رۆناڵدۆ دەبێتە موسڵمان؟

02-12-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئایینی ئیسلام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

وەلید عەبدوڵڵا، گۆڵپارێزی پێشووی یانەی نەسڕی سعودیە، هەندێک هەڵوێست و هەڵسوکەوتی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی ئاشکرا دەکات کە بەڵگەن لەسەر ئەوەی دۆن گرنگییەکی زۆر بە ئایینی ئیسلام دەدات.
 
وەلید عەبدوڵڵای تەمەن 38 ساڵ، لە ماوەی مانگی شوباتی 2017 تاوەکو مانگی تەمموزی 2024 لە یانەی نەسڕ یاری کردووە، پێش ئەوەی بەگواستنەوەیەکی بێبەرامبەر بەرەو یانەی درعیە بڕوات.
 
وەلید عەبدوڵڵای گۆڵپارێز، لە دوای هاتنی رۆناڵدۆ لە مانگی یەکی ساڵی 2023ـەوە لەگەڵ ئەستێرە پۆرتوگالییەکەوە یاری کردووە لە ریزەکانی نەسڕدا.
 
وەلید عەبدوڵڵا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی سعودیە رایگەیاندووە کە لەگەڵ رۆناڵدۆ قسەی کردووە سەبارەت بە ئایینی ئیسلام، و هەستی بەوە کردووە کە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە حەزی کردووە گوێگری ئەو بابەتە بێت.
 
ئەو باسی چەند هەڵسوکەوتێکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەربارەی ئایینی ئیسلام دەکات، کە هەموویان بەڵگەن لەسەر ئەوەی دۆن مەیلێکی هەبوو، لانیکەم بۆ شارەزابوون سەبارەت بە ئایینی ئیسلام.
 
ئەو گوتی "لەگەڵ رۆناڵدۆ باسی ئاینی ئیسلاممان کردووە و هەستم دەکرد کە پێی خۆشبوو و گوێی لێ دەگرتم". هەروەها گوتیشی "کاتێک باسی ئیسلام بۆ رۆناڵدۆ دەکەم چێژ وەردەگرێت"
 
گۆڵپارێزی پێشووی نەسڕ، گوتی "کریستیانۆ سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت ئەگەر یاریزانێک ببینێت نوێژ ناکات، لەکاتێکدا یاریزانەکانی دیکە نوێژ دەکەن".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆناڵدۆ داوای لەو یاریزانە دەکرد کە لەگەڵ هاوڕێکانی نوێژی نەدەکرد، بچێت نوێژەکە ئەنجام بدات.
 
عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، سێیەم هەنگاوی رۆناڵدۆ کە گرنگی پێدانەکەی بۆ ئیسلام پشتڕاستدەکاتەوە، کە ئەگەر گوێی لە بانگەوازی نوێژ دەبوو، داوای لە راهێنەرەکە دەکرد راهێنانەکان رابگرێت وەک رێزێک بۆ کاتی نوێژ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە