چۆن فەوزییەم لە غەززە دۆزییەوە؟

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
ناسر عەلی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەوزییە سەیدیۆ
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەوزییە سەیدیۆ
A+ A-
 
نیسانی ساڵی 2022 بوو، لە رێگەی کچێکی کوردی ئێزدییەوە کە چەند مانگێک بوو رزگار کرابوو، ژمارەی تەلەفۆنی فەوزییە سەیدیۆم دەستکەوت. لە رێگەی وەتسئەپەوە نامەیەکم بۆ نارد و بە زمانی عەرەبی وەڵامی دامەوە، منیش خۆم پێ ناساند و گوتم، "رۆژنامەڤانێکی تۆڕی میدیایی رووداوم". ئەویش گوتی، "قسەکردن لەگەڵ پیاو حەرامە و ناتوانم قسەت لەگەڵ بکەم."
 
ئیدی لە رێگەی کچێکی نووسینگەی دهۆکی رووداوەوە قسەمان لەگەڵ کرد و گوتی، لە شاری غەززەیە لە فەلەستین. داوای هەڤپەیڤینێکمان لێکرد، سەرەتا رازی نەبوو، بەڵام دوای 5 مانگ پەیوەندیی کردەوە و رەزامەندیی پیشاندا.
 
فەوزییە مەرجی ئەوەی هەبوو کچ هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ بکات. ئەوە بوو لە 13-09-2022 لە رێگەی کچێکی نووسینگەکەمانەوە هەڤپەیڤینێکی کورتمان لەگەڵ کرد و گوتی، ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەڤپەیڤینەکە، یەکێک لە کەسوکارەکەی پەیوەندیی پێوە کردم و منیش ژمارەی مۆبایلی فەوزییەم پێدا. فەوزییە لە سەرەتای ئابی ساڵی 2023دا نامەیەکی بۆ ناردمەوە و گوتی، "دەمەوێت قسە بو رووداو بکەم بۆئەوەی دەنگم بە هەموو جیهان بگات". ئەوە بوو لە 3ی ئابی 2023 هەڤپەیڤینەکەم لەگەڵ کرد و بە هەموو زمانەکان لە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەڤپەیڤینەکە، لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق، نووسینگەی رزگاربووانی دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، حکومەتەکانی ئەڵمانیا، رووسیا و ژاپۆن، 16 رێکخراوی نێودەوڵەتی و چەند کەسایەتییەکی کوردی ئێزدی لە دەرەوە پەیوەندییم پێوەکرا و داوای ژمارەی فەوزییەیان کرد. خۆیشم وەک رۆژنامەڤانێکی رووداو هەوڵم دەستپێکرد بۆ ئەوەی خۆم بگەیێنمە غەززە و لە رزگارکردنی فەوزییە و بە بەڵگەکردنی چیرۆکی ژیانی ئەو ژنە کوردە ئیزدییە هاوکاربین، بەڵام رێگە نەبوو و هەربۆیە نەمتوانی بگەمە غەززە.
 
ژمارەی تەلەفۆنەکەی فەوزییە تەنیا جاروبار بەردەست بوو. پێش چوار مانگ نامەیەکی نارد و قسەم لەگەڵ کرد و گوتی، "بڕیارم داوە بگەڕێمەوە کوردستان". منیش ژمارەی نووسینگەی رزگاربووانی دەستی داعشم پێدا. لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراو و کەسایەتی کوردی ئێزدی لە ئەڵمانیاش قسەم کرد و بڕیارەکەی فەوزییەم پێ گەیاندن و داوام کرد هاوکاری بکەن لە گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان.
 
کاتێک 03ـی ئەم مانگە هەواڵی رزگاربوونی فەوزییەم بیست، لە رێگەی وەتسئاپەوە پەیوەندیم بە هەمان ژمارەی فەوزییەوە کرد کە لە فەلەستین پێی بوو و گوتم، "تۆ ئەو کەسەی رزگار کراوە؟" وەڵامی دامەوە و گوتی بەڵێ. منیش بەخێرهاتنەوەم بۆ کوردستان و نێو کەسوکارەکەی کرد.
 
فەوزییە دوو خوشک و پێنج برای هەبوو، 03ـی ئابی 2014 کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری، تەمەنی ئەو کچە 10 ساڵ بوو، خۆی و 2 برای 8 ساڵ و 12 ساڵی لە ماڵی خاڵیان بوون کەوتنە دەست چەکدارانی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە.
 
دوای گواستنەوەی فەوزییە و کەسوکارەکەی بۆ تەلەعفەر و بادووش لە پارێزگای نەینەوا، ژن و پیاوەکانیان لێک جیاکردبوونەوە، فەوزییە و دەیان کچ و ژنی دیکەی کوردی ئێزدی بەرەو سووریا برابوون. 
 
فەوزییە لە تەمەنی 12 ساڵیدا بە زۆر بە شوو درابوو بە چەکدارێکی داعشی خەڵکی فەلەستین و ببووە دایکی کچ و کوڕێک. 2018 هاوژینەکەی فەوزییە کوژراوە و ئەویش لەگەڵ ژن و منداڵی دیکەی چەکدارانی داعش بە پاسپۆرتی ساختە چووەتە تورکیا و 2 مانگ لەوێ ماوەتەوە، دواتر بە هاوکاری خەزوور و خەسووی لە تورکیاوە چووەتە میسر و لەوێشەوە دەچێتە غەززە و دەگاتە لای خەسوو و خەزووری.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

25 فلسییەکەی ژەنەڕاڵ بارزانی و 100 فلسییەکەی عەبدولکەریم قاسم

مامۆستا بە زمانی مەلایانەوە بەم شێوەیە قسەی بۆ کردم: "ئێمە فەوجی یەکی لیوای چواری سوپای عێراق، یەکەم فەوج بووین کە چووینە بارزان. ئامر لیواکەمان دەیویست عەقڵیەت و وەفاداری بارزانییەکان بۆ سەرۆکەکەیان تاقی بکاتەوە. رۆژێک منداڵێکیان هێنا، تەمەنی هەروا حەوت بۆ هەشت ساڵێک دەبوو. ئەوکاتە پارەی بیستوپێنج فلسی و سەت فلسی هەبوو، بیستوپێنج فلسییەکە قەبارەی بچکۆلە بوو لەچاو سەت فلسییەکە! بە منداڵەکەیان گوت ئەم بستوپێنج فلسیی مەلا مستەفا بارزانییە و ئەوەش سەت فلسیی عەبدولکەریم قاسمی سەرۆکی عێراقە، تۆ کامیان هەڵدەبژێریت؟ منداڵەکە گوتی من بیستوپێنج فلسییەکە هەڵدەبژێرم! کە لێیان پرسی بۆچی؟ خۆ ئەوە کەمترە لە سەت فلسییەکە؟ گوتی ئاخر ئێوە ناڵێن ئەوە هی مەلا مستەفایە، کەواتە ئەوەیان هی سەرۆکی کوردە، بەڵام سەت فلسییەکە هی دووژمنی مەلا مستەفایە! بۆیە من ئەوەی مەلا مستەفا هەڵدەبژێرم! منداڵێکی زۆر چاونەترس و ئازابوو".