەی بەدەستی هێناوە. ئەوان خۆیان بە رزگارکەری تۆپی پێ ناودەبەن، بەڵام لە راستیدا گۆڕی بۆ لێدەدەن. ئەوان خۆیان وەک قوربانی پێشاندەدەن، بەڵام لە راستیدا جگە لە چەند راوکەرێک هیچی دیکە نین و جیاوازی لە نێوان قۆرخکاری و یەکگرتوویی ناکەن."
 
چێفرین زیاتر دەڵێت "لە ئەوروپا تەنیا یەک یاسا هەیە کە هەژماردەکرێت، ئەویش یاسای بازاڕە. هەندێک کەس پێیان وایە هەموو شتێک دەتوانرێت بکڕدرێت و وادەزانن هەموو شتێک بۆ فرۆشتنە، ئەوە گۆشە نیگای خۆیانە بۆ ژیان، بەڵام هی ئێمە بەو شێوەیە نییە، ئەوە ئەو کۆمەڵگایە نییە کە دەمانەوێت بۆ منداڵەکانمانی جێبهێڵین، ئەوە ئەو ئەوروپایە نییە کە درووستکەرانی پێشبینیان دەکرد. ئەمڕۆ هەندێک کەس بە ناوی بازاڕی ئازادەوە دەیانەوێت دابەشمان بکەن، کە چاویان لەوەیە داهاتیان بەشێوازێکی بێسنوور زیادبکەن."
 
سەرۆکی فێدراسیۆن تۆپی پێی ئەوروپا زیاتر دەڵێت "هاندەرانی تۆپی پێ گەمژە نین، ئەوان دەزانن تۆپی پێ بۆ فرۆشتن نییە، تۆ ناتوانیت خەونەکان بکڕیت، ناتوانیت ئەو بەهایانە بکڕیت کە وا لە تۆپی پێ دەکەن یارییەکی بەهێز و شکۆمەندانە بێت، ناتوانیت مێژووی 70 ساڵەمان بکڕیت."
 
ئەم قسانەی سەرۆکی یوفا لە کاتێکدایە، کە بەپێی هەواڵەکان ئەو فێدراسیۆنە بڕیاریداوە داهاتی یانەکان لە چامپیۆنزلیگ زیادبکات و پێدەچێت ئەو بڕیارەی لەپێناو ئەوەدا بێت کە یانەکان لە بەشداریکردن و پشتگیریکردنی سوپەرلیگ دووربخاتەوە، چونکە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و خاوەنی بیرۆکەی سوپەرلیگ چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە کە پرۆژەی سوپەرلیگ "داهاتی یانەکان زیاد دەکات و لە قەیرانە ئابوورییەکان رزگاریان دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە