زللەیەک روومەتی دیموکراسیی ئەڵمانیای تەزاند

14-06-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
نیشانەکردن گۆشەی ئاڵا شاڵی
A+ A-
بە پێچەوانەی ئەوانەوە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی رۆژانی رابردووی یەکێتیی ئەوروپا بە مەترسی دەزانن بۆ ئاییندەی دیموکراسی، من پێموایە ئەوەی روویدا دووبارە پیشاندانەوەی دەسەڵاتی دەنگدەرە لە دیموکراسیی راستەقینەدا. ئەوەی کە دەگوترێت راستئاژۆ تووندئاژۆکان زۆر بەهێز بوون، بەشێکی راستە، بەڵام هەمووی نا. ئەم رۆژانە گفتوگۆی سەرنجڕاکێشم لەگەڵ دەنگدەری ئەڵمانی هەبووە؛ شتی وایان باسکردووە کە بۆ ئێمەش لە کوردستان وانەی زۆریان تێدایە.

کۆمەڵێک گەنج بوون و گوێم لێگرتبوون، باسی ژیانی خۆیان لە ئەڵمانیا دەکرد، باسی هەڵبژاردن و رای خۆیان لەسەر ئەوە دەکرد کە کام پارتە هەڵبژێرن. مەیلیان بەلای پارتە راستڕەوەکاندا بوو. لە دۆخی ئاساییدا گەنج زۆرتر بەلای چەپ و نێوەڕاستدا دەچێت، بەڵام دەنگدەری ئەمجارە جیاواز دیارە؛ بۆیە پێم گرنگ بوو گوێم لێیان بێت کە بۆچی دەیانەوێت دەنگ بەو پارتانە بدەن. تۆ بڵێی ئەو گەنجانە لەگەڵ رەیسیزم و سڕینەوەی ئەوانی دیکەدا بن؟! تۆ بڵێی رقیان لە دڵدا بێت بەرامبەر من و هەزارانی دیکە، کە باکگراوندی کۆچبەریمان هەیە، بەڵام ساڵەهایە هاووڵاتیی بەکەڵک و رێکوپێکی ئەڵمانیاین و وڵاتی دووەممان خۆشدەوێت؟

لە گفتوگۆکەمدا لەگەڵ ئەو گەنجانە بۆم دەرکەوت کە هیچیەک لەو گریمانانە راست نین. ئەو گەنجانە لەبەر رەیسیزم دەنگیان نەدەدا بە راستئاژۆ تووندئاژۆکان، بەڵکو هۆکاری دیکەیان هەبوون. پێش هەموو شتێک گلەیی زۆریان لە بەرزبوونەوەی نرخی هەموو شتێک هەبوو لە ئەڵمانیا. ئەوان دەخوێنن و داهاتێکی وا بەرزیان نییە. ئەوەی لە تەنیشت خوێندنەکەیان پەیدای دەکەن، بەشی ئەوە ناکات کەمێک ئاسوودە پێی بژین. پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی نێوەڕاستیش چارە و بەڵێنێکی دەستوبردی لەو بارەیەوە بۆیان نییە. راستئاژۆکان بە پێچەوانەوەن و دەست دەخەنە سەر ئەو برینە و بەڵێن دەدەن چارەی بکەن. ئەمە گرنگە بۆ دەنگدەری گەنج. بۆی گرنگە ببیستێت کە بە گرنگ دادەنرێت. یەکێک هەیە خەمی باخەڵی ئەوانیشیەتی. وەکو بە ئەزموونەکان بیرناکەنەوە کە لە خۆیان بپرسن: ئەو بەڵێنانە چەندە پۆپۆلیستین و چەندە دەکرێت بێنەدی؟ گرنگ ئەوەیە بەڵێن هەیە و ئومێد هەیە بۆ ئاییندە!

خاڵێکی دیکە کە هەستدەکەم رۆژ بە رۆژ خەڵک لە ئەڵمانیا بەخۆیەوە سەرقاڵتر دەکات و کاریگەریشی دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی دەنگی راستئاژۆکان، هەڵسوکەوتی ئەو کۆچبەرانەیە کە تووندئاژۆن. لەم دوو هەفتەیەدا دوو جار کۆچبەری تووندئاژۆ هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک لە ئەڵمانیا. لە یەکێکیاندا پۆلیسێک گیانی لەدەستدا. لەوەی دیکەدا خانمێک بە سەختی بریندار بوو و بەر چەقۆ درا. لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا هێزێکی گەورەی پۆلیس کڵێسای (دۆم)ی لە شاری کۆڵن دەپاراست؛ هۆکار؟ داعشی خۆراسان لە ئەفغانستانەوە پلانی دانابوو کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدات؛ بە کێ؟ بەوانەی لەوێوە وەکو کۆچبەر هاتوونەتە ئەڵمانیا. ئەو گەنجانەی قسەم لەگەڵ دەکردن دەیانگوت چیدیکە وەکو جاران ناوێرن کۆتایی هەفتە بچنە دەرەوە و لەگەڵ هاوڕێکانیان کاتێکی خۆش بەسەربەرن، چونکە زۆرجار کۆچبەری وا تووندئاژۆ جاڕسیان دەکەن. ئەمە کاردانەوەی لەنێو گەنجاندا دروستکردووە. پارتە راستئاژۆکان بەڵێن دەدەن ئەو دۆخەیان بۆ چاک بکەن. مەرج نییە پێیان چاک بکرێت، بەڵام دیسانیش گەنج بەڵێن دەبیستێت و دڵی پێی خۆشدەبێت و دەنگیان دەداتێ.

هاوژینی یەکێک لە هاوڕێکانم دادوەرە لە ئەڵمانیا. بۆی باس دەکردین کە چۆن دادگاکەی پڕ بووە لە دۆسێی ئەوانەی بۆ نموونە لە سووریاوە هاتوون و تاوانیان کردووە. ئەو دەیگوت، جاران ئەڵمان و کەسانی دیکەی ئەورووپی و کۆچبەران دۆسێکانیان دەهاتنە دادگا. ئێستا ئەوەی کۆچبەران هێندە زۆر بووە کە لەسەر یەک کەڵەکە بوون. ئەمە بۆ پارتە راستئاژۆ تووندئاژۆکان خەڵاتێکە و لەسەر سینیی زێڕ پێشکێشیان دەکرێت. کاتی خۆی هیتلەریش وای کرد؛ سوودی لە بێکاریی خەڵک و رقیان لەوانەی بە نائەڵمان و بێگانە دەزاندران (وەکو جوو و رۆما و گرووپەکانی دیکە) وەرگرت. ناتوانم بڵێم ئەمانە وەک هیتلەرن، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەو دۆخەی بۆ گەنجان هەیە زەمینەی گەشەی تووندئاژۆیی لەڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە زیتر دەکات.

نابێت وێنەکە زۆریش رەش بکەین. لە سەرەتاشدا گوتم، ئەوەی دەگوترێت راستئاژۆ تووندئاژۆکان زۆر بەهێز بوون، هەمووی راست نییە. ئەگەر وێنە گەورەکە سەیر بکەین و زووممان لەسەر گەنجان لاببەین، دەبینین کە دەنگدەری ئەڵمانی لەم هەڵبژاردنانەدا حکومەتی ئێستای سزاداوە و دەنگی زۆری داوە بە ئۆپۆزیسیۆن (کە کریستیان دێموکراتەکانن). ئەمەش جوانیی دێموکراسیی راستەقینەیە، کە تێیدا دەنگدەر دەرفەتێکت دەداتێ بۆ خزمەتکردنی. ئەگەر باش ئەو خزمەتەت نەکرد، لە هەڵبژاردنی پاشتردا زلـلەیەکی قایمت لێدەدات. لە هەڵبژاردنی رابردوودا ئەو زلـلەیە کریستیان دێموکراتەکان خواردیان. ئەمجارە بە خۆیاندا چوونەتەوە و بردیانەوە. زلـلەکەش لە سۆسیال دێموکرات و سەوزەکان درا. رەنگە جاری داهاتوو ئەوان بیبەنەوە و جارێکی دیکە کریستیان دێموکرات زلـلەکە بخۆنەوە!
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاریان فەرەج

به‌خێربێى بۆ شاره‌كه‌ى خۆت

نێچيرڤانى بارزانى و سلێمانه‌يى، هه‌موو سيفه‌ته‌ جوان و به‌ها به‌رزه‌كانى هه‌ردوولاى له‌ خۆيدا كۆكردووەته‌وه‌: جوامێرى و كوردايه‌تى و كوردستانپه‌روه‌رى، كه‌سێتيى به‌هێز، لێبوورده‌يى و ئاشتيخوازى، ناخى بێگه‌رد و بێ رق و كينه‌، ده‌موله‌بزى شيرين و خۆش مه‌شره‌فيى سلێمانیيانه‌. ئینجا كه‌سێك هه‌موو سيفه‌ته‌ جوانه‌كانى هه‌ردوو مه‌ڵبه‌ند و مه‌ناره‌ى تيشكبه‌خشى بارزان و سلێمانيى له‌ خۆيدا كۆكردبێته‌وه‌، روو له‌ هه‌ركوێ بكات هه‌ر ده‌بێ مايه‌ى چاورۆشنى و پێ و قه‌ده‌مى به‌خێربێ.