5 ئەندامی راگەیاندنی یانەی هەولێر وازدەهێنن

06-10-2022
رووداو وەرزشی
A+ A-


رووداو هەولێر 

لە چەند رۆژی رابردوودا پێنج ئەندامی نووسینگەی راگەیاندنی یانەی هەولێر دەستیانلەکارکێشایەوە بەهۆکاری پێنەدانی مووچەی مانگەنەیان.

 
هەریەک لە هەردی مالیک نووسەر، هۆگر تاهیر دیزاینەر لەگەڵ هەرسێ فۆتۆگرافەر سەبوور رەشید، سانی ناسیح و مەحموود یاسین ئەو پێنج کەسەن وازهێنانی خۆیان لە یانەی هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە. 

هەردی مالیک، نووسەر و رۆژنامەڤان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە " لە بابەتی خزمەت و یانەی هەولێر، کەس لە خۆم بە دڵسۆزتر نازانم، بەڵام لەبەر چەندان نادادپەروەری لە دابەشکردنی مووچەی کارمەندانی یانەی هەولێر و پێنەدانی مووچەکانی بەشی راگەیاندن لە کاتی خۆی، وەک نووسەر و راگەیاندنکاری یانەی وەرزشی هەولێر، دەستم لەکار کێشایەوە".

ئەم پێنج ئەندامە بەهۆکاری دواکەوتنی مووچەکانیان و جێبەجێنەکردنی داواکارییان وازیان هێناوە. 



مالیک زیاتر دەڵێت " سوێند بە خوا، لەبەر ناوی هەولێر زۆریش ئاراممان گرت، بەڵام نە گوێیان لێگرتین، نە هیچیان بۆ کردین، جوانترین بەرنامەشمان بۆ وەرزی نوێ دانابوو، بەڵام دەستەی کارگێڕی نەیانویست و فشەیان پێهات".

بەپێی نوسراوێک کە دەست دیسکی وەرزشی رووداو کەوتووە لە مانگی 6ی ئەمساڵ بەنوسراوێکی فەرمی ئەم راگەیاندکارانە ویستوویانە وازبهێنن، بەڵام دواتر دەستەی کارگێری یانەکە بەڵێنیداوە گوێیان لێبگرن و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن.

سەرچاوەیەک لەنێو یانەی وەرزشی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێمە یەکەمجار لە مانگی 6 لەگەڵ بەشی راگەیاندنی خۆمان کۆبوونەوەمان کرد و بەشێکی زۆری داواکارییەکانمان بۆ جێبەجێکردن و گرینگترینیان زیادکردنی مووچەکانیان بوو، ئەوەی جێگەی نیگەرانیمانە بەر لەوەی دەستەلەکارکێشانەوەی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبکەنەوە هاتن قسەمان لەگەڵ بکەن، بەڵام میوانێکی زۆرمان هەبوو پێمان گوتن ئارامێک بگرن راگەیاندکارەکانیش نەوەستان و وازهێنانی خۆیان راگەیاند".

یانەی هەولێر مانگی 9 بڕی 200 ملیۆنی دایە ئەیوب ئەدیشۆی راهێنەر دوای ئەوەی راهێنەری ناوبراو سکاڵای لەسەر یانەکە تۆمارکردبوو، بەهۆی ئەو سکاڵایەوە یەکێتی تۆپی پێی عێراق یانەکەی ئاگادارگردەوە گەر قەرزەکە نەدەنەوە مافی بەشداریکردنیان لە خولی نایابی عێراق نابێت.

ئەو بەرپرسەی یانەی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد "مانگی رابردوو بارودۆخی دارایی و کاری یانەکەیان تێکچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینی بەهۆی کێشەی دانەوەی قەرزی راهێنەر ئەیوب ئەدیشۆ، ئەو راگەیاندکارانەش کە بەو شێوەیە رۆشتن و داوای دەستلەکارکێشانەوەیان کرد ئێمە قبوڵمان کرد". 

یانەی هەولێر لە 1968 دامەزراوە و خاوەن چوار نازناوی خولی نایابی عێراق و 3 نازناوی خولی نایابی کوردستانە. وەرزی ئەمساڵ لە خولی نایابی عیراق یاریدەکات، بەڵام تیپی دووەمیان لە خولی پلەیەکی کوردستان بەشداردەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە