وردەکاریی گرێبەستەکەی کۆتینیۆ لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا

07-01-2022
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 
رووداو دیجتاڵ 

یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی بەفەرمی گواستنەوەی فیلیپ کۆتینیۆی یاریزانی بەرازیلی بە خواستن راگەیاند.
 
لە راگەیێندراوێکدا یانەی ئاستۆن ڤێلادا هاتووە: لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا گەیشتینە رێککەوتن لەسەر گواستنەوەی فیلیپ کۆتینیۆ بۆ ریزەکانی یانەکەمان بۆ ماوەی شەش مانگ و تا کۆتایی ئەم وەرزە.
 
بەپێی راگەیێندراوی یانەکەی ئینگلتەرا بێت: کۆتینیۆ لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوو گەشتی شاری بێرمینگهام دەکات بۆ ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان.
 
میدیاکانی کەتەلۆنیا سەبارەت بە گواستنەوەی کۆتینیۆ چەند زانیارییەکیان بڵاوکردووەتەوە کە ئاماژە بەوە دەدەن، بەشی زۆری مووچەکەی کۆتینیۆ لەلایەن یانەی ئاستۆن ڤێلاوە دەدرێت، بەمەش بارسا لە مووچە زۆرەکەی ئەو یاریزانە رزگاری دەبێت و دەتوانێت یاریزانی نوێ زیادبکات.
 
راگەیێندراوی یانەی ئاستۆن ڤێلا ئاماژەی بەوەشکردووە کە یانەکەیان بژاردەی ئەوەشی لەبەردەستە کە لە کۆتایی وەرزەکە کۆتینیۆ بکڕنەوە، بەڵام مەرجی کڕینەوەکەی هێشتا ئاشکرانەکراوە.
 
کۆتینیۆ تەمەنی 29 ساڵە، لە ژیانی وەرزشیدا درێسی شەش یانەی تاقیکردووەتەوە و ئاستۆن ڤێلا دەبێتە حەوتەم، لە کاروانەکەیدا 451 یاری ئەنجامداوە و 106 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیلدا خاوەنی 63 یاریی نێودەوڵەتی و 18 گۆڵە بە درێسی سامباوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە