رووداو دیجیتاڵ
یاریی لووتکەی ئەمشەوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە پاریس دەبێت، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی میوانداریی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
ئەمشەو لە درێژەی یارییەکانی چوونی قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکەدا، هەردوو یانە بەهێز و گەورەکەی ئەورووپا لەسەر یاریگەی باخچەی شازادەکان رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەردوولا لەسەر ئاستی ناوخۆ پێشەنگی خولەکانیان و دەیانەوێت لەسەر ئاستی ئەورووپا زیاتر بچنە پێشەوە.
پاریس سانجێرمان لە دوایین 21 یارییدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە دوایین 10 یارییدا 40 گۆڵی تۆمارکردووە و لویس ئێنریکێ تیپێکی مەترسیدار و بەهێزی دروستکردووە و چاوی لەوەیە لە یاریگەی خۆیاندا هەنگاوێک لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو نزیکببنەوە.
لە ریزەکانی یانە فەرەنسییەکەدا هیچ یاریزانێک پێکانی نییە و تەواوی پێکهاتەی یانەکە بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە.
یانەی لیڤەرپوول بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە پاریس و دەیەوێت بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا لەنێو یاریگەی خۆیدا بگاتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە.
رۆژی سێشەممە لیڤەرپوول دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، کۆدی گاکپۆ بەشداریی لە دوایین راهێنانەکاندا نەکرد و بە ئەگەری زۆرەوە ئەمشەو یاری ناکات، ئارنێ سڵۆت، راهێنەری یانەکە پشت بە سیانەی محەممەد سەڵاح، دیۆگۆ جۆتا و لویس دیاز دەبەستێت بۆ ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنن.
جگە لە بەشدارینەکردنی گاکپۆ لە دوایین مەشقەکاندا، جۆی گۆمێز و کۆنۆر برادلی پێکانیان هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
لیڤەرپوول و پاریس سانجێرمان چوارجار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، هەریەکەیان دوو یارییان بردووەتەوە، ئەمجارەش یەکسانبوون نییە و پێویستە یەکێکیان بگاتە قۆناخی داهاتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ