كاردانەوەی گرووپە شیعەكان بەرامبەر جووڵە سەربازییەكانی ئەمریكا

29-08-2023
یاسین تەها
A+ A-
 
ماوەی چەند رۆژێكە جووڵە سەربازییەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، باسی گەرمی شەقام و سۆشیاڵمیدیا و جێگەی دڵەخورتێی لایەنە شیعییە حوكمڕانەكانی عێراقیشە. 
 
بەشێك لە عێراقییەكان بەتایبەت ئەوانەی ناڕازی یان نەیاری ئەم پرۆسە سیاسییەی ئێستان، هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو کە ئەو جووڵەیە سەرەتای كۆتایی ئەم دۆخە حوكمڕانییە بێت، كە لەسەر بنەمای بەخشینەوە و پشك پشكێنەی تایفی و حیزبی و گەندەڵییەكی بەهێزتر لە یاسا و سیستم دانراوە، بەڵام دیوە شاراوەكانی جموجووڵەكە ئەوە دەردەخەن كە شەقامی عێراقی جگە لەوەی زۆرجار گرێدراوی "تیۆری پلان"ـە، هێشتاش وەها تەماشای ئەمریکا دەكات كە هێزێكی خێرخوازە و كاری ئەوەیە ئەو رژێمانە بڕوخێنێت كە بۆ گەلەكانیان خراپن، وەک ئەوەی لە 2003، لە دژی سەدام حوسێن کردی. بێگومان هەڵمەتی بەهێزی پڕوپاگەندەش لەمەدا رۆڵی هەیە.  
 
ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، سنوورێكی بۆ دەنگۆ و مقۆمقۆكانی شەقامی عێراقی دانا و رایگەیاند كە ئەوەی لەبارەی جووڵەی سەربازانی ئەمریکاوە هەیە لەلایەك جێگۆڕكێی ئاسایی هێزەكانە، لەلاكەی دیکە هیچ پەیوەندییەكی بە نێوخۆی عێراقەوە نییە. نەك هەر ئەوە، رۆمانۆوسكی ژنە بەهێزەكەی ئەمریکا لە عێراق جەختی لەوەش كردەوە، "واشنتن مكوڕە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەكانی لەگەڵ بەغدا."
 
هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا یەكێك لە فەرماندەكانی حەشد كە وەعد قەدۆیە و فەرماندەی لیوای 30یە ئەوەی دركاند كە ئەمریكییەكان لە واشنتن بەڕوونی بە شاندی سەربازیی عێراقییان گوتووە، نیازیان هەیە سنووری عێراق لەگەڵ سووریا كۆنترۆڵ بكەن و بۆ ئەمەش 2500 سەرباز دەگۆڕن بە چەكدارانی "پاسەوانی نیشتمانی" ویلایەتی ئۆهایۆ، بەم پێیەش جموجووڵەكە بە ئاگاداری پێشوەختەیە و ئامانجەكەی لە دەرەوەی عێراقە. 
 
ئەگەرچی ئامانجە راگەیێنراوەكەش سووریایە، بەڵام دوور نییە لێكەوتەی جموجووڵەكە لەسەر عێراق و ئاسایشی نێوخۆیشی دەركەوێت، چونكە لەمپەر دروستكردن بۆ رێگەی تاران - دیمەشق و چاودێریكردنی زیاتری كە یەكێكە لە ئامانجەكانی پرۆژەكە، پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، بەو پێیەی بە عێراقدا گوزەر دەكات. 
 
هەروەها وێستگەكانی پاراستنیشی لە دەستی هەندێك گرووپی چەكداری شیعەدایە كە فەرمان لە تارانەوە وەردەگرن. جگە لەم ئامانجەش پێدەچێت ئەمریکا پتەوتركردنی ئاسایشی ئیسرائیل و گەمارۆدانی زیاتری رژێمی ئەسەدی لە سووریا مەبەست بێت، بەتایبەت كە بەم دواییە چەند هەنگاوێك لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی چووەتە پێشەوە. دەسەڵاتدارانی تارانیش بەڕوونی ئەم پێشهاتانەیان خوێندووەتەوە و ئەوەتا لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوەی ئێرانەوە جگە لە راگەیاندنی دژایەتی بۆ جووڵە و بڵاوەپێكردنی ئەمریكییەكان، هانی حكومەتی عێراقیش دەدەن قبوڵی نەكات. هەر لەم كاتەشدا گوشارەكانیان تووند كردووەتەوە بۆ ئەوەی عێراق بەپەلە هێزە كوردییە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان چەك بكات و بەر لە 19ی سێبتەمبەر/ ئەیلوولی 2023 بیانخاتە ناو كەمپی تایبەتەوە.
 
جووڵەكانی ئەمریکا لە بەری عێراقەوە هاوكاتن لەگەڵ خرۆشانێكی نوێ لە نێوخۆی سووریا و لە بەشی باشوورەكەی، بەتایبەت كە ناونیشانە سەرەكییەكەی رەتكردنەوەی هەڵگرتنی كۆمەكە لەسەر سووتەمەنی و ناڕەزایی دەربڕینە لە دژی گرانی و بۆ باشكردنی بژێوی خەڵكە، بەڵام هەندێك سەرچاوەی شیعی ئەو خرۆشانە هاوشێوەیەی 2011 بە بەشێک لەو پلانە ئەمریكییە دەزانن، كە ئامانجی دروستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنییە لەسەر شێوەی هەرێمێك یان ناوچەیەكی دابڕاو لە باشووری سووریا لەسەر شێوەی كانتۆنەكانی رۆژئاوا، بەم جۆرەش هەم رژێمی سووریا لە باكوور و باشوورەوە گەمارۆ دەدرێت هەم عێراقیش دەبێتە هاوسنووری هەرێمێكی دیکەی سووری لە دەرەوەی رژێمی ئەسەد، ئەوەشی ئەم گومانانە زیاتر دەكات سەردانی فەرماندەی هێزەكانی ئەمریکا (Centcom)، مايكل كوريلا بوو بۆ ناوچەكانی بندەستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سێیەم جار لە ماوەی ئەمساڵدا بەتایبەت رۆژهەڵاتی فورات، لەم ناوچە كوردییەش چاوی بە فەرماندەكانی هەسەدە كەوتووە، جگە لە ئەویش چەند كۆنگرێسمانێك ناوچەكانی بندەستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایان بەسەر كردووەتەوەتەوە و جارێكی دیکە سووریایان خستووەتە چەقی گرنگیپێدان، لەكاتێكدا کە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بڕیاری دابوو لە سووریا بكشێتەوە.
 
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسایب پێیوایە، ئامانجی ئەمریكییەكان "دروستكردنی هەرێمێكی دیکەیە لەسەر سنووری عێراق"، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە سەرباری ئەم زانیارییانە لای گرووپە شیعەكان، هێشتا كاردانەوەكەیان ساردە و هیچ لە ئاست قەبارەی پێشهاتەكە نییە، چ لە ناو حەشدی شەعبی چ ئەوانەیان راستەوخۆ سەر بە ئێرانن یان هاوپەیمان و نزیكن لە تارانەوە.  
               
لەكاتێكدا جگە لەوەی کە ئەوان خۆیان بە بەشێك لە "بەرەی موقاوەمە" دەزانن، لە سەرەتای 2020 بە تۆپزی بڕیارێكیان بە پەرلەمانی عێراق دەركرد بۆ دەركردنی هێزە سەربازییە بیانییەكان لە عێراق لە پێش هەموویانەوە هێزەكانی ئەمریکا. تاوەکو ئێستا ئەو گرووپانەی كاردانەوەیان هەبووە دژی جموجووڵە نوێیەكەی ئەمریکا تەنیا "بزووتنەوەی نوجەبا" و "كەتیبەكانی حیزبوڵڵان"، یەكەمیان لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسییە و داوای بەرەنگاربوونەوەی جووڵەكانی ئەمریکا دەكات و دووەمیشیان لە راگەیێنراوەكەیدا هەڵویستێكی روون و ئاشكرای وەهای دەرنەبڕیووە كە كرداری بەدوادا بێت و هەردووكیان زیاتر دەربڕینی ئینشاییان بەكارهێناوە.  
 
بۆچوونێك هەیە پێیوایە کە سەرقاڵیی حەشد و گرووپە چەكدارەكانی شیعە بە حوكمڕانی و دابەشكردنی ئیمتیازاتی دەوڵەت، وایکردووە کەمتر بیر لە بەرەنگاری جووڵەی ئەمریکا بکەنەوە، بەتایبەت كە دەركەوت ئەمریکا دۆلاری لە عێراق بەدەستە. 
 
لێكدانەوەیەكی دیکەش بەدووری نازانێت بێدەنگییەكەیان بە پلان و بەرنامە و رێككەوتن بێت لە نێوان ئێران و ئەمریکا كە تائێستا جگە لە ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران، رێككەوتنێكی رانەگەیێنراوی ناڕاستەوخۆی لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران لێ ئاشكرا بووە. 
 
لەم نێوانەشدا ئەگەرێک هەیە كە ئەمریكییەكان لە رێگەی حكومەتی عێراقەوە گرووپە شیعەكانیان ناچار بە بێدەنگی كردبێت، بەتایبەت كە فەرماندەی لیوای 30ی حەشد ئەوەی دركاندووە، کە ئەمریكییەكان داوای گرەنتییان كردووە، كە گرووپە چەكدارەكانی شیعەی عێراق بەگشتی خۆیان بەدوور بگرن لەو جموجووڵە سەربازییەی کە ئامانجەکەی ئەودیوی شارۆچكەی قائیم و پارێزگای ئەنبارە.  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

راستە عێراق کێشەی نەختینەی پارەی هەیە؟

لە کۆتاییدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا راستە عێراق کێشەی نەختینەی هەیە؟ بەڵێ راستە عێراق کێشەی نەختینەی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمیی داهاتی نەوت و کەمیی نرخی نەوت یاخود نەبوونی پارە و نەخستنەڕووی دۆلارەوە نییە، بەڵکو بەهۆی سیاسەتی ئابووریی خەرجی دەوڵەتەوەیە، کە لە یەک مانگدا خەرجییەکان بەڕیژەی نزیکەی 300% هێندە زیادی کردووە.