هەڵوێستی فەرمی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەبارەی دروستکردنی رێڕەوی رێزلێنان بۆ ریال مەدرید

07-05-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رێڕەوی رێزلێنان
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید هەڵوێستی یانەکەی لەبارەی دروستکردنی رێڕەوی رێزلێنان بۆ یانەی ریال مەدرید ئاشکرا کرد.
 
رۆژی یەکشەممە لە یاریی دێربیی مەدریددا، هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەفتەی رابردوو ریال مەدرید بەرامبەر ئیسپانیۆل نازناوی لالیگا یەکلاکردەوە، پرسی دروستکردنی رێڕەوی رێزلێنان بۆ یانەی شاهانە میدیای ئیسپانیای بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
 
دیێگۆ سیمیۆنی و یاریزانانی ئاتلێتیکۆ مەدرید ئامادەنین رێڕەوەکە بۆ یاریزانانی ریال مەدرید دروستبکەن.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە، سیمیۆنی گوتی " رکابەرییەکە زۆر بەهێزە، هێشتا ئەو هێزە دەبینین کە هەیانە، هەمیشە رووبەڕووبوونەوەی یانەی وەک ریال مەدرید دەبیتەوە سەرسوڕهێنەرە، لەکاتێکدا بووەتە پاڵەوان."
 
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەبارەی دروستکردنی رێڕەوی رێزلێنان بۆ یانەی ریال مەدرید سیمیۆنی گوتی " زۆر رێزیان دەگرین، ئێستا ئەوان پاڵەوانن، بەڵام رێز لە هاندەران و گەلی خۆمان دەگرین کە زیاتر ئەوان لەگەڵ ئێمەدان."
 
دیێگۆ لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت " دروستکردنی رێڕەوی رێزلێنان کلتووری ئیسپانییەکانە، من ئەرجەنتینیم و ئەمە لە کلتووری ئێمەدا نییە."
 
بەر لە یارییەکەی رۆژی یەکشەممە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 61 خاڵ و سێ خاڵ لە سێڤییا سێیەم و پێنج خاڵیش لە بارسێلۆنای دووەمەوە دوورە، ریال مەدرید 81 خاڵی هەیە و نازناوی خولەکەی یەکلاکردووەتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە