سەرەتا، گرنگە ئەو تێگەیشتنەمان هەبێت کە ئەوەی لە سووریا روودەدات دووجار کاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان، جارێک کە پەیوەندارە بە عێراق، هەر کاریگەرییەکیش لە عێراق لێکەوتەی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان، جارێکیش کە راستەوخۆ پەیوەندارە بە هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە ناوچەکەدا، چونکە هەر رووداوێک کە کاریگەری هەبێت لەسەر پرسی کورد لە ناوچەکەدا راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستانیش، بە واتایەکی تر هەرێمی کوردستان چەقی سیاسی و ئابووری و دەستووری پرسی کوردە نەک تەنیا لە ناوچەکەدا بەڵکو لە ئاستی سیاسەتی جیهانیشدا، بەڵام بەداخەوە ئێمە زۆرجار دەمانەوێت بچووکی بکەینەوە بۆ ئاستی بەرژەوەندی حزبی، هەندێک جاریش تەنیا لە پرسی ململانێی پارتی و یەکێتی و پەکەکەدا دەیبینین!
رووداوەکانی دوای روخانی رژێمی ئەسەد لە سووریا و لە چەند گۆشەیەکەوە پەیوەندارن بە هەرێمی کوردستان، جارێک وەک دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگیی نێوان هێزە هەرێمییەکان لە سووریا، جارێکیش وەک داڕشتنەوەی هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان (کورد و شیعە و سوننە و کەمینەکانی تریش) و ئاییندەی پرسی کورد لە سووریا، کە دیسان لە هەردوو ئاستدا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان. هەڵبەتە من ناڵێم هەرێمی کوردستان دەبێت بەردی لەخۆی گەورەتر هەڵبگرێت و دەستوەردانی سەربازی بکات لە سووریا (کە دەتوانێت)، بەڵام، خۆ ئەگەر ئەرکە نەتەوەییەکەش نەبێت لە ئاستی سیاسی و جیۆسیاسی و سەربازیش رۆژئاوایی کوردستان پەیوەندی زۆری بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
لەم سۆنەگەیەوە گرنگە هەرێـمی کوردستان ستراتیجێکی تایبەتی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی سووریا و هەرێمی کوردستان، وەک ناوەندێک بۆ ئاراستەکردنی پرسی کورد لە جیهاندا. واتا، دەکرێت هەرێمی کوردستان ناوەندی داڕشتنی سیاسەتی تایبەت بە پرسی کورد بێت، چونکە شەرعیەتی زیاتر و مەقبولیەتی زیاتری هەیە لە لایەنێکی سیاسی، یان حزبێکی سیاسی کە بەتەنیا بەو پرسە هەڵبستێت. لە راستیدا نە پەکەکە و نە پارتی و نە هیچ لایەنێکی تریش ناتوانن ئەو کارە بە تەنیا بکەن، ئەگەر بەو کارەش هەڵسن دواجار پرسەکە سەرناگرێت و دەچێتە قاڵبێکی حزبی، لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش هەر وەک هەوڵی حیزبی سەیردەکرێن؛ لە رابردووشدا چەند هەوڵی لەو جۆرە هەبوون بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان سەریان نەگرتووە و هەندێکیشیان هەر بە مردوویی لەدایکبوون.
ئارگومێنتی سەرەکی ئەو نووسینەی ئێمە بریتییە لەوەی کە زۆر گرنگە کورد ستراتیجێکی دیاریکراوی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ناوچەکەدا، ناکرێت ئەو پرسە بۆ ماوەی چەندین سەدە هەر بکرێتە قوربانیی ململانێی لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەت کە ئێمە ئێستا لەبەردەم چەندین رووداوی مێژوویی گرنگین لە ناوچەکەدا، خەریکە سەرلەنوێ نەخشەی سیاسی ناوچەکە دەگۆڕێت و نەزمێکی هەرێمی نوێ دێتەکایەوە، ئەگەر کورد هەر وا بە پەرشوبڵاویی، لە چاوی ملانێی تەسکی حیزبایەتی لەو پرسە بڕوانێت نەک هیچمان بەرناکەوێت، بەڵکو ئەوەی هەشمانە دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە زێدە گرنگە هەرێمی کوردستان بکرێتە ناوەندی بڕیاری پرسی کورد لە ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم تەنیا ناوەند و هەرێمێکی شەرعی دانپێدانراوە لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا، تەنیا دەسەڵاتێکی کوردییە کە دەستاودەستی دەسەڵات و هەڵبژاردنی دیموکراسیانەی تێدا ئەنجام دەدرێت لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بێجگە لەوەش هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی لە ئاستی فەڕمیدا لەگەڵ ئەمریکا و چەندین هێزی تری ناوچەکەدا هەیە، بە تایبەت پەیوەندار بە پرسی دژایەتیی تیرۆر، بۆیە دەکرێت هەرێم ناوەندێکی سیاسی و دامەزراوەیی (political and institutional center) بێت بۆ پرسی کورد لە ناوچەکە و جیهاندا. راستە ئەم هەوڵە جێگای دڵخۆشی هێزێکی هەرێمی وەک تورکیا و تا ئاستێکی کەمتر ئێران نابێت، بەڵام خۆ ناکرێت ئێمە تاسەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی و سیاسی خۆمان بکەینە قوربانی دراوسێکانمان، هەرێمی کوردستانیش بەرژەوەندی تایبەت بە خۆی هەیە.
وەک نموونەیەک، سەرەڕای ئەوەی زۆر جار گوشاری ئەمریکا لەسەر وڵاتانی عەرەبی هەیە، بەشێکی زۆریشیان خواستی ئاساییبونەوەی پەیوەندییان هەیە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام لەبەر ناڕەزایی جەماوەری ناتوانن ئەو کارە بکەن، دەکرێت هەرێمی کوردستانیش پەیوەندی باشی هەبێت لەگەڵ تورکیا و ئێران بەڵام بۆ پرسگەلێک کە پەیوەندی هەبێت بە پرسی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە گشتییەکانی کورد، سەرکردایەتیی کورد نەچێتە ژێرباری داواکاری تورکیا و ئێران. هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی وڵاتانی عەرەبی بۆ پرسی فەڵەستین دەیکەن، دەکرێت مارکێتینگ بۆ پرسی کورد بکات، رۆژهەڵاتی ناوین ناکرێت سەقامگیر بێت بەبێ چارەسەری پرسی فەلەستین و پرسی کورد، خۆ ئەگەر چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ پرسی فەڵەستین رەوابێت، وەک ئەوەی ئێستا بووەتە پڕەنسیپێک بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین، دەکرێت ئەمە بۆ پرسی کوردیش راست بێت. ئێمە لەو پرسە بەتەنیا نین، بیرمان نەچێت وڵاتی زۆر هەن لە ناوچەکە کە حەز دەکەن کورد مافی خۆی هەبێت و گۆڕان بەسەر نەخشەی تورکیا و سووریا و ئێران و عێراقدا بێت، بێ ئەوەی ئێمە داوای بکەین. بێجگە لەوە بەدوور مەگرە ئیسرائیل ئەگەر وەک گوشاریش لە بەرامبەر چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ کێشەی فەڵەستین کە بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە داوای دەکەن، ئەم پرسە بکاتە مەرجێک بۆ چارەسەری پرسی کوردیش.
پرسی کورد دەبێت لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەک کێشەیەک سەیر بکرێت کە پێویستی بە چارەسەر هەیە، راستە ئەو رێگایە دوورودرێژە، بەڵام کورد دەبێت ئامانج و پلان و ئارگومێنتێکی نەتەوەیی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەگینا ساڵ بە ساڵ بچووکتر دەبینەوە بۆ پرسگەلی وەک، پێدانی چەند مافێکی کوولتوری و زمان و مووچە.. تاد. پەیامی سەرەکی ئەم نووسینە ئەوەیە کە، ئێستا دەرفەتێک هاتووەتە پێشەوە بۆ دروستکردنی ئەم گوتارە، ئێستا رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە کەناڵێکی دپلۆماسی هەیە بۆ ئەوەی لە کەوتن رزگار بکرێت، هەرێمی کوردستان دەکرێت ئەو رۆڵە بگێڕێت، بە تایبەت سەرۆکی هەرێم، هەم وەک بەرزترین دەزگای حوکمڕانی و هەم وەک پێگەی سیاسی و دپلۆماسی لە ناوچەکەدا، دواتریش نزیکی لە تورکیا و رۆژئاوای کوردستان دەکرێت ئەو کەناڵە دپلۆماسییە شەرعیە بێت، ئەو دەسکەوتەی بە خوێن و قوربانی زۆر دروستبووە لە مەترسی نەمان بپارێزێت. هەڵبەتە، هەسەدەش پێویستە رەچاوی ئەم دۆخە نوێیە بکات و ئەو دەسکەوتانە نەکاتە قوربانی عینادی سیاسی. لەم قۆناخەدا گەورەترین خزمەتی پەکەکە بە رۆژئاوای کوردستان ئەوەیە رەچاوی ئەو هاوکێشە هەرێمییە نوێیە بکات، بەمە هەم ئەرکی سەرشانی رۆژئاوای کوردستان سووک دەکات، هەم ئەرکی هەرێمی کوردستان و ئەمریکاش کە بتوانن بەرگری لێبکەن. پەکەکە دەبێت ئەو پاساوە لە دەست تورکیا دەربهێنێت.
بوونی هەرێمیکی تری کوردی لە رۆژئاوای کوردستان پاڵپشتە بۆ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تریش، بۆ تورکیا و ئێرانیش باشترە کورد لە چوارچێوەی قەوارەیەکی دەستوری بوونی هەبێت، خەباتی سیاسییان هەبێت نەک دیسان پەنا ببەنەوە بەر خەباتی شاخ و چەکداری، پرسی کورد لە تورکیا دەکرێت وانەیەکی باش بێت هەم بۆ گەلی تورک و هەم بۆ کوردیش، کە ئەوەی ئێستا بە خەباتی سیاسی بەدەست دەهێنرێت قەت بە خەباتی چەکداری بەدەست نایەت. ئەمە بۆ تورکیاش راستە، ئەو حیزبە سیاسیەی ئێستا لە تورکیا نوێنەرایەتیی کورد دەکات هیچ سەربازێکی تورک و پۆلیسی تورکی نەکوشتوون، زیانی بە ئابووری و پێگەی سیاسی تورکیاش نەگەیاندووە، بۆیە گرنگە ئەو گوتار و پەیامە ببێتە دەروازەیەک بۆ قەناعەتپێکردنی تورکیا کە ئەو قەوارە کوردییەی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە قبوڵ بکرێت، ئەگینا بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنەوەی پەکەکە و هاتنی بەشێک لەو چەکدارانە بە ناچاری بۆ سنورەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوامیدان بە شەڕی چەند ساڵەی پەکەکە دژی تورکیا.
بیرمان نەچێت بۆ پێگەی ئاکپارتیش سڕینەوەی قەوارەی کورد لە سووریا، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر رێژەی ئەو دەنگدەرە کوردانەی کە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەنگدەری ئاکپارتی و ئەردۆغانن. بۆیە دووبارە دەیڵێمەوە کە رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە کەناڵێکی دپلۆماسی و لۆبیکردن و پشتگیری نەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی ئەو دەسکەوتە گەورەیەی کە لە ماوەی 100 ساڵدا بۆ کورد بەدەستهاتووە لە سووریا لە چەند رۆژێکدا لەبارنەچێت، هەرێمی کوردستان و پێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لەو چرکەساتە مێژووییەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ