25 فلسییەکەی ژەنەڕاڵ بارزانی و 100 فلسییەکەی عەبدولکەریم قاسم

26-09-2024
کاوە ئەمین
A+ A-
 
دەمزانی باوکی لە ئەسپسوارەکانی مەلیک مەحموو بووە، پیاوێکی قسە لەڕوو و ئازا و کوردپەروەر بووە، پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، هەموو بەسەرهاتەکانی بۆ مەلا نووری کوڕی گێڕاوەتەوە، بۆ ئەوەی وەک یادوەری و بەڵگەیەکی مێژوویی سەردەمی شێخ مەحموود چاپ و بڵاوبکرێتەوە. دەمویست بۆ وەڵامی چەند پرسیارێکی مێژوویی سەردانی بکەم، کە تەلەفونم بۆ کرد، بەدڵخۆشییەوە گوتی: دەرگای ماڵم لەسەر پشتە بۆ تۆ!
 
ماڵەکەی یەکێکە لە ماڵە قەدیمییەکانی شار، حەوشەیەکی بەرفراوان و چەند هۆدە و هەیوانێک، ماڵێک کە هێشتا بۆنی خاک و کتێبە کۆن و دەستنووسە ئایینییەکانی لێدێت.
 
چەند فەقێیەک بەدەوروخولی مامۆستادا دێن و دەچن، بەڵام مامۆستا چاوەڕوانی پرسیارەکانی منی دەکرد. ژوورەکە لە حوجرەیەکی جارانی دەچوو، بەڵام ئێرە پۆشتەو پەرداخ و رووناکە. دەمویست هەموو شتێکم بۆ باس بکات، دەتگوت کانیاوێکی روونە و بە کاوەخۆی لە دڵی شاخێکەوە دێتە دەرەوە، بۆیە لە دڵی خۆم دا گوتم ئەمەیە بابەتی (پەنجەمۆر)، ئیدی رێککەوتین، دواتر لە چەند بەشێک دا بەسەرهاتە پڕماجەراجۆییەکانی بگێڕینەوە.
 
مامۆستا، مەلای تابووری سوپای عێراق بووە، رەنگە خەڵکانێک بپرسن ئەگەر کوردپەروەر بووە بۆچی لەنێو سوپایەکی داگیرکەری وەکو عێراق دا مەلایەتی کردووە، ئەوە پرسیارێکی بەجێیە، رەنگە مامۆستا خۆی بتوانێت وەڵام بداتەوە، بەڵام بەهۆی پیشەکەیەوە شایەتی لەسەر دەیان رووداوی مێژوویی گرنگ دەدات و وەکو بەڵگەی مێژوویی، بەها و نرخی خۆیان هەیە.
 
سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولە، سوپای عێراق دوای تەنگپێهەڵچنینی هێزەکانی شۆڕش لە دەربەندی بازیان و دەربەندیخان، بەهەموو هێزی خۆیەوە هێرش دەکات بۆ دەڤەری بادینان و بارزان، دەیەوێت وەکو خۆیان دەیانگوت بەزوویی سەری مارەکە پان بکەنەوە، ئاخر بارزانییەکان پێشتریش چەند جارێک بەگژ سوپای عوسمانی و تورکی و عێراقی دا چووبوونەوە. مامۆستا چەند بەسەرهاتێکی کەتواریی (واقیعی) بۆ گێڕامەوە، کە وەکو بەڵگەی مێژوویی لای خۆم تۆمارکردوون، ئەمانە ئەوەمان نیشاندەدەن کە بارزانییەکان چەند وەفاداربوون بۆ ژەنەڕاڵ بارزانی. 
 
مامۆستا بە زمانی مەلایانەوە بەم شێوەیە قسەی بۆ کردم: "ئێمە فەوجی یەکی لیوای چواری سوپای عێراق، یەکەم فەوج بووین کە چووینە بارزان. ئامر لیواکەمان دەیویست عەقڵیەت و وەفاداری بارزانییەکان بۆ سەرۆکەکەیان تاقی بکاتەوە. رۆژێک منداڵێکیان هێنا، تەمەنی هەروا حەوت بۆ هەشت ساڵێک دەبوو. ئەوکاتە پارەی بیستوپێنج فلسی و سەت فلسی هەبوو، بیستوپێنج فلسییەکە قەبارەی بچکۆلە بوو لەچاو سەت فلسییەکە! بە منداڵەکەیان گوت ئەم بستوپێنج فلسیی مەلا مستەفا بارزانییە و ئەوەش سەت فلسیی عەبدولکەریم قاسمی سەرۆکی عێراقە، تۆ کامیان هەڵدەبژێریت؟ منداڵەکە گوتی من بیستوپێنج فلسییەکە هەڵدەبژێرم! کە لێیان پرسی بۆچی؟ خۆ ئەوە کەمترە لە سەت فلسییەکە؟ گوتی ئاخر ئێوە ناڵێن ئەوە هی مەلا مستەفایە، کەواتە ئەوەیان هی سەرۆکی کوردە، بەڵام سەت فلسییەکە هی دووژمنی مەلا مستەفایە! بۆیە من ئەوەی مەلا مستەفا هەڵدەبژێرم! منداڵێکی زۆر چاونەترس و ئازابوو".
 
بەسەرهاتێکی دیکەش کە یەکێک لە ئەفسەرەکانی سوپا کە خۆی عەرەب بوو، کورێکیشی لەگەڵ بوو، پلەی مولازم بوو،بەوشێوەیە ئەم چیرۆکە ناخهەژێنەی بۆ گێڕامەوە:"ئێمە سەربازبووین و بەشداریمان لە دژی شۆڕشی یەکەمی بارزان دا کرد، گوندەکەمان تۆپباران کرد، کاتێک چووینە ناو گوندەکەوە ژنێکمان بینی پارچە تۆپێک لێی دابوو و سکی هەڵدڕی بوو، مردبوو، منداڵێک لە تەنیشت تەرمەکەی دانیشتبوو، من منداڵەکەم هەڵگرتەوە و لەگەڵ خۆم بردمەوە بۆ ماڵ، ژنەکەم بەخێوی کرد، ئەم پیاوەی کە لەگەڵمدایە و تۆ دەیبینی، ئەوە ئەو منداڵەیە کە دایکی بە گوللـە تۆپی سوپاکەمان کوژرابوو، ئێستا ئەوەتە بووە بە مولازم". مامۆستا بە حەسرەتەوە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی دەبێت چەند منداڵی دیکەی کورد لەو کێوانە بەبێ دایک و باوک، قەل و داڵ هەر بە زیندوویی ئەوانی خواردبن. 
  
چیرۆک و بەسەرهاتەکانی مامۆستا زۆرن و لە داهاتوودا بڵاویان دەکەینەوە، بۆیە دەمەوێت بەم چیرۆکە تراژدیایە کۆتایی بەم نووسینە بێنم، بەپێی ئەوەی مامۆستا مەلای ئایینییە و کەسایەتییەکی سەرڕاستە، پرسیاری ئەوەم لێکرد ئایا ئێوە بڕواتان بەوە هەیە کە ژن و کچی کورد لەکاتی ئەنفالەکان دا فرۆشرابنە وڵاتانی عەرەبی؟
 
مامۆستا بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە و گوتی: ئەوەی من خۆم بە چاوی خۆم بینیومە یان لە خەڵکی بڕواپێکراوەوە گوێم لێبووە، راستییەکە، لەکاتی ئەنفالەکاندا داوایان لە موستەشارەکانی کورد (سەرۆک جاشەکان) کردووە کە دەبێت ئەم شەو دوو کچی کورد بەریت بۆ فڵان ئامر لیوا یان فڵان ئەفسەر، لە چەندین شوێن ئەمە روویداوە، دەتوانم سوێندی لەسەر بخۆم! بۆیە کەسێک کاری وای لێبوەشێتەوە، ئەی بۆ نەتوانێت کچ و ژنی کورد بە پارە بفرۆشێت؟"
 
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئایا کورد هیچ وانەیەکیان وەرگرتووە لەم هەموو تراژدیایەی بەسەریان هاتووە؟
 
دەبێت کەی چاک و خراپی خۆمان بناسینەوە! 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. گه‌نجۆ خه‌سره‌و، دكتۆرا له‌ جیۆپۆڵەتیك و مامۆستا له‌ زانكۆی كۆیه‌

سه‌رژمێری، دواچه‌قۆی‌ مه‌رگ له‌ جه‌سته‌ی كوردستانییه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌مەڕوو، كۆمه‌ڵێك داتای نافه‌رمین و هه‌ندێكی له‌‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ تایبەتییەکانەوە وه‌رگیراون‌ و هه‌ندێكی بڵاوكراوه‌ی رۆژنامه‌وانین، كه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جیدیه‌،‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی كورد تۆزێ خه‌می خاكیان له‌ دڵ و ده‌روونیان مابێت، ده‌بێت رێكاری پێویست بگرنه‌ به‌ر و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ رابگرن.