رووداو دیجیتاڵ
جامی کەنداوی 25 کاتێک دەستپێدەکات، ئاهەنگێکی سەرنجڕاکێشی بۆ رێکدەخرێت و هەزاران هاندەر و دەیان بەرپرس لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە ئامادەی ئاهەنگی کردنەوەی دەبن.
ئەو کۆمپانیایەی ئاهەنگەکانی بەر لە ئەنجامدانی یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەری رێکخست، بۆ جامی کەنداویش کاریکردووە و سەرپەرشتی ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
سیروان نەجمەدین، سەرۆکی لیژنەی پێشبڕکێکانی جامی کەنداوی 25 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " ئامادەکارییەکی زۆرباش کراوە و پێشبینی شتێکی زۆرباش دەکەین، ئامادەکارییەکی زۆر زۆر کراوە، تەنیا لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا نزیکەی 5 هەزار بەشداردەبن، ئەمە ئاسان نییە، سێ کۆمپانیای تایبەتمەند بە رێکخستنی ئاهەنگەکان سەرپەرشتی دەکەن کە هەمان کاریان بۆ یارییەکانی مۆندیالیش کردووە."
لەبارەی بەکارهێنانی سیستمی ڤار و ئامادەیی سیستمەکە بۆ پاڵەوانێتییەکە سیروان نەجمەدین دەڵێت " سەد لە سەد ئامادەییە، پێش چوار لە هەردوو یاریگەکە تێستی کراوە، لە یاریگەی مینا کێشەیەکی بچووکی لەرووی رووناکییەوە هەبوو، بەڵام کۆمپانیاییەکی تورکی هات و کێشەکەی چارەسەکرد و سیستمەکە بەتەواوی ئامادەیە و کێشەی نییە، هەندێک ناوبژیوان تایبەت بە ڤاریش هاتوون کە تەنیا کار لەسەر ئەو سیستمە دەکەن و دوو ناوبژیوانی عێراقیشی لەگەڵە و هەموو شتەکان بە تەواوی ئامادەیە."
یارییەکانی جامی کەنداوی 25 ئەمڕۆ لە بەسرە دەستپێدەکەن، لە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا هەڵبژاردەی عێراق لەبەردەم 60 هەزار هاندەردا لە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بەرامبەر عومان یارییدەکات و یارییەکە کاژێر 19:00 راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس و رووداوی عەرەبی لە فەیسبووک بە دەنگی هەردوو کۆمێنتار عەبدولسەمەد خۆشناو و لاوین هابیل دەگوازرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ