رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەردەوامدەبن، یاریی لووتکەی گەڕەکە لەنێوان دوو هاوڕێی ئیسپانی دەبێت و سەرکردایەتی دوو یانەی ئینگلیزی و فەرەنسی دەکەن، مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکە لە پاریس بەڕێوەدەچێت و هەردوو تیپ چاویان لەوەیە هەلی گەیشتنیان بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بەهێزتر بکەن، بەتایبەت کە دۆخیان لە ریزبەندی پاڵەوانێتییەکەدا باش نییە و دۆڕانی هەریەکێکیان لە یارییەکەی ئەمشەودا ئەگەری هەیە بیانباتە دەرەوەی رکابەرییەکە.
بەر لە یارییەکە پاریس سانجێرمانی خاوەن یاریگە بە 6 یاری، دوو بردنەوە یەکسانبوونێک و سێ دۆڕانی هەیە و لە پلەی 26ـی ریزبەندە بە 7 خاڵ.
یانەی مانچێستەر سیتی 2 بردنەوە، 2 یەکسانبوون و 2 دۆڕانی هەیە و لە پلەی 24ـی ریزبەندە بە کۆکردنەوەی 8 خاڵ.
هەردوو یانە پێشتر 7 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، مانچێستەر سیتی خاوەنی 4 بردنەوەیە، پاریس تەنیا یەک یاریی لە یانە ئینگلیزییەکە بردووەتەوە و 2 یارییان بە یەکسانبوون تەواو بووە.
لویس ئینریکێ راهێنەری یانەی پاریس بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی" یارییەکی تایبەت دەبێت نەک تەنیا لەبەرئەوەی بۆ هەردوو یانە گرنگە، بەڵام لەبەرئەوەی من جارێکی دیکە هاوڕێیەکی خۆم دەبینمەوە کە پێکەوە وەک یاریزان و راهێنەر کارمان کردووە لە بارسێلۆنا، من لەناخەوە زۆر دڵخۆشم بۆ جارێکی دیکە بینینەوەی پێپ."
راهێنەری پاریس سانجێرمان زیاتر دەڵێت "بێگومان پێپ ئەو راهێنەرەیە کە شێوازی 3،3،4ی گەیاندە کامڵبوون لە بارسێلۆنا لە رێگەی شێوازی یارییکردنیەوە، ئەو ژمارە یەک و مەرجەع و راهێنەرێکی بێهاوتایە، کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە، کەسێکی داهێنەرە لە تۆپی پێدا. بێگومان ئەو مەرجەعە، من بەبەختم کە ئەو هاوڕێمە، پێشتریش لە یەک تیپدا پێکەوە بووین. پێموایە بەبەختم. ئەو کەسێک بوو کە رێگەیەکی نوێی بۆ تۆپی پێ لە وڵاتێکی وەک ئینگلتەرا کردەوە و سەرکەوتوو بوو."
لەلایەن خۆیەوە، پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی باسی لە گواستنەوەی دوو یاریزانی نوێ بۆ یانەکەی کرد و گوتی "پێشوازی لە هاتنی یاریزانە نوێیەکانمان دەکەم بۆ نێو خێزانی سیتی. من زۆر دڵخۆشم بەهاتنی ئەوان، ئێمە دوو یاریزانی لاومان بۆ هاتوون، لەبەرئەوە بۆ ساڵانێکی زۆر لێرە دەبن. جیاوازییەکە ئەوەیە کە خوسانۆڤ لە فەرەنسا یارییکردوە، لەبەرئەوە توانایەکی جەستەیی بێوێنەی هەیە، هیوادارم فێری ئینگلیزی ببێت بەزوویی. ڤیتۆریش بەهرەمەندێکی بەرازیلیی زۆر بچووکە، بۆ هاتنی هەردووکیان دڵخۆشم."
پێپ بە رۆژنامەڤانانی گوت "بێگومان یارییەکەمان بەرامبەر پی ئێس جی زۆر گرنگە، بۆ ئێمەش و بۆ ئەوانیش، بەڵام ئێمە دوای ئەم یارییە، یارییەکی دیکەمان دەمێنێت بەرامبەر کلەپ بروج لە یاریگە خۆماندا، ناشزانم پێویستە چەند خاڵمان هەبێت تاوەکو بگەینە قۆناخی داهاتوو، بەڵام ئەوە دەزانم کە ئەگەر ئەو دوو یارییە ببەینەوە کە ماومانە، سەردەکەوین، بەڵام دەکرێ لە رێگەی بردنەوەی یەک یاریشەوە سەربکەوین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ