رووداو دیجیتاڵ
فێرمین لوپێز مارین یەکەم گۆڵی لە کاروانی پیشەگەرییانەی خۆی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا تۆمارکرد، کاتێک لە یاریی دوێنێ شەوی بارسا بەرامبەر ریال مایۆرکا بەشدارییکرد و هۆکاربوو بۆ گەڕانەوەی تیپەکەی بەخاڵێکەوە لە یارییەکەدا.
لوپێز مارین لە تەمەنی 20 ساڵیدا سەرکەوتوو بوو لە دووپاتکردنەوەی لێهاتوویی خۆی بەمتمانەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکە کە متمانەی لە یارییەکی قورسدا بەو لاوە ئیسپانییە بەخشی.
تا ساتی هاتنە ناوەوەی لوپێز مارین، بارسێلۆنا لە ئەنجامدا لە دواوە بوو، بەڵام ئەو بووە جێگەی متمانەی هەمووان و بەباشترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو هەلەدا کرد کە لامین یامال بۆی رەخساند و گۆڵی تۆمارکرد و بەوەش بارسا خۆی لە یەکەم شکست لە وەرزی ئەمساڵدا پاراست.
ئەو یاریزانە لاوە کە ساڵی 2016 بووەتە یاریزانی بارسێلۆنا، پاشئەوەی لە تەمەنی 13 ساڵیدا لە یانەی کاپیلۆی ناوچەی هۆیلڤاوە پەیوەندی بە بارساوە کرد و بووە یەکێک لە یاریزانەکانی ئەکادیمیای لاماسیا، لە هاوینی ئەمساڵدا نزیکبوو لە بەجێهێشتنی یانەکە، بەڵام چاڤی هێرناندێز رێگربوو لە رۆیشتنەکە و متمانەی پێدا.
هاوینی ئەمساڵ تاکەجارنەبوو کە لوپێز نزیکبوو لە چوونە دەرەوە لە یانەکە، بەڵکو ئەو پێشتر چەندینجار خەریکبوو یانەکە بەجێبهێڵیت، پاشئەوەی راهێنەرانی ئەکادیمیای لاماسیا، پێیانوابوو ئەو توانای دروستکردنی کاروانێکی سەرکەوتووی لە ژیانی خۆیدا نییە، بەڵام کاتێک لە هاوینی ئەمساڵدا، بارسێلۆنا یەکەم گرێبەستی پیشەگەریی لەگەڵداکرد، ئەو بەباشترین شێوە کاریکرد و هەلەکەی قۆستەوە.
هەر ئەو بۆچوونەی کە راهێنەرانی لاماسیا لەسەر ئەو یاریزانە هەیانبوو، وایکرد بەشێوەی خواستن روو لە یانەی لیناریس بکات بۆ ماوەی ساڵێک و لەوێ بەشداریی لە 40 یارییدا کرد و 12 گۆڵی تۆمارکرد و 4 ئەسیستی هەبوو، ئەو بووە یەکێک لە باشترین یاریزانانی وەرزەکە لە یانەکەیدا و بەهۆیەوە متمانەی چاڤی بەدەستهێنا، کە داوای گەڕاندنەوەی ئەو یاریزانەی بۆ بلوگرانا کرد.
کاتێک بارسێلۆنا ئامادەسازییەکانی بۆ وەرزی ئەمساڵ دەستپێکرد، لوپێز مارین لەلایەن چاڤییەوە بانگهێشتی مەشقە ئامادەسازییەکانی تیپی یەکەم کرا و دوای هەفتەیەک لە مەشقکردن لەگەڵ یاریزانانی سەرەکیی تیپەکەدا، ئەو یەکێکبوو لەو یاریزانانەی بۆ گەشتی ئەمریکا لەگەڵ تیپەکەدا بوو و چاڤی لەوێ گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ئەو یاریزانە توانای بەرزی هەیە کە هاوکاری دەبێت بۆ ئەوەی لە لیستی تیپی یەکەمی یانەکەدا بێت، بۆ ئەنجامدانی یاریی بەهێز.
ئەوەی بووە هەلێکی دیکە بۆ ئەو یاریزانە لاوە لە گەشتەکەی ئەمریکادا، درەنگ گەڕانەوەی هەندێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی تیپەکە بوو لە پشووی هاوینە و ئەوە هەلی ئەوەیدایە دەستی ئەو یاریزانە تاوەکو متمانەی زیاتری راهێنەرەکەی بەدەست بهێنێت.
میدیای کەتەلۆنیا بەگەشبینییەوە لە یەکەم دەرکەوتنی ئەو یاریزانە بەدرێسی تیپی یەکەمەوە دەبینن، بەتایبەت کە زۆریی و لەسەریەکیی یارییەکان، چاڤی هێرناندێز ناچاردەکات گۆڕانکاریی زۆر لە پێکهاتەکەیدا بکات و بەوەش ئەو یاریزانە، یەکێک دەبێت لە یەدەگە بەردەست و کاریگەرەکان لە پێکهاتەکەی بارسێلۆنادا و دەکرێ لە وەرزەکانی داهاتووشدا، هەلی زیاتری دەرکەوتن و درەوشانەوەی پێبدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ