هەولێر رووداو
یانەی زاخۆ بەمەبەستی کردنەوەی کەمپێکی راهێنان ئەمڕۆ دەگاتە شاری هەولێر و چەند یارییەکی دۆستانەش دەکات.
وەرزی ئەمساڵ یانەی زاخۆ بەسەرکردایەتی حەمزە هادی راهێنەر، تیپێکی نوێی بۆ خولی نایابی عێراق دروستکردووە، بەشێوەیەک یانەکە گرێبەستی لەگەڵ 24 یاریزانی نوێ واژۆکردووە و تەنیا 3 یاریزانی وەرزی رابردوو لە ریزی تیپەکەدا ماون.
زاخۆ بەمەبەستی ئامادەکاریی زیاتر بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ راهێنانەکانی بۆ شاری هەولێر دەگوازێتەوە، تیپەکە ماوەی دوو هەفتە لە هەولێر دەمێنێتەوە و چوار یاری دۆستانە لەگەڵ یانە بەشدارەکانی خولی عێراق ئەنجامدەدات.
دڵژار عەدنان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "وەرزی ئەمساڵ دەمانەوێت تیپێکی بەهێز بین و هەروا ئاسان نەبین لە خولەکەدا، دڵنیاین سوودێکی زۆر لەو کەمپی راهێنانەی شاری هەولێر دەبینین، چونکە تیپە بەهێزەکانی عێراق بەمەبەستی کەمپی راهێنان لە هەولێرن وەک یانەکانی شورتە و هەڵبژاردەی لاوانی عێراق".
وەرزی رابردوو یانەی زاخۆ بە کۆکردنەوەی 48 خاڵ لە پلەی دەیەمی ریزبەندیی خولی عێراق هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ