گاڵتەجاڕییەکانی یانەی هەولێر راگرن

06-02-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەوەی روودەدات مایەی شەرمەزارییە، ئەوەی دەیبینم مایەی بەزەیی پێداهاتنەوەیە، ئەوەی ئێوە پێشكێشی دەکەن وەرزشێکی پاک نییە، نازانم ئێوە چی دەکەن؟ 
 
ئێوە چۆن دەتوانن ئارام بنوون و حاڵی یانەکەتان بەم شێوەیەیە؟ چۆن دەتوانن سەیری هاندەران، سەیری خۆتان و یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری بکەن؟ 
 
ئەوەی ئێستا یانەی هەولێری تێدایە دۆخی لەناکاوە، نازانم پێبکەنم یان بگریم؟ من واخەریکی نووسینی ئەم بابەتەم و هێشتا نیوەی یەکەمی یارییەکەی هەولێر و سناعە تەواو نەبووە دەزانن ئەنجامەکە چەند بەچەندە؟ 3-0 بۆ سناعە! 
 
ئەمە بەحساب کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە کراوە بۆ بەخشینەوەی متمانە بە غازی فەهدی راهێنەر، جا کۆبوونەوەتان نەکردایە دۆخەکە چۆن دەبوو؟ نازانم بڵێم چی، بۆنی خراپ لەو بابەتە دێت، بۆنی خیانەتی براکان دەکەم. 
 
ئاخر کە ئێوە لە نێو دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر تەبانەبن، ئاخر کە ئێوە پاڵپشتی یەکدی نەبن، هاندەران چاوەڕێی چ ئەنجامێکتان لێبکەن، ئیستا ئیدی کاتی ئەوەیە دادگایی بکرێن، کاتی ئەوەیە هاندەران دادگاییتان بکەن لەسەر دۆخی یانەکە، نە لە تۆپی دەست پارێزگاریتان لە نازناوی ئافرەتان کرد، نە لە تۆپی بالە ئەنجامێكی دڵخۆشکەرتان هەبوو، لە خولی نایابی کوردستان دابەزین، ئەمەش حاڵی تۆپی پێیەکەتانە لە خولی نایابی عێراق.
 
دکتۆر وەلیدی بەڕێز، سەرەتا زۆر پاڵپشتیم کردی، تا ئێستاش پاڵپشتیت دەکەم، بەڵام قسەیەکی برایانەت پێبڵێم، ئەگەر منبم لە جێگەی تۆ ئێستا واز لە کارەکەم دەهێنم و ئەستۆی خۆم پاکدەکەمەوە با سپی و رەش دەربکەوێ، من دڵنیام لە دڵسۆزی تۆ، بەڵام بەڕاستی متمانە بەخشینەوە بە غازی فەهد ئەوپەڕی مجامەلەی هاوڕێکانت و سۆشیال میدیای هاندەران بوو، بەڕاستی کۆنتڕۆڵ نەکردنی دەستەی کارگێڕیی یانەکەت بەخراپە لەسەرت دەشکێتەوە.
 
پێشتر هەولێر خراپ بووە، یاری زۆر دۆڕاوە، بەڵام نەک دوای خەرجکردنی نزیکەی دوو ملیار دینار و دۆڕان بەکێش؟ بە سناعە و کەرخ و ئەم ناوانەی کە پێشتر لە ئاست هەولێردا ژمارە نەبوون. 
 
ئێمە دڵخۆشبووین کە ستافی پێشووی یانەکە دووخرانەوە یانیش لە کارخران، بەڵام بەڕاستی ئێستا بەم ئاستەی یانەکەتان هیچ دڵخۆشنین، بەم دۆخەی لە یانەکە خوڵقاندووتانە هیچ گەشبین نین، بەم مەهزەلەی ئەنجامە خراپانە و ئیدارانە بێسەروبەرییە ئاسوودەنین، من بم لە جێگەی ئێوە هەڵوێستم دەبێت، جارجارە لەملاو لەولا دەنگێکی ناڕازی لەنێو کارگێڕیی یانەکە دروستدەبێت و دواتر کپدەبێت، نازانم ئەگەر کێشەیەکی گەورەتان هەیە بۆ پێمان ناڵێن؟ بۆ ئاشکرای ناکەن، ئێ کەواتە حەلی بکەن! 
 
یاریزان دەهێنن بەپارەی زۆر، یاریزانی پیشەگەری بێ کوالێتی، ئەستێرەی کوژاوە، بێ ئەزموونیی راهێنەر و چەندان بابەتی تەکتیکی کە پیاو نازانێت بۆ کێی باس بکات، هیوادارم پەیامەکە روون بێت، بەسە ئیدی کاتی ئەوەیە خۆتان بگۆڕن، ئەگەر نا هاندەران رەحمتان پێناکەن.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە