ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ.. کایلێب درێسێل بووە خاوەنی 5 میدالیای زێڕ

01-08-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ کایلێب درێسێل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کایلێب درێسێل، مەلەزانی ئەمریکی ناوی خۆی بە پیتی زێڕ لە مێژووی ئۆڵیمپیاددا تۆمارکرد و پێنجەم میدالیای زێڕی لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا بەدەستهێنا، کە حەوتەم میدالیای زێڕە لە مێژووی ئۆڵیمپیاددا بەدەستیدێنێت.

درێسێل میدالیای زێڕی لە هەردوو پێشبڕکێی 50 مەتری ئازاد و 4 جاران 100 مەتری بەدەستهێنا و چوارەم و پێنجەم میدالیای زێڕی لەم ئۆڵیمپیادەدا لە ملی کران.

مەلەزانی ئەمریکی لە پێشبڕکێی 50 مەتر مەلەوانی ئازاددا ریکۆردی ئۆڵیمپیشی شکاند و ماوەکەی بە 21.07 چرکە بڕی. فلۆران مانۆدۆی فەرەنسیش میدالیای زیو و برۆنۆ فراتۆسی بەرازیلیش پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی بردەوە.

دوای تەنیا کاژێرێک، درێسێل میدالیای زێڕی لە پێشبڕکێی 4 جاران 100 مەتریشی کردە بەشی خۆی.

کایلێب درێسێل، بەم دەستکەوتە بووە یەکێک لەو 5 مەلەزانەی لە مێژووی ئۆڵیمپیاددا توانیویانە لە یەک ئۆڵیمپیاددا 5 میدالیای زێڕ ببەنەوە.

درێسێل پێشتر لەم ئۆڵیمپیادەدا لە پێشبڕکێی 100 مەتر مەلەوانی ئازاددا میدالیای زێڕی بردەوە، هەروەها لەگەڵ تیپی ئەمریکاش لە پێشبڕکێی 4 جار 100 مەتری ئازادیشدا میدالیای زێڕی بردووەتەوە. هەروەها درێسێل لە پێشبڕکێی 100 مەتر مەلەوانی پەپوولەدا پلەی یەکەم و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا، نەک تەنیا ئەوەندە، بەڵکو ریکۆردی ئۆڵیمپی و جیهانیشی شکاند، کە هەردووکیان پێشتریش بەناوی خۆی بوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە