رووداو دیجیتاڵ
یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، روونکردنەوە نادات لەبارەی ئەو دەنگۆ گەرمانەی باس لە گرێبەستکردنی یانەی ریال مەدرید، لەگەڵ جود بێلینگهام، ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەکە دەکەن.
لە چەند رۆژی رابردوودا، چەندین سەرچاوەی جیاوازی باوەڕپێکراو ئاماژەیان بەوەداوە کە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، توانیویەتی گرێبەست لەگەڵ جود بێلینگهام، ئەستێرەی لاوی ناوەڕاستی بۆرووسیا دۆرتمۆند کردووە و تەنیا راگەیاندنی فەرمیی ماوە.
سەرچاوەکان گوتوویانە، کارگێڕیی ریال مەدرید پاش رێککەوتن لەگەڵ بێلینگهام لەسەر وردەکاری گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ کارگێڕیی بۆرووسیا دۆرتمۆند کۆدەبێتەوە بۆ کۆتایی هێنان بەرێکەوتنی هەردوو یانە لەبارەی ئەنجامدانی گرێبەستەکە.
هەندێک لە میدیاکانی ئەڵمانیا، لە نێویاندا 'سکای سپۆرت ئەڵمانیا' سوورن لەسەرئەوەی دۆرتمۆند دەستەوارەی فەرمیی ریال مەدریدی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ بێلینگهام بەدەستنەگەیشتووە. رەتیشیدەکاتەوە هیچ دانوستاندنێکی فەرمی لە نێوان هەردوو یانەدا بۆ گواستنەوەکە ئەنجام درابێت.
لە بەرامبەردا نوێنەرانی ئەو یاریزانە تەمەن 19 ساڵە، ئامادەنەبوون هیچ کۆمێنتێک لەبارەی ئەو راپۆرتانەوە بدەن کە باس لە رێکەوتنی جود لەگەڵ ریال مەدرید دەکەن.
سیباستان کیل، بەڕێوەبەری وەرزشی بۆرووسیا دۆرتمۆند، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەواڵەکانی گواستنەوەی جود بۆ ریال مەدرید، گوتی، "پێشینەی ئێمە بۆندێسلیگایە، ئێمە دەمانەوێت نازناوی خولەکە ببەینەوە، هیچ شتێکی دیکەش نییە لەو نازناوە زیاتر سەرقاڵمان بکات".
بێلینگهام گرێبەستەکەی لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتمۆند تاوەکو هاوینی 2025ە. میدیاکان دەڵێن ریال مەدرید ئامادەیە بڕی 120 ملیۆن یۆرۆ بدات بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ