ئەمشەو یۆرۆپالیگە و ئەستێرەیەکی کورد دەردەکەوێت

06-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یۆرۆپالیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یارییەکانی چوونی قۆناخی شازدەی یۆرۆپالیگ بەڕێوەدەچن، لە یەکێک لە بەهێزترین یارییەکاندا، یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ریال سۆسیدادی ئیسپانی یاری دەکات.
 
یارییەکە لە ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، مانچێستەر یونایتد لە دۆخێکی خراپدایە و دەیەوێت بە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بگەڕێتەوە سەر رێگەی دروست و هەنگاوێک بەرەو قۆناخی داهاتوو ببڕێت، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە.
 
مانچێستەر یونایتد لە دوایین چوار یارییدا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە، لە پرێمەرلیگدا لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا مانوێل ئوگارتی و هاری ماگوایەر، بەشدارییان نەکردووە و ئەمشەو یاریی ناکەن.
 
یانەی ریال سۆسیدادی خاوەن یاریگە، دوای دۆڕانیان لە یاریی رابردووی لالیگادا بەرامبەر بارسێلۆنا، دەیەوێت بەهێزەوە بگەڕێتەوە و بۆ ئەوەش سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت.
 
بۆ یارییەکەی ئەمشەو بەشی زۆری یاریزانە پێکراوەکانی ریال سۆسیداد دەگەڕێنەوە و ئەو یاریزانانەشی بەرامبەر بارسێلۆنا یارییان نەکرد ئامادەن، لەپێش هەمووانە تاکیفوسا کوبۆی ژاپۆنی.
 
هەردوو یانە شەش یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، مانچێستەر یونایتد 3 یاریی بردووەتەوە، لە 2 یارییدا یەکسانبوون و ریال سۆسیداد تەنیا یەک بردنەوەی هەیە، جگە لەوەش مان یونایتد شەش گۆڵی بەرامبەر ئەو یانەیە کردووە و ریال سۆسیداد تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە.
 
لە یارییەکی دیکەی سەرنجڕاکێشدا، یانەی رۆمای ئیتاڵی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ئاتلێتیک بیلباو یاری دەکات و چاوەڕواندەکرێت ئەم یارییەش رکابەرییەکی بەهێزی تێدابێت.
 
ئەوەی بۆ هاندەرانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی کوردستان گرنگە، دەرکەوتنی ئەستێرەیەکی کوردە لە یۆرۆپالیگدا، مێرخاس دۆسکی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی، لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی یۆرۆپالیگدا لەنێو یاریگە و هاندەرانیان بەرامبەر یانەی لازیۆی ئیتاڵی یاری دەکەن.

مێرخاس دۆسکی
 
یارییەکی دیکەی ئەمشەوی یۆرۆپالیگ، لەنێوان هەردوو یانەی فێنارباخچەی تورکی و گلاسکۆ رێنجەرزی سکۆتلاندی دەبێت و یارییەکە لە تورکیا بەڕێوەدەچێت.
 
یارییەکانی ئەمشەوی یۆرۆپالیگ
 
ئەلکمار - تۆتێنهام 20:45
ریال سۆسیداد - مانچێستەر یونایتد 20:45
ستیوا بوخارست - لیۆن 20:45
فێنارباخچە - گلاسکۆ رێنجەرز 20:45
رۆما - ئاتلێتیک بیلباو 23:00
ئایاکس - ئینتراخت فرانکفۆرت 23:00
بودۆ گلیمت - ئۆڵیمپیاکۆس 23:00
ڤیکتۆریا پڵزن - لازیۆ 23:00
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە