رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کرد کە پاسەوانی پێشووی دەیڤد و ڤیکتۆریا بێکهام، کە پێشتر لە هێزی دەریایی بووە، بەمردوویی دۆزرایەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دوای گەڕانێکی چڕوپڕی پۆلیس لە ئیسپانیا بەشێوەیەکی ناڕوون تەرمی ئەو پاسەوانەی بێکهام دۆزرایەوە.
سالی، دایکی کرایگ ئاینسوۆرس لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا هەواڵە دڵتەزێنەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی بانگەوازێکی بەپەلەی بۆ دۆزینەوەی زانیاری لەسەر کوڕە ونبووەکەی راگەیاندبوو.
ئەو دایکە بانگەوازێکی بەپەلەی کرد دوای ئەوەی ئاشکرابوو کە کرایگ تووشی نەخۆشی گوشاری دەروونی بووە و پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ماڵئاوایی لە هەمووان کردووە. دایکی کرایگ هەروەها رایگەیاند، پۆلیس لە ناوچەکانی ئەلیکانتێ و بارسێلۆنادا بەدوای کوڕەکەیدا گەڕاون.
سالی لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا، دەڵێت "تەرمی کرایگ دۆزراوەتەوە، بەدڵتەنگییەکی قوڵەوە جیهان کرایگی لەدەستداوە کە لە ئەفغانستان خزمەتێکی زۆری کردووە و تووشی نەخۆشی PTSD بووە".
هەروەها وێنەیەکی بەجلوبەرگی سەربازییەوە بڵاوکردەوە و پەیامێکی کاریگەرانەی لەسەر نووسیوە و دەڵێت "دەتبینمەوە کرایگ".
بەگوێرەی ئەو پەیامەی پێش مردنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، وەک میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، کرایگ دەڵێت "ماڵئاوا گەلە نایابەکەم. بۆ زۆربەتان ئەم هەواڵە وەک شۆکێک دەبێت، بەڵام لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە ئازارێکی بێئەندازەدا بووم لەو کاتەی قەدەخەی کۆرۆنا هەموو شتێکی لەناوبرد کە دروستم کردبوو، هەروەها چەند کەسێکی بەڕاستی نایابم لەدەستداوە کە شانازیم بەوەدەکرد بە هاوڕێ و هاوکارانم ناویان ببەم".
ئاماژەی بەوەشکردووە "تکایە تووڕە مەبن و دڵتەنگ مەبن، ئێستا ئازادم، بەهیچ شێوەیەک پرسەم ناوێت، جەستەم بسووتێنن و خۆڵەمێشەکە لە دەریادا بڵاوبکەنەوە".
کرایگ تەمەنی 40 ساڵ بوو کاتێک کۆچی دواییکرد. ئەو لە ساڵی 2013 تاوەکو 2015 بۆ خێزانی بێکهام کاری کردووە کاتێک لە ناوچەی هۆڵاند پارک لە لەندەن دەژیان.
پێشتریش دوای بڵاوبوونەوەی زنجیرەی "بێکهام" لە تۆڕی نێتفلێکس باسی ئەو دوو هاوژینەی کرد و گوتی "دەیڤید جادووگەر بوو، لەکاتێکدا ڤیکتۆریا هەمیشە پارێزگاری لە تایبەتمەندییەکانی دەکرد، کاتەکەی لەگەڵ منداڵەکانیدا بەسەردەبرد یان کاری دەکرد، منداڵەکانیان زۆر تایبەتن لە رەفتارەکانیاندا".
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئەوکاتە، کرایگ پێش ئەوەی پەیوەندی بەبنەماڵەی بێکهامەوە بکات، دەبوو رێککەوتنێکی خۆ ئاشکرانەکردن بۆ ماوەی 50 ساڵ واژۆ بکات.
جگە لە کاپتنی پێشووی ئینگلتەرا و هاوژینەکەی کە دیزاینەری جلوبەرگە، کرایگ پاسەوانی بۆ چەندین ئەستێرەی هۆلیوودیش کردووە، وەک جۆنی دیپ، جێنیفر لۆرانس و ئارنۆڵد شوارزنگەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ