پۆدکاستەکانی رووداو گەیشتنە جیهان

31-10-2023
فەرمان ساڵح
A+ A-

یەکەمجار کە دەستمان بە بەرهەمهێنانی پۆدکاست کرد، بەهۆی ئەوەی بۆ گوێگری کورد، بەتایبەت ئەوانەی تەنیا زمانی کوردی دەزانن شتێکی تازەبوو، کەمێک نیگەران بووم، پێموابوو شتێک دەکەین کاتی زۆری دەوێت تاوەکو جێگەی خۆی دەگرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆر زوو پۆدکاستەکانی رووداو بوونە جێی سەرنجی وەرگران. 
 
ئێستا لەنێو ئۆتۆمبێلەکان، لە ماڵ، لە شوێنی وەرزشکردن و شوێنە گشتییەکان کەسانێکی زۆر گوێ لە پۆدکاستەکانی رووداو دەگرن. لە ماوەی سێ مانگ دا تەنیا ئەو ریل و ڤیدیۆ کورتانەی لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیادا بڵاومان کردوونەتەوە، نزیکەی 15 ملیۆن بینەریان هەبووە، بۆیە دڵنیام لە داهاتوویەکی نزیک دا لە کوردستانیش وەکو وڵاتانی دیکەی جیهان گوێگری پۆدکاستەکانی رووداو زۆر زیاد دەکات.
 
پۆدکاست وەکو شێوازێکی گەیاندنی پەیام لە میدیای نوێ دا بە ملیۆنان گوێگری هەیە، ئێستا لە جیهان دا نزیکەی 500 ملیۆن گوێگری پۆدکاست هەن. پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە تاوەکو ساڵی 2024 نزیک ببێتەوە لە یەک ملیار گوێگر لە هەموو جیهان.
 
پۆدکاست بریتییە لە نێوەڕۆکی دەنگی/ڤیدیۆیی لەبارەی بابەتێکی دیاریکراو، تۆ دەتوانیت سەبسکرایبیان بکەیت و لە هەر شوێنێک و هەرکاتێک حەزت لێبوو گوێیان لێبگریت. وەرگری ئەم شێوازە لە ئەنجامی سەرقاڵی و کەمیی کات، رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە، چونکە بەکارهێنانی زۆر ئاسانە و دۆزینەوەی گفتوگۆ و پۆدکاستە دڵخوازەکان زۆر ئاسانە.
 
زۆربەی بەکارهێنەرانی پۆدکاست بە بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکانیان گوێ لە نێوەڕۆکی دەنگی دەگرن، لە رێگەی ئەپێکی بەنێوبانگی پۆدکاستەوە وەک ئەپڵ یان سپۆتیفای یان هەر ئەپلیکەیشنێکی دیکە. بەشێکی گوێگرانی پۆدکاستیش لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیانەوە گوێ لە پۆدکاست دەگرن، بۆ گوێگرتن لە پۆدکاست بەراورد بە میدیای دیکە بژارەی زۆرتر لەبەردەم وەرگرەکاندان.
 
ئەو ئەپلیکەیشنانەی زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە بۆ گوێگرتن لە پۆدکاست بە پلەی یەکەم ئەپڵ پۆدکاستە کە تاوەکو مانگی شوباتی 2023، 38.7%ی هەموو گوێگرانی پۆدکاست لەوێوە گوێیان لە پۆدکاست گرتووە و نزیکەی 50 ملیۆن پۆدکاست لەسەر ئەو ئەپلیکەیشنە دابەزێنراون. پۆدکاستەکانی رووداویش لەوێ بەردەستن.
 
دواتر سپۆتیفای ریزبەندی دووەمی هەیە بە 28%ی بەکارهێنەرانی پۆدکاست و زیاتر لە 35 ملیۆن پۆدکاستیش لەسەر ئەپلیکەیشنەکە داونلۆد کراون. پۆدکاستەکانی رووداویش لەوێ بەردەستن. زیاتر لە 50%ی پۆدکاستەکان کاتەکەیان لەنێوان 20 بۆ 60 خولەکدایە. کەمتر لە 10%ی پۆدکاستەکان کورتترن لە 10 خولەک و، نزیکەی 17% درێژترن لە 60 خولەک.
 
لە ئەمریکا ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 35-44 ساڵیدایە، 22٪ گوێگرانی پۆدکاست لەو وڵاتە پێکدەهێنن، هەروەها ئەو کەسانەی تەمەنیان 12-34 ساڵ دەبێت، 66%ی گوێگرانی پۆدکاست لە نێوخۆی ئەمریکا پێکدەهێنن و ژمارەی گوێگرانی پۆدکاست کەم دەبێتەوە لەگەڵ زیادبوونی تەمەن.
 
43%ی پیاوانی ئەمریکی و 48%ی ژنانی ئەمریکی گوێ لە پۆدکاستەکان دەگرن. لە ساڵی 2022 دا بەرازیل پلەی یەکەمی بەدەستهێنا لە بەکارهێنانی پۆدکاست دا، دواتر سوێد و مەکسیک لە پلەی دووەم دا هاتن. لە کۆریای باشووریش ژمارەیەکی زۆری خەڵک گوێ لە پۆدکاست دەگرن، 58%ی بەتەمەنەکانی کۆریای باشوور گوێ لە پۆدکاست دەگرن. هەروەها 18%ی گەورەکان لە بەریتانیا هەموو هەفتەیەک گوێ لە پۆدکاستەکان دەگرن.
 
مانگانە نزیکەی 40٪ی کەنەدییەکان کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، گوێ لە پۆدکاستەکان دەگرن. 49%ی ئیتاڵییەکان کە تەمەنیان 18 ساڵ بەسەرەوەیە، لە ساڵی رابردوودا گوێیان لە پۆدکاستێک گرتووە. دوای پۆدکاستە هەواڵییەکان، میوزیک و هونەر ژانری پەسندکراوی 45%ی گوێگرانی پۆدکاستن لە ئیتاڵیا.
 
ئەو ئامارانە کە لەلایەن کۆمپانیای Edison Research دوای ئەنجامدانی راپرسییەک لە ساڵی 2023 بڵاوکراونەتەوە، ئاماژەن بۆ گرنگیی پۆدکاست وەک شێوازێکی میدیایی بۆ گەیاندنی پەیام بە وەرگرەکان لە هەر کوێیەکی جیهان بن، دەزگا میدیاییە جیهانییەکانیش بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن، هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانی شێوازی ژیان و سەرقاڵی خەڵک، میدیاکان بەردەوام دەیانەوێت رێگەی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ئەوەی وەرگرەکانیان لەدەست نەدەن. بۆ ئەم قۆناخەی ئێستا پۆدکستەکان باشترین و ئاسانترین شێوازی گەیاندنن لە هەموو جیهان دا، چونکە میدیای کلاسیک بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، کەمیی کات، سەرقاڵیی زۆری خەڵک بە کار و مانەوەی زۆر لەنێو ئامرازەکانی گواستنەوە بۆ گەیشتنە شوێنی کارەکانیان، خەریکە وەرگرەکانی لەدەستدەدات.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە 15ی تەممووزی 2023، بەشێوەیەکی فراوان دەستی بە بەرهەمهێنانی پۆدکاست کرد، لە 01ـی نۆڤەمبەری 2023 وەرزێکی نوێی پۆدکاست دەست پێدەکات و ژمارەیەک پۆدکاستی نوێ لەلایەن کەسایەتییە دیار و گەنجە بەتواناکانی کورد پێشکێش دەکرێن.
 
لە وەرزی نوێ دا، تۆڕی میدیایی رووداو هەفتانە 24 پۆدکاستی جیاواز لە هەموو بوارەکانی هەواڵ و بەدواداچوون، ئابووری، کۆمەڵایەتی، تەندروستی، هونەری، ئەدەبی، ئایینی، وەرزشی و تەکنەلۆژیا دەخاتە بەردەستی وەرگرەکانی.
 
تۆڕی میدیایی رووداو یەکەم میدیای کوردستانی و عێراقییە پۆدکاستی بەو فراوانییە بەرهەمهێناوە و لە پلاتفۆڕمە جیهانییەکاندا دەیخاتە بەردەستی گوێگرانی کورد و لە داهاتووشدا بە زمانەکانی دیکە پۆدکاست بەرهەم دەهێنێت. پۆدکاستەکانی رووداو ئێستا لەسەر پلاتفۆڕمە جیهانییەکانی پۆدکاست بەردەستن، گوێگرانی پۆدکاستەکانی رووداو دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیان ئەو پلاتفۆڕمانە بەکاربێنن و بەدوای پۆدکاستی دڵخوازی خۆیاندا بگەڕێن.
 
رووداو بۆ ئاسانکاریی زیاتر و بژارەی زۆرتر بۆ وەرگرەکانی، هەوڵیداوە پۆدکاستەکان لە بەشی زۆری پلاتفۆڕمە جیهانییەکانی پۆدکاست بەردەست بن، بۆ گوێگرتن لە پۆدکاستەکانی رووداو، دەتوانن لە رێگەی ئەو پلاتفۆڕمانەوە پۆدکاستەکانی رووداو بدۆزنەوە، لە بەشی گەڕاندا تەنیا بەدوای ناوی رووداودا بگەڕێن، دەتوانن هەموو پۆدکاستەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بدۆزنەوە و دەتوانن پۆدکاستی دڵخوازی خۆتان هەڵبژێرن.
 
پۆدکاستەکانی رووداو، بەرهەمی دەنگی/ ڤیدیۆیی تۆڕی میدیایی رووداون، لە ماڵپەرێکی تایبەت بە پۆدکاست و لەسەر پلاتفۆڕمە جیهانییەکانی پۆدکاست بڵاودەبنەوە، لە بواری جیاواز و لەلایەن کەسانی شارەزا و بەنێوبانگەوە پێشکێش دەکرێن. ئامانجی سەرەکیی رووداو پۆدکاست، پێدانی زانیارییە بە وەرگرەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەموو جیهان. 
 
پۆدکاستەکانی رووداو جیا لە ماڵپەڕی "podcast.rudaw.net" لەسەر ژمارەک ماڵپەڕ و پلاتفۆڕمی جیهانیی بەنێوبانگی پۆدکاستیش هەن.  لەسەر مۆبایلەکانتان دەتوانن ئەپلیکەیشنی ئەپڵ پۆدکاست بکەنەوە و لە بەشی گەڕاندا بنووسن رووداو یان رووداو پۆدکاست، پۆدکاستەکانی رووداوتان نیشاندەدات، دەتوانن لەوێ پۆدکاستی دڵخوازی خۆتان فۆڵۆ بکەن و رۆژانە یان ئەو کاتانەی ئارەزوو دەکەن گوێ لە پۆدکاست بگرن.
 
یەکێکی دیکە لە پلاتفۆڕمە بەنێوبانگەکانی پۆدکاست، پۆدکاست ئندێکسە "podcastindex"، وەرگرانی رووداو دەتوانن لەسەر ئەو پلاتفۆڕمەش بەدوای پۆدکاستەکانی رووداودا بگەڕێن. 
 
پۆدکاستەکانی رووداو لە پلاتفۆڕمەکانی ئەمەزۆن میوزیک و سپۆتیفای (spotify)یش بەردەستن، کە دوو پلاتفۆڕمی ناسراوی جیهانیین، بۆ ئەو کەسانەش کە سیستمی مۆبایلەکانیان ئەندرۆیدە، دەتوانن لەسەر ئەو پلاتفۆڕمانە گوێ لە پۆدکاستەکانی رووداو بگرن: iHeart, Pocket Casts, Castbox, Podcast Addict.
 
وەرگرانی رووداو شایەنی ئەوەن باشترین بەرهەم و نوێترین زانیارییان پێشکێش بکرێت، بۆیە تۆڕی میدیایی رووداو وەرگرەکانی خۆی لەو گۆڕانکارییە خێرایانەی میدیا بێبەش ناکات، بەردەوام هەموو زانیارییەکی نوێ لەگەڵ ئێوە بەش دەکات. رووداو لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان دا فراوانتر دەبێت.
 
فەرمان ساڵح، رۆژنامەڤان و بەڕێوەبەری رادیۆی رووداو

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دڵنیا رەحمان

جیهان لە چاوی کامێرای کوردستان دا

کچێکی کوردی سنەییم، کۆڵەپشتی رۆژنامەڤانیم لە پشتە، دەچم بۆ نێو جەرگەی شەڕێکی گەورەی نێوان بە رواڵەت دوو دەوڵەت، بەڵام تۆ وادابنێ دوو جەمسەری جیهان. هەرچەند رووماڵی شەڕ مەترسیدارە، بەڵام کارەکە هەستێکی تایبەتم پێدەدات، لەبەرئەوەی ئێمەی کورد زۆر کارەساتمان بەسەر هاتووە و گلەییمان هەبووە کە راگەیاندنی دنیا وەک پێویست بایەخی پێنەداون، کە کۆڕەوی بەهاری 1991ی باشووری کوردستانیش روویدا، هەر راگەیاندنی جیهان بوو، کردییە رۆژەڤی گەورە و جیهانی لێ ئاگادارکردەوە، کەواتە کورد لە بایەخی میدیا تێگەیشتووەو، ئێستا خۆی خاوەنی دەزگایەکی میدیایی ئەوتۆیە کە رووداوەکانی جیهان بە زمانی کوردی دەگوازێتەوە و بە زمانی دیکەش لەگەڵ جیهان دا بەشی دەکات.