ڤیدیۆ؛ ئەمڕۆ دهۆک مێژوویەکی نوێ بۆ تۆپی پێی کوردستان و عێراق تۆمار دەکات

05-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یانەی دهۆک
یانەی دهۆک
نیشانەکردن یانەی دهۆک جامی کەنداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو بۆ تۆپی پێی کوردستان و عێراق مێژووییە، یانەی دهۆک لە جامی کەنداودا بۆ یانەکان بەرامبەر یانەی ئیتیفاقی سعودی یاری دەکات.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداودا، یانەی دهۆک بە نوێنەرایەتی کوردستان و عێراق، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە سعودیە رووبەڕووی یانەی ئیتیفاق، یەکێک لە دیارترین و بەنێوبانگترین یانەکانی تۆپی پێی سعودیە دەبێتەوە و ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا هەردوو یانە بەرامبەر یەکدی یاری دەکەن.
 
شاندی یانەی دهۆک چەند رۆژێکە لە سعودیەیە، ئامادەکارییەکی زۆری بۆ یارییەکە کردووە و دەیەوێت مێژوویەکی نوێ لەسەر ئاستی کەنداو بە ناوی خۆیەوە بکات و بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە.
 
مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک لە سعودیە بە رووداوی گوت "یارییەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، یاریزانەکان بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادەن، ئێمە بەڵێنمانداوە هەموو توانایەکمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین و لە یاریی گەڕانەوەدا لە یاریگە خۆمان رکابەری لەسەر سەرکەوتن بکەین."
 
راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێت "ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین بڵێین ئێرە خۆشە و گەشتێکی خۆشمانکرد، دەمانەوێت بە ئاستێکی بەرزەوە یاری بکەین، دەکرێت لە یاریگەدا هەموو شتێک رووبدات، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە کارمان لەسەر ئەوە کردووە، بەشێوەیەکی هاوسەنگ مامەڵە بکەین و لە رووی هێرشبەری و بەرگریکردنەوە لە ئاستی خۆماندا بین."
 
مەسعود میرال بە رووداوی گوت "متمانەمان بەخۆمان هەیە شتێک بکەین، ناکرێت تەنیا بەرگری بکەین، یان تەنیا هێرشبەری بکەین، بەڵکو دەبێت هەموو شتێک بکەین."

 
لەبارەی جیاوازیی ئاستی هەردوو یانە بەر لە یارییەکە، راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێت "ئێمە تەنیا لە خوا دەترسین، راستە خولی سعودیە لە خولی عێراق بەهێزترە، یاریزانانی ئەو یانەیە زۆر لە یاریزانەکانی ئێمە باشترن، بەڵام ئێمە بۆ یارییەکە ئامادەین و دەمانەوێت بەرگری لە ناوی خۆمان بکەین و متمانەمان بە هەموو یاریزانەکانمان هەیە و پێویستە 11 بەرامبەر 11 یاریزان یاری بکەین."
 
یانەی دهۆک یەکەم یانەیە لە مێژووی تۆپی پێی کوردستان و عێراقدا، بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداو، یانەکە تاوەکو ئێستا لە پاڵەوانێتییەکەدا، 6 یاریی کردووە، 2 بردنەوە، 3 یەکسانبوونی هەیە و تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، یانەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە 9 خاڵ و وەکو دووەمی کۆمەڵەی یەکەم خۆی گەیاندە ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە.
 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە سعودیە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی " خۆشی تۆپی پێ ئەنجامی چاوەڕواننەکراوە، ئێمە زۆر یانەمان بینیووە لە یانەی گەورەی بردووەتەوە، یانەی دهۆکیش یانەیەکی گەورەیە، بۆ ئێمە وەکو یەکەم بەشداری زەحمەتە، چونکە ئیتیفاق سێجار ئەم نازناوەی بردووەتەوە، جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوانماندا، بەڵام گەشبینین بە یاریزانان و هاندەرانمان."

ژمارەیەک بەرپرس لە کوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ ئەوەی لە یارییەکەی ئەمشەودا پاڵپشتیی یانەی دهۆک بکەن، تەمەر رەمەزان، پارێزگاری پێشووی دهۆک یەکێکە لەو کەسایەتیانەی یانەی دهۆک و هاندەرانی شانازیی پێوەدەکەن و بۆ یارییەکەی ئەمشەو لە سعودیە پاڵپشتیی زەردپۆشەکان دەکات.
 
پارێزگاری پێشووی دهۆک بە رووداوی گوت "هەموومان تەواوکەری یەکدین، گرنگ ئەوەیە بتوانین هاندەران دڵخۆشبکەین."
 
سەرەڕای ئەوەی یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات، بەڵام ژمارەیەک هاندەری یانەکە 36 کاژێر بە پاس لە دهۆکەوە چوونەتە دەمام و ئەمشەو لەنێو یاریگەدا پاڵپشتیی ئەلهویێن چیا دەکەن.
 
هاندەرانی دهۆک گەشبینن و چاوەڕێی ئەنجامێکی باش لە یاریزانانی تیپەکەیان دەکەن.


یانەی ئیتیفاق لە یانە بەنێوبانگ و بەهێزەکانی سعودیەیە، لە 6 یاریی پاڵەوانێتییەکەدا 4 بردنەوە، یەکسانبوونێک و دۆڕانێکی هەیە و بە 13 خاڵ وەکو یەکەمی کۆمەڵەی دووەم گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی.
 
یانەکە خاوەنی ژمارەیەک یاریزانی بەنێوبانگ و ئەستێرەی دیارە، لەپێش هەمووانەوە جۆرجینۆ ڤایناڵدۆم، ئەستێرەی هۆڵەندی و پێشووی یانەی لیڤەرپوول، کە ساڵانە لە یانەکەدا 15 ملیۆن یۆرۆ مووچەکەیەتی.
 
رۆژی 12ـی ئەم مانگە، یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، براوەی یارییەکە و ئەو یانەیەی دەگاتە یاریی کۆتایی یەکلادەبێتەوە و بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی قادسیەی کوێتی و نەسڕی ئیماراتی یاری دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە