رووداو دیجیتاڵ
گەڕی چوارەمی یارییەکانی یۆرۆپالیگ، شەوێکی پڕ لە رکابەریی و یاریی بەهێزی نێوان یانەکان بەخۆوە دەبینێت. لازیۆی پێشەنگی پاڵەوانێتییەکە رووبەڕووی پۆرتۆ دەبێتەوە و تۆتێنهامی ئینگلیزی میوانی گاڵاتەسەرای تورکییە.
یارییەکانی گەڕەکە، لە دوو کاتی جیاوازدا بەڕێوەدەچن و چەندین رووبەڕووبوونەوەی گرنگ لە خۆ دەگرن.
ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی، کە یەکێکە لە تیپە باشەکانی پاڵەوانێتییەکە و دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی لە سێ یاریی رابردووی خۆیدا بەدەستهێناوە، میوانداریی سلاڤیا پراگی چیکی دەکات کە لە گەڕی پێشوودا بە ئاتلێتیک بیلباوی ئیسپانی دۆڕاوە.
رۆمای ئیتاڵی کە دۆخێکی شێواوی لەسەر ئاستی نێوخۆی ئیتاڵیا هەیە، دەبێتە میوانی سانت جیلوازی بەلجیکی کەتاوەکو ئێستا لە خولەکەدا تامی بردنەوەی نەکردووە.
ئاتلێتیک بیلباوی ئیسپانی، کە لە ریزبەندی حەوتەمی خولەکەیە هاوتای میتیلاند رووبەڕووی رازگرادی بولگاری دەبێتەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بردنەوەیەکی بەدەستنەهێناوە.
یارییەکە بۆ ئێرنێستۆ ڤاڵڤیردی راهێنەر و یاریزانەکانی گرنگە کە دەیانەوێت هەنگاوێکی دیکە لە مسۆگەرکردنی پەڕینەوەی راستەوخۆ بەرەو قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە بنێن.
تۆتێنهام و خاڵی ژمارە 12
یانەی تۆتێنهام هۆتسپێر، کە لە نێوخۆی پرێمەرلیگدا ئاستی وەک پێویست نییە و ئەنجامەکانی جێگەی رەزامەندیی هاندەرەکانی نییە، لە یۆرۆپالیگ بەئاستێکی تەواو جیاوازەوە دەرکەوتووە و سێ بردنەوەی بەسەریەکەوە بەدەستهێناوە.
تۆتێنهام کە پلەی دووەمی ریزبەندی پاڵەوانێتییەکەی گرتووە و تەنیا بەجیاوازیی گۆڵ لە دوای لازیۆی پێشەنگە، ئەمشەو دەبێتە میوانی گاڵاتەسەرای تورکی کە لە نێو یاریگەی خۆیدا لە دوو یاریی، دوو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە کۆی گشتیی پاڵەوانێتییەکەش دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە.
تۆتێنهام بەورەیەکی بەرزەوە روو لە یارییەکە دەکات، پاشئەوەی لە پرێمەرلیگ بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئاستۆن ڤێلای بردەوە و بۆ پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکە هەڵکشا.
ڤان نیستەلڕۆی و جێپەنجەیەکی دیکە
مانچێستەر یونایتد، کە چاوەڕێی دەستبەکاربوونی رۆبین ئامۆریمی راهێنەری نوێی دەکات، ئەمشەو یارییەکی دیکە لەژێر سەرپەرشتی ڤان نیستەلرۆی راهێنەری کاتییدا ئەنجامدەدات.
نیستەلڕۆی کە لە کاراباو کەپ لە لێستەر سیتی بردووەتەوە و لە پرێمەرلیگیش لەگەڵ چێڵسی یەکسانبووە، دەیەوێت بەیادەوەرییەکی باشەوە، ئەرکە کاتییەکەی کۆتایی پێبهێنێت.
پاوک سالۆنیکای یۆنانی، بەئاستێکی خراپەوە لە پاڵەوانێتییەکەدا دەرکەوتووە و لە کۆی سێ یاریی، تەنیا یەک یەکسانبوونی بەدەستهێناوە و یەکێکە لەو یانانەی لە ناوچەی ماڵئاوایی راستەوخۆدان لە پاڵەوانێتییەکەی ئەمساڵ.
لازیۆ و گەڕان بەدوای پێشەنگدا
لازیۆی ئیتاڵی، کە وەک سوپرایز پێشەنگی پاڵەوانێتییەکەی گرتووە، دەیەوێت لەسەر هەمان ریتمی خۆی بەردەوام بێت و چوارەم بردنەوەی لەسەریەک تۆمار بکات.
لازیۆ کە لە ئیتاڵیاش ئاستی جێگەی سەرنجە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە، ئەمجارە رووبەڕووی پۆرتۆی پۆرتوگالی دەبێتەوە کە بەدوای دووەم بردنەوەی خۆی لە پاڵەوانێتییەکە دەگەڕێت.
لازیۆ پشتقایمە بەیارییکردن لە نێو یاریگەی خۆی و بەرامبەر هاندەرەکانی، چونکە لە دوایین پێنج یاریی خۆیدا لەسەر یاریگەی خۆی، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و گەیشتووەتە زنجیرەی 13 یاریی لەسەریەک بەبێ دۆڕان، لە نێویاندا 11 بردنەوە.
لە کاتێکدا پۆرتۆ کە لە پلەی شانزەی ریزبەندی پاڵەوانێتییەکەیە، دەیەوێت لە هەنگاونان بەرەو خانەکانی پێشەوەی ریزبەندییەکە بەردەوام بێت، پاشئەوەی لە گەڕی پێشوودا، یەکەم سەرکەوتنی لە وەرزی ئەمساڵ بەدەستهێنا بەرامبەر هۆفێنهایمی ئەڵمانی.
لای خۆیەوە، جۆزێ مۆرینیۆ، پاش سەرکەوتنی دراماتیکیی تیپەکەی لە خولی تورکیا بەرامبەر بۆرسا سپۆر و لێدوانە ئاگرینەکانی لە دژی خولی وڵاتەکە، رووبەڕووی ئەی زێد ئالکماری هۆڵەندی دەبێتەوە.
خشتەی سەرجەم یارییەکانی ئەمشەوی یۆرۆلیگ
ئینتراخت فرانکفۆرت - سلاڤیا پراگ 20:45
ئۆڵیمپیاکۆس - گلاسکۆ رینجێرز 20:45
سانت جیلواز - رۆما 20:45
رازگراد - ئاتلێتیک بیلباو 20:45
گاڵاتەسەرای - تۆتێنهام 20:45
بۆدۆ گلیمێنت - کارباخ ئەگدام 20:45
ئیلفسبۆرگ - سپۆرتینگ پراگا 20:45
ستیوا بوخارێست - میتیلاند 20:45
نیس - تڤینتی ئانشخیدە 20:45
مانچێستەر یونایتد - پاوک سالۆنیکا 23:00
لازیۆ - پۆرتۆ 23:00
ئەیاکس ئەمستردام - ماکابی تەلئەڤیڤ 23:00
ئەلکمار - فەنەربەهچە 23:00
دینامۆکیێڤ - فرینکفارۆزی 23:00
ڤیکتۆریا پڵزن - ریال سۆسیێداد 23:00
ڤیکتۆریا پڵزن - ریال سۆسیێداد 23:00
هۆفێنهایم - لیۆن 23:00
ریگاس سکۆلا - ئاندەرلەخت 23:00
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ