وردەکاریی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ

07-07-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو - هەولێر

رۆژی هەینی داهاتوو 10/7/2020 لە شاری نیونی سویسری تیروپشکی قۆناخی هەشت و پێش کۆتایی و یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا رادەکێشرێت.

تاوەکو ئێستا 4 یانە بەفەرمی گەیشتوونەتە قۆناخی هەشت و 4 یاری گەڕانەوەش لە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە ماون بۆ ئەوەی ناسنامەی 4 یانەی دیکەی قۆناخی هەشت دیاری بکرێت. 

ئەو یانانەی بلیتی قۆناخی هەشتیان وەرگرتووە، بریتین لە هەریەک لە ئاتالانتای ئیتاڵی، ئاتلێتکۆ مەدریدی ئیسپانی، لایپزیگی ئەڵمانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.

ئەو 4 یارییەی ماویشن بریتین لە یارییەکانی بایرن میونشن و چێڵسی، بارسێلۆنا و ناپۆلی، مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید و هەروەها یوڤێنتوس و لیۆن.

رۆژی هەینی تیروپشک بۆ قۆناخەکانی 8 و 4 و یاری کۆتایی دەکڕێت و ئەگەری ئەوە هەیە لە قۆناخی 8دا دوو تیپی هەمان وڵات رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.

بڕیارە یارییەکانی قۆناخەکانی 8 و 4 و یاری کۆتایی لە مانگی ئابدا لەسەر شێوازی خولێکی بچووک لە لیسبۆنەی پایتەختی پورتۆگال ئەنجام بدرێن، کە هەموو یارییەکانی یەکلاکەرەوە دەبن و دۆڕاو دەردەکرێت.

یارییەکان لەسەر هەردوو یاریگەی سپۆرتینگ لیسبۆنە و بێنفیکا بەڕێوەدەچن و یاری کۆتایی لەسەر یاریگەی ئەمەی دوایی ئەنجام دەدرێت.

ئەو یارییانەی لە قۆناخی 16ـدا ماون، رۆژانی 7 و 8ـی ئاب بەڕێوەدەچن، لە کاتێکدا یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی لە رۆژانی 18 و 19ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچن، یاری کۆتاییش رۆژی 23ـی هەمان مانگ ئەنجام دەدرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە