رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی هەڵوێستی یولیان ناگێلسمان، راهێنەری پێشووی یانەی بایرن میونشن بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی ئاشکرا دەکات.
شەوی یەکشەممە یانەی چێڵسی بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیانەوە گراهام پۆتەر، راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەکەی لە کارەکەی دوورخستەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دوایین یارییاندا لە یاریگەی خۆیاندا بە یانەی ئاستۆن ڤێلا دۆڕان.
دوای دوورخستنەوەی پۆتەر، هەر زوو ناوی ناگێلسمان بە یانەی چێڵسییەوە بەسترایەوە و بەشێکی میدیای ئینگلتەرا دەڵێت "ئەو راهێنەرە بەربژێری سەرەکییە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە."
تۆڕی سکای سپۆرتسی ئەڵمانی دەڵێت "ناگێلسمان گرنگی بە وەرگرتنی راهێنەرایەتی چێڵسی نادات"، رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیش نووسیوویەتی "لە بنەرەتدا کارکردن لە ئینگلتەرا وەک راهێنەر لەم کاتەدا لە بیرکردنەوەی نایگلێسماندا نییە."
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ناگێلسمان دەیەوێت بیر لە دوورخستنەوەی لە راهێنەرایەتی بایرن میونشن بکاتەوە، کە خراپترین قۆناخی کارکردنییەتی وەک راهێنەر و دەیەوێت بە ئارامی بیر لە داهاتووی خۆی بکاتەوە.
ئەم هەواڵانە لەبارەی داهاتووی راهێنەرە لاوە ئەڵمانییەکە لەکاتێکدان، ناوی ناگێلسمان بە یانەکانی ریال مەدرید و تۆتێنهامیشەوە بەستراوەتەوە.
هەفتەیەک لەمەوبەر بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، یانەی بایرن میونشن بڕیاری دوورخستنەوەی یولیان ناگێلسمانی لە راهێنەرایەتی یانەکەدا و تۆماس توخێل راستەوخۆ وەک شوێنگرەوەی دەستنیشانکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ