رووداو دیجیتاڵ
کچێکی کورد، لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا لە گۆڕەپان و مەیدان، مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا و ریکۆردێکی نوێی لەسەر ئاستی عێراق و لەسەر ئاستی رۆژئاوای ئاسیا تۆمارکرد.
لە رۆژانی رابردوودا، لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا لە گۆڕەپان و مەیدان، کە لە قەتەر بەڕێوەچوو، مەروە قەیس خەیلانی، خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، سەرنجەکانی بۆ خۆی راکێشا و مەدالیای زێڕی لە هەڵدانی قورسایی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و ژمارەی پێوانەیی رۆژئاوای ئاسیای تۆمارکرد.
مەروە قەیس، لە بەغدا دەژیت، کە لە کۆنەوە ماڵباتەکەی لە بەغدا بووە، ئەو زمانی کوردی نازانێت، بەڵام بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "من بەڕەچەڵەک کوردم و لە عەشیرەتی خەیلانیم".
لەو پاڵەوانێتییەدا، کە وەرزشوانانی 12 وڵات بەشدارییان تێدا کرد، مەروە خەیلانی، کە شەش ساڵە بەسەریەوەکەوە دەبێتە پاڵەوانی عێراق، توانی قورساییەکە بە دووری 47.95 هەڵبدات.
مەروە هۆکاری سەرەکی ئەو دەستکەوتەی بۆ خێزانەکەی دەگەڕێنیتەوە و دەڵێت "هەر کاتێک خێزانەکەت یارمەتیدەرت بوو، هەموو شتێک ئاسان دەبێت و دەتوانی سەرکەوتوو بی".
ئەو خانمە وەرزشوانانە کوردە، لە درێژەی قسەکانیدا، بۆ رووداوی ئاشکراکرد، کە رۆژی شەممە دێتە هەولێر و لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازی لێدەکرێت.
مەروە لە دایکبووی ساڵی 2001ـە، دەرچووی کۆلیژی پەروەردەی جەستەیی - زانستە وەرزشییەکانە لە زانکۆی بەغدا، هەموو ژمارە پێوانییەکانی عێراق لە هەڵدانی قورسایی لەسەر ئاستی هەموو کێش و تەمەنەکان بەناوی ئەون.
ئەو پێشتر بەشداری لە پاڵەوانێتیی جیهانی لە رووسیا کردووە، حەوتەم بووە لە پاڵەوانێتی ئاسیا، هەروەها یەکەم بووە لە پاڵەوانێتی عەرەب لە تونس، کە ریکۆردی لەسەر ئاستی عەرەبیش شکاندووە و 48:50 مەتر قورساییەکەی هاوێشتووە. ئەو گوتی "زۆرتەین شانازی بەو دەستکەوتەمەوە دەکەم".
ئەو خانمە کوردە، بە رووداوی گوت "بەردەوام هانی کچان دەدەم بێنە نێو وەرزش بەتایبەتی گۆڕەپان و مەیدان، چونکە تەنانەت ئەوانەی هەندێک کێشیشیان هەیە دەتوانن هەندێک لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان بکەن، بۆ نموونە هەڵدانی قورسایی".
مەروە خەیلانی، گوتیشی "من لە تەمەنی 11 ساڵ هاتوومەتە نێو وەرزش، بە یاریی هەڵدانی رم و و قورسایی دەستمپێکردووە، بەڵام لەبەرئەوەی حەزم لەو یارییانە بوو کە رکابەری و ئاڵنگارییان تێدابوو، هەڵدانی قورساییم هەڵبژارد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ