رووداو دیجیتال
یەکێتیی بالەی عێراق، بڕیاریدا رۆژی سێشەممەی داهاتوو یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی بالەی یانە نایابەکانی عێراق لە شاری بەغدا بەڕێوەبچن.
لەم قۆناخەدا هەریەک لە یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی، بەحری، غازی باشوور، جەیش لەگەڵ شورتە لە خولێکدا بە یەک قۆناخ رکابەرییەکی بەهێزی بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمساڵ دەکەن.
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی خاوەن دوو نازناوی خولەکە تاکە نوێنەری هەرێمی کوردستانە لە خولەکەدا، تیپەکە لە وەرزی ئەمساڵدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و لە پێشەنگی ریزبەندییە، هەر بۆیە یانەکە دەیەوێت نازناوی سێیەمیش بباتەوە.
وەلید عارەب، یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان بەشێوەیەکی زۆر باش راهێنانەکانی ئەنجامداوە و ورەمان بەرزە بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکە، هیچ کەموکوڕییەکمان نییە و متمانەمان بە خۆمان هەیە".
یانەی بەحری تاکە یانەیە لە مێژووی بالەی عێراقدا، پلەی پێنجەمی پاڵەوانێتی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای بردووەتەوە، کە وەرزی ئەمساڵ بە پشتبەستن بەژمارەیەک ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق تیپەکە ململانێیەکی بەهێز دەکات.
ئەیمەن حوسێن، یاریزانی یانەی بەحری بۆ رووداو گوتی "تیپەکەمان تۆکمەیە و ئەزموونێکی زۆرمان لە یاری بەهێزدا هەیە، هەموو هیوایەکمان بەدەستهێنانی یەکێک لە بلیتەکانی گەیشتن بە پاڵەوانێتی یانەکانی ئاسیایە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ