بەڕێوبەری وەرزشی بارسا گاڵتەی بە دۆسیەی نیگرێرا دێت

05-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوبەری وەرزشی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی رەخنە لە سیستمی ڤار دەگرێت و بە پێکەنینەوە باسی دۆسیەی نیگرێرا دەکات.
 
لە گەڕی 23ـی لالیگادا، یانەی بارسێلۆنا بووە میوانی ئالاڤێز و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-1 لێبردەوە، لە خولەکی 72، لە بڕیارێکی مشتومڕهەڵگردا ڤیتۆر رۆکیی هێرشبەری بارسا دووەم کارتی زەرد لە یارییەکەدا وەردەگرێت و دەکرێتە دەرەوە، بەپێی یاساکانی تۆپی پێ، ئەگەر یاریزانێک لە یارییەکدا دوو کارتی زەرد وەربگرێت، ڤار ناتوانێت گۆڕانکاری لە بڕیاری ناوبژیوان بکات، بەڵکو تەنیا لە دۆخێکدا دەتوانێت دەستوەردان بکات ئەگەر یاریزانەکە کارتی سووری راستەوخۆ وەربگرێت. 
 
لە هەڤپەیڤێنکدا، دێکۆی بەڕێوبەری وەرزشی یانەی بارسێلۆنا رەخنە لە سیستمی ڤار دەگرێت و  دەڵێت "من زۆر گومانم لە ڤار هەیە، پێموایە سەر لە بینەر دەشێوێنێت. ئێمە تاوەکو ئێستا دڵنیانین کە بۆچی ڤار لە هەندێک بڕیاری ناوبژیواندا دەستوەردان دەکات و لە هەندێکی دیکەدا نایکات."
 
دێکۆ باس لە لێدوانەکانی چاڤی و لاپۆرتا دەکات کە باسی ڤاریان کردبوو و دەڵێت "چاڤی و لاپۆرتا داوایان کردووە ڤار بەرەوپێش ببرێت، ئەوان نیگەرانن و دەیانەوێت بەرچاوڕوونییەکی زیاتر هەبێت لەبارەی بڕیارەکانی ڤارەوە، هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ڤار وەک چارەسەری کێشەکان بەکاربهێنرێت نەک ببێتە هۆی درووستبوونی کێشەی زیاتر."
 
یانەی بارسێلۆنا بەهۆی دۆسیەی نیگرێراوە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، کە تێیدا یانەکە تۆمەتبارکراوە بەگەندەڵی وەرزشی و بەرتیلدان بە خۆزێ ماریا ئینریکێز نێگرێرای جێگری پێشووی سەرۆکی ناوبژیوانانی ئیسپانیا، دێکۆ وەک یاریزان لەو ماوەیدا لە بارسێلۆنا بووە، پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت کە ئایا هەستی بەوە کردووە کە لەو ساڵانەدا لەلایەن ناوبژیوانانەوە یارمەتی درابێت، بەڕێوبەری وەرزشیی بارسا پێدەکەنێت و لە وەڵامدا دەڵێت "من هەستم دەکرد گۆڵەکانی ئێتۆ و لێهاتووەکانی رۆناڵدینیۆ، ئینیێستا و چاڤی یارمەتیان دەدام، گەڕاندنەوەکانی ڤاڵدێز، بەرگریکردنی پویۆل و مارکێز ئەو شتانەن کە یارمەتیدەرم بوون."
 
یانەی بارسێلۆنا بەبارودۆخێکی ناجێگیردا تێدەپەڕێت، یانە کەتەلۆنییەکە لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ریال مەدرید شکستی هێنا، لە جامی شا کرایە دەرەوە و لە لالیگاش لە پلەی سێیەم دێت، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکەش رایگەیاند لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بارسا بەجێدەهێڵێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە