كچانی کوردستان رکابەری نازناوی باسکەی عێراق دەکەن

02-10-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن پاڵەوانێتیی باسکەی کچانی یانەکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یارییەکانی پاڵەوانێتیی باسکەی کچانی یانەکانی عێراق لە هەولێر بەردەوامە و ئەمڕۆ بە ئەنجامدانی دوو یاری یارییەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین بەڕێوەدەچن. 
 
بەڕێوەچوونی یارییەکانی وەرزی ئەمساڵ لە هۆڵی داخراوی یانەی ئەکاد عەنکاوەی هەولێر لە کاتێکدایە 10 ساڵە شاری هەولێر دوورە لە میوانداریکردنی ئەم پاڵەوانێتییە.
 
لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین یانەی سەنحاریب یاری لەگەڵ یانەی شوهەدا و جەرحا دەکات، دواتر یانەی ئەکاد عەنکاوە میوانداری یانەی ئەفرۆدێت دەکات، براوەی ئەم یارییە سەردەکەون بۆ یاری کۆتایی کێبرکێکە. 
 
ئازاد عەبدوڕەحمان، سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتییەکە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئەمساڵ ئاستی تیپەکان بەرزە بەتایبەت تیپەکانی هەرێمی کوردستان، بەهیوام لایەنی پەیوەندار ئاوڕێک لە یاری باسکە بدەنەوە، لەبەرئەوەی سەیر بکەین یارییەکە لە لایەن بەرپرسانی وەرزشیی ناوچەکەمان فەرامۆشکراوە". 
 
یانەی ئەکاد عەنکاوە لە مێژووی خۆیدا 9 نازناوی پاڵەوانێتیی باسکەی عێراقی بەرزکردووەتەوە، هەروەها سێجاریش بەشداری پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەبی کردووە، هەر بۆیە چاوی لە نازناوێکی دیکە و ئاهەنگێڕانە لەنێو هۆڵ و هاندەرانی.
 
رومڕاما شەمائیل، یاریزانی یانەی ئەکاد لەبارەی ئاستی تیپەکەیان بۆ رووداو، گوتی "ئێمە لە 2019 دوایین نازناومان بردەوە و موراڵێکی بەرزمان هەیە کە جارێکی دیکە بچینە سەر سەکۆی بەرزکردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتی عێراق".
 
یەکێتیی باسکەی عێراق سەرپەرشتی یارییەکانی پاڵەوانێتیی باسکەی کچانی عێراق دەکات، وەرزی ئەمساڵ 8 یانە بەشداربوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە