قۆناخی پۆست بەرهەم ساڵح

25-02-2020
رێبوار کەریم وەلی
نیشانەکردن بەرهەم ساڵح
A+ A-
(1)
 
رێككەوتنی باڵە ناڕازییەكانی ناو یەكێتی، بەتایبەتیش ماڵباتی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ (بە پاڵپشتیی كەركووكییەكان)، جۆرێك بوو لە دابەشكردنی دەسەڵات لە نێوان دوو ماڵبات و رازیكردنی ئەوانی دیكەش. هاوكات بەرهەم ساڵحیشی بە یەكجاری لە هاوكێشەی دەسەڵاتی ناو یەكێتی ئاوت كرد؛ بەپێی ئەو دابەشكارییەی ئێستا، سەرۆك بەرهەم ساڵح جگە لە ئەندامێكی سادەی سەركردایەتی (ئەویش بە تەزكییە) هیچ پێگەیەكی دیكەی لەناو یەكێتیدا نەماوە.
 
كشانەوەی بەرهەم ساڵح لە مەسەلەی هاوسەرۆكی، كاری باڵەكانی ناو یەكێتیی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن ئاسان كرد. چونكە بەرهەم ساڵح باڵ نەبوو، بگرە هەمیشە بەپێی بەرژەوەندیی خۆی و بۆ گەیشتن بەوەی خۆی دەیویست لە پەنای باڵێكدا بوو. با لە كوێوە هاتبایە، چارۆگەی بۆ هەڵدەدا. 
 
سەرئەنجام، دوای ئەوەی ماڵباتی تاڵەبانی تا دوائەندازە بەكاریان هێنا، گەورەترین پشت و پەناشی كە كۆسرەت رەسوڵ بوو، لە بەرامبەر راكێشانی سێپایەكی ژێر پێی بێدەنگیی نواند و لە ژوورێكی رووناكدا، بڕیاری دا چیتر شەڕ بۆ بەرهەم ساڵح نەكات. ئەو ئاڵایەی كە لە ماراتۆنی سەرۆكایەتیی كۆماردا دابوویانە دەستی و وایدەزانی تا كۆتایی دەیبات، لێی وەرگیرایەوە و كەوتە دەستی ئامۆزاكان.
 
رەنگبێ لە دەیەی رابردوودا، لەڕووی خوڵقاندنی ئانارشیزمی سیاسییەوە، هیچ كەسێك بەقەدەر بەرهەم ساڵح لەناوخۆ و دەرەوەی یەكێتی ئەسپی تاو نەدابێت، بەشێكی زۆر لە قەیرانەكانی ناو یەكێتی و دەرەوەی یەكێتی بەرهەمی ململانێی سیاسیی بەرهەم ساڵح بوون بۆ گەیشتن بەوەی كە دوای تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ببێ بە واجیهەی سەركردایەتیی سلێمانی. لەو پێناوەشدا، دەرەوە و ناوەوەی یەكێتی (بە وڵاتانی ئیقلیمیشەوە) بەكارهێنا، بەڵام لەو كەین و بەینەدا، بەشێكی زۆر لە پردەكانی پشت خۆیشی رووخاندن كە پارتی یەكێك بوو لە گرنگترینیان.
 
رەنگبێ بە تەواوەتی مەعلوم نەبێ كە رۆڵی داهاتووی بەرهەم ساڵح لە ئاییندەی یەكێتیدا چی دەبێت، بەڵام ئەوە مەعلومە كە ئیتر لەم دابەشكارییە تازەیەدا جێگەیەك بۆ قەبارەی ناوەكەی نەماوە و ناشتوانێ وەكو كۆسرەت رەسوڵ لە حاڵەتی پێكهەڵنەكردنی ئامۆزاكاندا رۆڵی یەكلاكەرەوە ببینێ لە بەلاداخستنی كێشەكاندا. یان بتوانێ گرەو لەسەر پەیوەندیی ئامۆزاكان لەگەڵ پارتیدا بكات. بۆیە ئاییندەیەكی وەك فوئاد مەعسووم چاوەڕێی دەكات.
 
ئەو ئاوەی رژا
(2)

 

رێگریی پارتی لەوەی كە گۆڕان لە كابینەكەی نووری مالیكیدا وەزارەتێك وەرگرێت، بە هەمان شێوە رێككەوتنی تاكلایەنانەی شانزدەی ئۆكتۆبەر و هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارێكی كورد بە دەنگی شیعە و عەرەب و، تۆڵەسەندنەوەی دووبارەی پارتی لە یەكێتی بەوەی كە لە كابینەی عەبدولمەهدیدا وەزارەتیان پێ نەدرێت، هەمووی دەلالەتی ئەوەن كە شتێك بەناوی ئیجماعی سیاسیی ناو ماڵی كوردی دەمێكە لەناوچووە. لەناو ئەو رووداوانەدا، رەنگبێ مەترسیدارترینیان بۆ ئاییندەی سیاسی و پێگەی كورد لە بەغدا، هەڵبژاردنی تاكلایەنانەی سەرۆككۆمار بووبێت كە میلادێك بوو بۆ زۆر هەنگاوی دیكە لەوانەی ئەمڕۆ دەبینرێن.
 
رەنگبێ ئەو رۆژانەی بەرهەم ساڵح، بێ پشتیوانی و وەكو تەحەدداكردنی بارزانی چووە ناو ململانێی سەرۆككۆمارییەوە، زۆر كەس ئەنجامەكەیان تەنیا وەكو سەركەوتن و ژێركەوتنێكی سیاسی دیتبێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەم كردەوە تاكڕەوانەیە، سەرەتایەكی مەترسیدار بوو. ماڵباتی تاڵەبانی هەردوو جێگری سكرتێری گشتییان لە ململانێیەك خزاند كە دواتر تووشی تەجریدی سیاسیكردن.
 
هەڵبەتە مافی رەوای سەرۆك بەرهەم ساڵح بوو وەك سیاسییەك ببێ بە سەرۆكی ئەو وڵاتە كەلاوەیەی پێیدەڵێن عێراق، بەڵام دەرهاوێشتەكانی ئەو كارە ئێستا روون دەبنەوە كە حەمە تۆفیق عەللاویش وەك عەبادی نایەوێ حیساب بۆ رای حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بكات و وەزیرە كوردەكانی، بە پشتیوانیی سەرۆككۆمار و دەنگی موقتەدا و هادی عامری بە پەرلەماندا تێپەڕێنێ. دیار نییە بۆی دەچێتە سەر یان نا؟ بەڵام ئاوێك رژاوە تازە ناگەڕێتەوە ناو جۆگە.
 
بەرهەم ساڵح دەزانێ ئیتر بەغدا دوا مەنزڵ و پەناگەی سیاسییەتی، بۆیە بەو جۆرە قەرەبووی پێگەی لەدەستچووی خۆی دەكاتەوە و تەنانەت هەوڵ دەدات خۆی وەكو نوێنەری كوردستان وێنا بكات. تا ئێستا پارتی بە ئەعسابێكی ساردەوە مامەڵە دەكات و خۆی لە كاردانەوەی توند پاراستووە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە وەك بابەتی سەرۆككۆمار وا بە ئاسانی بەسەر كەسدا تێپەڕ نابێت و باجەكەی زۆر قورسە.
 
لە بەرلین هەیە، لە هەولێریش هەیە؟
 
(3)
 
ساڵی 1750، ئەو كاتەی فرێدریكی دووەم پاشای ئەڵمانیا دەبێت، پاشا لەگەڵ ئاشەوانێكی هەژار تووشی كێشە دەبێت، پاشا دەیەوێ زەوی و ئاشەكەی لێبكڕێت و بیخاتە سەر باخی كۆشكەكەی خۆی، ئاشەوانیش رازی نییە بیفرۆشێت. وایلێدێت فرێدریك بەوپەڕی تووڕەییەوە داوا دەكات كابرای ئاشەوانی بۆ بێنن. پاشا بە ئاشەوان دەڵێ من پاشای ئەم وڵاتەم و چیم بوێ دەتوانم بیكەم، بەڵام پێم ناڵێی تۆ بە چی دەنازی؟ ئەویش دەڵێ راستە، بەڵام لە بەرلینیش دادوەری لێن كە دەتوانم پەنایان بۆ ببم و تۆش ناتوانی لە بڕیاری ئەوان دەرچی. فرێدریك واز لە كڕینی زەوی كابرا دێنێ و دەبنە دراوسێی یەكتری.
 
بەڵێ لە بەرلین دادوەری لێبوو، هەتا ئێستاش هەر لێیەتی، بەڵام هەموو ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە بارەی ئەو كچە هەشت ساڵانەیە بیستم، دیتم و خوێندمەوە، دەلالەتە لەوەی كە سیستەمی دادوەری لای هاووڵاتیانی كوردستان متمانەی لەدەستداوە. هێشتا مرەكەبی روونكردنەوەی گەورەترین دەسەڵاتی دادوەری وشك نەبووەتەوە، دادگا بڕیارێك دەردەكات كە 180 پلە جیاوازە! كامیان راستن؟
 
عەدالەت بنچینەی سەرەكیی ژیانی بەكۆمەڵە و بە پیادەكردنی ئەرك و مافی یەكسان بۆ هەمووان دەستبەر دەبێ. لە هەر شوێنێك متمانە بە دەسەڵاتی دادوەری نەما، ئەوە نیشان دەدات كە عەدالەت نەماوە و، فەرقی هەولێر و بەرلینیش لەوەدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

کورد کڵاوى کردە سەر خۆی

چونکە شەڕى ئیسرائیل خەریکە لە ناوچەکەدا فراوان دەبێت، هەروەها گەڕانەوەى دۆناڵد ترەمپ لە بەرژەوەندیی هەژموونى شیعە نییە، شیعەکان پەلەیانکرد لەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بە سوننەیەکى سەر بە پڕۆژەى ئێرانى پڕ بکەنەوە. دەبوو کورد رێگەى نەدابا ئاوا بە ئاسانى ئەو چەکەى دەستیکەوتبوو تەسلیم بە شیعەى بکاتەوە. لانى کەم دەیتوانى بیکردایەتە مەرجى راگرتنى ئەو پرۆسە سەرژمێرییەى وەک ئامرازێک بۆ بردنەپێشەوەى قۆناخێکى دیکەى تەعریب بەکارى دەبەن... چۆن کورد بە بەخشینى کورسییەکانى سەدر بە شیعە وەلائییەکان، بەرەى نەیارەکانى خۆى بەهێزکرد، ئەمجارەش بە پێشکەشکردنى بێبەرامبەرى سەرۆکى پەرلەمان بەهەمان ئەو بەرەیە، کڵاوێکى مەکسیکى خستە سەر خۆى. زۆر ناخایێنێت شەقى ئەم هەڵەیەش دەخۆین.