پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەب کۆتاییهات

01-01-2022
محەممەد کارێزی
پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەب
پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەب
نیشانەکردن پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پاڵەوانێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەبی لە شەقڵاوە کۆتاییهات، هەڵبژاردەی عێراق بە پاڵپشتی هاندەرانی کۆنتڕۆڵی نازناوەکەی کرد، کە کە تێکڕایی تیپی خانمانی ئەو هەڵبژاردەیە لە کچە یاریزانی کورد پێکهاتبوو. کە یاریزانانی کورد 33 میدالیایان بردەوە.
 
ئەمساڵ کێبرکێکە بە بەشداری زیاتر لە 140 یاریزانی 14 وڵات بەڕێوەچوو، کە بریتی بوون لە وڵاتانی عێراق، سعودیە، سوریا، عومان، قەتەر، ئوردن، سودان، بەحرەین، یەمەن، لیبیا، فەڵەستین، کوێت، لوبنان لەگەڵ دوورگەکانی قەمەر. 
 
یارییەکانی بەچاودێری یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عەرەب ماوەی هەفتەیەک لەنێو هۆڵی داخراوی یانەی شەقڵاوە، لەسەر رێنمایی و یاساکانی پاڵەوانێتییە جیهانییەکان بەردەوام بوو.
 
لەم پاڵەوانێتییەدا هەرێمی کوردستان میوانداری زیاتر لە 300 وەرزشوانی وڵاتانی عەرەبی کرد، گەورەترین شاند هەڵبژاردەی سعودییە بوون کە بە 43 یاریزان بەشدارییان کردبوو، ژمارەی شاندەکەشیان 64 کەس بوو، سەرجەم هەڵبژاردەکان و میوانانی پاڵەوانێتییەکە لەنێو کۆمەڵگایەکی گەشتیاری هاوچەرخ لە بناری چیای سۆرک لە شەقڵاوە نیشتەجێ بوون. 
 
لێدوانی جێگری سەرۆکی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عەرەب
 
محەممەد حەربی، سەرۆکی شاندی هەڵبژاردەی سعودییە و جێگری سەرۆکی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەب، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو،  رایگەیاند "زۆر سوپاسی دەوڵەتی عێراق دەکەم بۆ ئەم میوانداریکردنە جوانەی پاڵەوانێتییەکە، رکابەرییەکی بەهێز بیندرا بەهۆی بوونی چەند یاریزانێکی بەهێز و ئاستبەرزی عەرەبی، کە بەشێوەیەک بەشدارییان کردبوو لە دوایین وەشانی یارییەکانی ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ و پاڵەوانێتی جیهان میدالیای جۆراوجۆرییان وەرگرتبوو، ئەمە گەرموگوڕیی بەخشییە یارییەکان". 
 
ئەو گوتیشی "بەشێوەیەکی گشتی ململانێی سعودییە، عێراق لەگەڵ سوریام بینی، ئەوەی پاڵەوانێتی عەرەبی بەهێز کردووە بەشداری رێژەیەکی زۆری پاڵەوانانی جیهانییە".
 
هەڵبژاردەی سعودییە لەسەر ئاستی پێشکەوتووان پارێزگاری لە نازناوی رابردووی کرد و ئەمجارەش جامی عەرەبی بەرزکردەوە، هەڵبژاردەی عێراق لە پلەی دووەم و هەڵبژاردەی لیبیا لە پلەی سێیەم هاتن، لە سەر ئاستی پێشکەوتووانی کچان جارێکی دیکە هەڵبژاردەی عێراق نازناوەکەی بردەوە و کچانی هەڵبژاردەی کوەیت و هەڵبژاردەی سعودییە پلەکانی دووەم و سێیەمیان وەرگرت.
 
لەیالی سەرسامە بە شەقڵاوییەکان
 
لەیالی مستەفا، کچە یاریزانی هەڵبژاردەی کوەیت دوای کۆتاییهاتنی 8 رۆژ مانەوەی لە شارۆچکەی شەقڵاوە و بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکە، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی "بەڕاشکاوی من زۆر دڵخۆشم بە بەشداریکردنم بۆ یەکەمجار لە پاڵەوانێتی عەرەبی، هەرێمی کوردستان زۆر جوانە و یارییەکان زۆر بە جوانی بەڕێوەچوون و ئاستبەرزی یاریزانان بەگشتی کەش و هەوای پاڵەوانێتیەکەی خۆشکرد، خەڵکی شەقڵاوە باشن و زۆر ئاسوودەبووین لەنێو ئەو سروشتە جوان و پێشوازییە گەرمەی لێمانکرا".
 
لاوەکانی عێراق یەکەمبوون
 
هەڵبژاردەی عێراق نازناوی ئاستی لاوانی وڵاتانی عەرەبی بەرزکردەوە و هەریەک هەڵبژاردەکانی ئوردن و سعودییە جامی دووەم و سێیەمیان بۆ وڵاتەکەیان بردەوە، لەسەر ئاستی لاوانی کچان هەڵبژاردەی عێراق بەهۆی بەدەستهێنانی زۆرترین میدالیای زێڕ نازناوەکەی بردەوە و كچانی هەڵبژاردەی سعودیە و کچانی هەڵبژاردەی لیبیا لە پلەکانی دووەم و سێیەم هاتن.
 
قەتەرییەکانیش سەرسام بوون
 
زاید موبارەک، سەرۆکی شاندی هەڵبژاردەی قەتەر سەرسام بوو بە مێواندارێتی هەرێمی کوردستان و پێیوایە هەولێر دەتوانێت پاڵەوانێتی گەورەی نێودەوڵەتی لەباوەش بگرێت، ئەو ئاشکرایکرد "رکابەری و میوانداریکردنی پاڵەوانێتیەکە زۆر باش و پڕ لە چالاکی بوو، ئاستبەرزی یاریزانانم دیت، گەشبینم لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی نێودەوڵەتی بۆ داهاتوو".
 
ئەو لەبارەی خەڵکی هەرێمە کوردستانیشەوە، گوتی "خۆشەویستییەکی زۆر لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبینم و پێموایە دەتوانن پاڵەوانێتی گەورەتر ساز بکەن، بە تایبەت لە هەولێر".
 
خەڵاتەکان لە هەولێر دابەشکران
 
هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق نازناوێکی دیکەی زیادکرد و هەڵبژاردەی سعودیە و هەڵبژاردەی لیبیا پلەی دووەم و سێیەمیان گرت، لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووانی کچان هەڵبژاردەی عێراق بێ رکابەر بوو لە بردنەوەی نازناوەکە و کچانی هەڵبژاردەی سعودیە و کچانی هەڵبژاردەی ئوردن نازناوەکانی دووەم و سێیەمیان وەرگرت.
 
دوای تەواوبوونی پاڵەوانێتییەکەش لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە یەکێک لە میوانخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر، بە ئامادەبوونی عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر جام و خەڵاتەکانی پاڵەوانێتییەکە بەسەر هەڵبژاردەکاندا دابەشکران.
 
33 نازناو بۆ کچە پاڵەوانەکانی کورد
 
لەم رکابەرییەدا 8 کچە یاریزانی کورد نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراقیان کرد، ئەوان دوای نمایشکردنی ئاستێکی بەرز، بە بردنەوەی 33 میدالیای جۆراوجۆر رۆڵێکی گەورەیان لە ئەنجامە باشەکانی تیپەکەیان هەبوو، دەسکەوتی کچە یاریزانانی کورد بەمشێوەیە بوو: 
 
ئیسرا موحسین دوای بردنەوەی 3 میدالیای زێڕی پاڵەوانێتییەکە، خەڵاتی باشترین کچە یاریزانی پاڵەوانێتییەکەی پێشکەشکرا.
 
ئیناس موحسین 6 میدالیای زێڕ، وارڤین کۆسرەت 1 میدالیای زێڕ و 2 میدالیای زیو، ئیمان محەممەد 3 میدالیای زیو و 3 برۆنز، دەریا محەممەد 3 میدالیای زیو و 3 میدالیای برۆنز، ئۆشین موحسین 3 میدالیای زیو، رازاوە لوقمان 3 میدالیای زیو لەگەڵ 1 میدالیای برۆنز و رەیان لوقمانیش 3 میدالیای زیوی بەدەستهێنا.
 
پاڵەوانی تۆکیۆ
 
فارس ئیبراهیم حەسونە، یاریزانی بەرزکردنەوەی قورسایی هەڵبژاردەی قەتەر و خاوەن میدالیای زێڕی یارییەکانی ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ، یەکێک بوو لە یاریزانە هەرە بەنێوبانگە بەشداربووەکانی پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب لە شەقڵاوە، حەسونە بە بەشداریکردنی هێز و گەرموگوڕییەکی زۆری بەخشییە پاڵەوانێتییەکە، کە توانی 3 میدالیای زێڕ بباتەوە.
 
حەسونەی پاڵەوان زۆر شەیدای سروشتی شەقڵاوە بووە و بڕیارە سبەی یەکشەممە بگەڕێتەوە دەوحە، پاڵەوانە قەتەرییەکە بۆ رووداو قسەیکرد و روونیکردەوە "سەرسامم بە شاخە بەرزەکانی کوردستان، بەڕاستی شوێنێکی گونجاوە بۆ راهێنان و پشوودان، هەروەها خەڵکی ئێرە زۆر هاندەرمن، دڵخۆشم بەو پاڵپشتییەی ئەوان". 
 
عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق کە هاندەرێکی سەرەکی یاریزانانەکان بوو لە کاتی نمایشی پاڵەوانێتییەکەدا، بە رووداوی راگەیاند "ساڵی 2022 لە هەموو خەڵکی عێراق و گەلی عەرەب پیرۆز بێت، من دەمەوێت میوانداری زۆرترین پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی بکەین، هەروەها مەلەفی میواندارێتی پاڵەوانێتیی تیروکەوانی جیهانمان بەرزکردووەتەوە، دەمانەوێت لە ساڵی نوێ زۆرترین رووداوی وەرزشی جیهان لە عێراق بەڕێوەبچن".
 
جاری سێیەمە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە ئەمساڵ ململانێی پاڵەوانانی عەرەب لە لایەن 23 ناوبژیوان نێودەوڵەتی چاودێری کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە