خانمانی بارسێلۆنا رکابەری پیاوانی ریال مەدریدن لەسەر خەڵاتێکی جیهانی

05-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خەڵاتی لۆریۆس یانەی ریال مەدرید یانەی بارسێلۆنا چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەریەکە لە یانەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا، هەروەها چەندین ئەستێرەی بەناوبانگی جیهانی، بەربژێرن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکانی جیهانیی لۆریۆس.
 
خەڵاتی وەرزشیی جیهانیی لۆریۆس، خەڵاتێکی ساڵانەیە و لە 1999ەوە دەدرێتە ئەو وەرزشڤانانەی لە ساڵەکەدا باشترین دەستکەوتیان هەبووە.
 
سەرپەرشتیارانی خەڵاتەکە، لیستی کورتکراوەی بەربژێرانی خەڵاتە جیاوازەکانیان ئاشکراکردووە و هەردوو یانە زەبەلاح و رکابەرەکەی ئیسپانیا، لە ململانێدان بۆ بردنەوەی خەڵاتەکان.
 
ریال مەدرید و بارسێلۆنا، بەربژێرن بۆ خەڵاتی باشترین دامەزراوەی وەرزشی لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵەکەدا.
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیای براوەی نازناوی یۆرۆی رابردوو، تیپی پیاوانی ریال مەدریدی براوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو و تیپی خانمانی بارسێلۆنای براوەی چامپیۆنزلیگی ئافرەتان، بەربژێرن بۆ خەڵاتی باشترین دامەزراوەی وەرزشیی ساڵ.
 
هەروەها هەڵبژاردەی باسکەی ئەمریکای براوەی میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی پاریس و تیمی بۆستن سێلتیکسی براوەی خولی باسکەی ئەمریکا، لەگەڵ تیمی ماکلارینی بەریتانی بۆ پێشبڕکێکانی فۆرمۆلا وەن، لەهەمان رکابەرییدان لەسەر نازناوەکە.
 
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بەربژێرە بۆ خەڵاتی باشترین دەستپێک، کە خەڵاتێکی هاندانە بۆ ئەو کەسایەتی و یانانەی دەستپێکی ناوازەیان لەساڵەکەدا هەبووە.
 
لامین رکابەری بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانییە بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە، لە کاتێکدا ئەو یانەیە وەرزی رابردوو، دووانەی خول و جامی ئەڵمانیای بەدەستهێناوە.
 
لەسەر هەمان خەڵات، ڤیکتۆر ویمبانیامای یاریزانی باسکەی فەرەنسا بەهەمان شێوە، بەربژێرە.
 
لەسەر خەڵاتی باشترین وەرزشکاری ساڵ، هەریەکە لە کارلۆس ئالکارازی تێنسزانی ئیسپانی و براوەی نازناوەکانی رۆلان گارۆس و ویمبڵدۆن، لەگەڵ ماکس ڤیرستاپنی شۆفێری رێدبوڵ و پاڵەوانی فۆرمۆلاوەنی جیهان، بەهەمان شێوە بەربژێرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە