یوفا بڕیارێکی گرنگ لەبارەی چامپیۆنزلیگەوە دەدات

08-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) بڕیارێکی گرنگ لەبارەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپاوە دەدات، وەک وەڵامێک بۆ پرۆژەی سوپەرلیگ. 
 
سوپەرلیگ لەلایەن چەند یانەیەکی ئەوروپییەوە وەک پڕۆژەیەک بۆ پێشخستنی تۆپی پێ و بەهێزکردنی رکابەریی یانەکانی ئەوروپا و زیادکردنی داهاتیان خرایە روو، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەتووندی لە دژی وەستایەوە.ساڵی رابردوو دادگای دادی ئەوروپا رایگەیاند کە یوفا و فیفا قۆرخکارییان لە بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێدا کردووە و کەیسەکەی لە بەرژەوەندی سوپەرلیگ یەکلاکردەوە.
 
بەپێی ماڵپەڕی کادینا کۆپی ئیسپانی، یەکێتتی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیاریداوە خەڵاتەکانی چامپیۆنزلیگ زیادبکات و پێدەچێت ئەو بڕیارەی لە پێناو ئەوەدابێت کە یانەکان لە بەشداریکردن و پشتگیریکردنی سوپەرلیگ دووربخاتەوە. 
 
بەپێی ماڵپەڕە ئیسپانییەکە بودجەی چامپیۆنزلیگ بڕی 500 ملیۆن یۆرۆی بۆ زیاددەکرێت و دەبێتە 4.8 ملیار یۆرۆ، هەروەها یوفا بڕیاریداوە بڕی 19 ملیۆن یۆرۆ بدات بە هەر یانەیەک کە بۆ ئەو خولە ئەوروپییە سەردەکەوێت و بەشداری تێدادەکات، کە پێشتر بڕی 15 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەو یانانە دانرابوو. 
 
لە هەمانکاتدا کۆپ دەڵێت، هەرچەندە بڕەکەی دیارینەکراوە، خەڵاتی یانەکان بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخەکانی دواتری چامپیۆنزلیگ زیادبوونێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، ئەو بڕە پارەیەی یانەکان لە کاتی بردنەوەی هەر یارییەکیش وەریدەگرن، بە هەمانشێوە زیاددەکرێت. 
 
ئەم هەوڵەی یوفا لە کاتێکدایە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و سەرپەرشتیاری سوپەرلیگ چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە کە پرۆژەی سوپەرلیگ "داهاتی یانەکان زیاد دەکات و لە قەیرانە ئابوورییەکان رزگاریان دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە