رووداو دیجیتاڵ
مەحموود مەجید، راهێنەری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەڵێن بێت یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بگەیێنمەوە خولی نایابی عێراق".
کاپتن مەحموود مەجید، میوانی بوولتەنی وەرزشی تەلەڤزیۆنی رووداو بوو، ئەو لە رێگەی رووداوەوە بەڵێنی دا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بگەینێتە خولی نایابی عێراق، کە قۆناخی یەکەمی خولی پلەیەکی عێراقی بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەم کۆتاییپێهێناوە.
مەحموود مەجید، سەرەتا گوتی "خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە لە رووداو قسە دەکەینەوە، سوپاس بۆ خوا کە لە قۆناخی یەکەمی خولی یانە پلەیەکی عێراقدا ئاست و ئەنجامەکانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی زۆر باش بوون، نامەوێت زۆر لەخۆبایی ببین، بەڵام لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەم لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی گوتم ئامانجمان گەیشتنە بە خولی نایابی عێراق".
راهێنەری پێشمەرگەی سلێمانی، سوپاسی کارگێڕیی یانەکەشیانی کرد، کە هەمیشە لەگەڵیاندا هاوکاربوونە و ئەوەی داوایانکردووە بۆیانی جێبەجێکردووە.
سامان وڵاتژێری، لە بوولتەنەکەدا لێیپرسی، تۆ پێشتر بەڵێنت دابوو یانەی برایەتی بکەیتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان و کردت، ئێستاش بەڵێنت داوە پێشمەرگەی سلێمانی بگەینیتە خولی نایابی عێراق، دەتوانی ئەو بەڵێنەشت ببەیتە سەر؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "بەدڵنیاییەوە ئەوە خەونی من و یاریزانەکانمە، خەونی کارگێڕیی یانەکەشە کە وەرزی داهاتوو لە خولی یانە نایابەکانی عێراق یاری بکەین، کە بەدڵنیاییەوە پێشبینی دەکەم بە رێژەیەکی بەرز بتوانین بگەینە نایابی عێراق، چونکە لە رووی هونەری و کارگێڕییەوە یانەکەمان سەقامگیرە، کە بێگومان ئەوانە یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی یانەکە ئاستێکی باش پێشکەش بکات".
کاپتن مەحموود دووپاتیشیکردەوە "بەڵێن بە کارگێڕیی یانەکە و جەماوەرەکەمان دەدەین کە دەتوانین بگەینە خولی نایابی عێراق و بەڵێنەکەشمان دەبەینە سەر".
پێشمەرگەی سلێمانی پێویستە چی بکات بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لەو ئاست و ئەنجامە باشانە بکات، کە لە قۆناخی یەکەمدا پێشکەشی کردووە؟ ئەمە پرسیارێکی دیکەی رووداو بوو، کە راهێنەری پێشمەرگەی سلێمانی لە وەڵامیدا گوتی "بەڵێ ئەگەر گۆڕانکارییەکان ئەرێنی بن، یان هەر نەبن، زۆرجار من پێمباشە گۆڕانکاری نەکرێت، چونکە سەقامگیری تیپ زۆر گرنگە".
ئەو زیاتر گوتی "بە ئەمانەتەوە دەڵێم کارگێڕیی یانەکەمان زۆر هاوکارمان بووە و هەر شتێکمان ویستبێت جێبەجێیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێمباشە بە هەمان تیپ و هەمان یاریزانەکانمانەوە یاری بکەین، کێشە نییە ئەگەر یەک یان دوو یاریزانی نوێ بخەینە نێو پێکهاتەکەمان".
کاپتن مەحموود دووپاتیشیکردەوە کە قۆناخی دووەمی خولی پلەیەکی عێراق زۆر قورس دەبێت، سەرەڕای ئەوەی وەکخۆی گوتی "رکابەرەکانمان، وەک یانەی ناسرییە دێنە سەر یاریگەی خۆمان، ئەوە شتێکی ئەرێنییە بۆ ئێمە"، ئەو گوتیشی "لە قۆناخی یەکەمیشدا ئەو یارییانەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆماندا کردمان ئەنجامەکانمان باشبوون، تەنیا یەک یاری دۆڕاین، ئەوەش هاندەرێکە بۆ ئێمە کە بەردەوام بین لەسەر ئاستە باشەکەمان، لەو یارییەنەدا کە لە دەرەوەی یاریگەشمان ئەنجامیان دەدەین".
لە کۆتاییدا، راهێنەری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، لە رێگەی رووداوەوە پەیامێکی ئاراستەی یاریزانەکانی کرد و گوتی "هیوادارم یاریزانەکانم بەهەمان رۆح و گیانی هاوکاری یاری بکەن و پشتیوان بەخوا وەرزی داهاتوو لە خولی نایابی عێراق دەبین".
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە کۆمەڵەی دووەمی خولی پلە یەکی عێراق یارییدەکات، یانەکە لە قۆناخی یەکەمدا بەباشترین کاتی خۆیدا تێپەڕی و لە 11 یارییدا 7 بردنەوە، 3 یەکسانبوونی هەبوو و تەنیا یەک یاریی دۆڕاند.
پێشمەرگەی سلێمانی خاوەنی 24 خاڵە و پێشەنگی کۆمەڵەی دووەمی خولەکەیە، بۆ قۆناخی دووەمیش دەیەوێت بەو ئاستەی بەردەوامبێت و رکابەری لەسەر گەیشتن بە خولی نایابی عێراق بکات.
چەند زانیارییەک لەسەر یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ