رووداو دیجیتاڵ
سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی بەنێوبانگی هەولێر و کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەواڵی خۆش هەیە سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق و گوتیشی "گرێبەستەکەم لەگەڵ یانەی ئەمانە بەغدا نوێکردەوە، لەبەرئەوەی لەگەڵیدا ئاسوودەم".
سەرهەنگ موحسین، گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئەمانە بەغدا نوێکردەوە و نزیکە لە بانگهێشتکردنی بۆ ریزی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق.
وەرزی رابردوو سەرهەنگ کاپتنی یانەی ئەمانە بەغدا بوو، هۆکاری ئەنجامە باشەکانی یانەکە بوو، لەبەرئەوەی رێکۆردێکی نوێی لە خولی عێراقی تۆمارکرد، کە لە 15 یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرت.
سەرهەنگ موحسین، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، رایگەیاند "یانەی ئەمانە بەغدا رێزێکی زۆری من دەگرن و باشن لەگەڵم، هەموو مافەکانم دەدەن و لە رووی دەروونییەوە لەگەڵ ئەو یانەیە زۆر ئارام و ئاسوودەم، ئەمەش پاڵنەربوو بۆ ئەوەی گرێبەستم لەگەڵیان نوێ بکەمەوە".
ئەم گۆڵپارێزە نێودەوڵەتییە خەڵکی شاری هەولێرە، لەگەڵ یانەی هەولێر مێژووییەکی دەوڵەمەندی هەیە و چوارجار قەڵغانی خولی نایابی عێراقی بەرزکردووەتەوە و دوو جاریش گەیشتووەتە یاری کۆتایی جامی یەکێتی ئاسیا.
کاپتن سەرهەنگ، لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یانەی هەولێر و چەند یانەیەکی دیکەی شاری بەغدا روونیکردەوە "وەرزی رابردوو لە نێوان ماوەی پشووی هەر دوو قۆناخ یانەی هەولێر پەیوەندییان بە بەڕێوەبەری کارەکانم کردبوو، من هەر ئەوکات وەڵامم دانەوە و گوتم ناگەڕێمەوە یانەی هەولێر، چونکە لەو تیپەی یاری لێدەکەم زۆر ئاسوودەم".
ئەو گوتیشی "بێجگە لە یانەی هەولێر، یانەیەکی زۆر جەماوەری و بەنێوبانگی بەغدا تا دوێنێ لەسەر هێڵ بوون، بەڵام داوای لێبوردنیان لێدەکەم کە نەچوومە ریزەکانیان".
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دیک ئادڤۆکاتی هۆڵەندی کردە راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکە لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2022ـی قەتەر، کە لەگەڵ دەستەی نوێی راهێنەرانی، ئەحمەد جاسم ئەرکی راهێنەری گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەکەی وەرگرتووە.
سەرهەنگ موحسین، بەهیوایەکی زۆرەوە گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەی عێراق بۆ رووداو ئاشکراکرد و گوتی "لە دوای دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ دوو پەیوەندیم پێوەکراوە و هەواڵی خۆش هەیە بۆ بانگهێشتکردنم بۆ هەڵبژاردەی عێراق، کاپتن ئەحمەد جاسمی راهێنەر یەکێک بوو لەو کەسانەی پاڵپشتی دەکردم و منی بەشایستە دەزانی بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق، هەر بۆیە هیوایەکی گەورەم هەیە ".
پێشتر سەرهەنگ موحسین لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی و هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق یاریکردووە، هەروەها وەرزێک درێسی یانەی شورتەی لە خولی نایابی عێراق پۆشیووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ