دیکۆ باسی گەڕانەوەی نەیمار دەکات

06-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا نەیمار دا سێلڤا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی داوەتەوە کە باس لە گەڕانەوەی نەیمار داسێلڤا بۆ یانەی بارسێلۆنا دەکەن و دەڵێ بابەتەکە چەندین دیوی جیاوازی هەیە.
 
لە رۆژانی رابردوودا، دەنگۆکانی هەوڵدانی نەیمار بۆ گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا بەگەرمی لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە. سەرچاوەکان دەڵێن نەیمار هەوڵی زۆر دەدات بگەڕێتەوە بارسا، پاشئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ سانتۆسی بەرازیلی کۆتایی دێت لە هاوینی داهاتوودا.
 
دیکۆ لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا لەبارەی ئەو پرسەوە دەڵێ، "پێموانییە بابەتەکە تەنیا لایەنی ئابووری بێت، من خۆم زۆر بەنەیمار سەرسامم، بەڵام هیچ پلانێکی روونمان بۆ گواستنەوەکانی هاوینی داهاتوو نییە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "زۆر هۆکار هەن، نەیمار یاریزانێکی ناوازەیە، بەڵام بونیادنانی تیپێکی تۆپی پێ، پێویستی بەپلانێکی زۆر باش هەیە".
 
نەیمار لە ماوەی رابردوودا گەڕایەوە یانەی سانتۆس، پاشئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هیلال هەڵوەشاندەوە، لە کاتێکدا نەیتوانی جێپەنجەی خۆی لەو یانەیە بەجێبهێڵێت.
 
نەیمار پێشتر لە 2013 تاوەکو 2017 یاریی بۆ بارسێلۆنا کردووە و چەندین نازناوی بەدەستهێناوە، لەنێویاندا چامپیۆنزلیگی 2015.
 
نەیمار هاوینی 2017 بەرامبەر بە 222 ملیۆن یۆرۆ لە بارسێلۆناوە روویکردە پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە