یانەی هەولێر سەرکەوتنێکی گرنگی تۆمارکرد

03-04-2023
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

لە دوایین رۆژی یارییەکانی قۆناخی یەکەمی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق، یانەکانی هەولێر و غازی جنووب بردنەوەیان تۆمارکرد. 
 
یارییەکانی ئەم قۆناخە لەنێو هۆڵی زوبێر لە شاری بەسرە بەڕێوەچوون، یانەی هەولێر و یانەی شورتە لە یارییەکی پڕ رکابەری رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، درێس زەردەکانی هەولێر یارییەکەیان بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە دوو گێم لە بەرژەوەندی خۆیان تەواوکرد.
 
یانەی هەولێر ئاستێکی بەرزی لە قۆناخی یەکەمی چوار گۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق پێشکەشکرد، لە سێ یاریدا دوو یاری بەسەرکەوتنی خۆی تەواوکرد و تیپەکە بەربژێرە بۆ پلەکانی پێشەوەی خولەکە.
 
ئوسامە مونیف، یاریزانی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "دڵخۆشین وەک خێزان یاریدەکەین و دڵی هاندەران خۆش دەکەین، ئێمە دەمانەوێت ئەمساڵ نازناوەکە بۆ شاری هەولێر بگەڕێنینەوە، لەبەرئەوەی خەڵکەکەی شایستەی دڵخۆشین". 
 
یانەی هەولێر لە مێژووی خۆیدا جارێک نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی بەدەستهێناوە، وەرزی ئەمساڵ تیپەکە بۆ جاری حەوتەم لە مێژووی خۆیدا نازناوی خولی نایابی کوردستانی بردەوە. 
 
هەر لە یارییەکانی قۆناخی یەکەمدا، یانەی غازی جنووب دوای دوو دۆڕان و نیگەرانی هاندەرانی یەکەم سەرکەوتنی تۆمارکرد، پاڵەوانی چوار وەرزی رابردووی خولەکە لەنێو هۆڵی خۆیدا میوانداری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کرد و یارییەکەی بەسەرکەوتنی خۆی بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە گێمێک تەواوکرد. 
 
بڕیارە رۆژی 9ـی ئەم مانگە یارییەکانی قۆناخی دووەمی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق لە شاری سلێمانی دەستپێبکەن و دواتر یارییەکان دێتە شاری هەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە