ژمارەی پێچەوانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق دەستیپێکردووە و ئەو رۆژانەی کە ماون، لەڕووی سیاسی و ئەمنییەوە هەستناکن. ئەگەر رووداوێکی گەورەش روونەدەات و هەڵبژاردنەکە بکرێت، ئەوسا قۆناخێکی نوێ چاوەڕێی عێراق دەکات. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەلومەرجی نێوخۆیی عێراق، دەشێ بێژین کە لانیکەم شەش هۆکار هەیە بۆ ئەوەی کە ساڵی داهاتوو، رۆژانێکی پڕ لە گرژی و جموجۆڵی سیاسی تێدا بێت. ململانێی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەدر، کێشمەکێشی گرووپەکانی "موقاوەمەی ئیسلامی" و حکومەت، شەڕی غەززە و داینامیکی سیاسەتی نێودەوڵەتی، هاوشانی دۆخی کورد و سوننە لە ریزی ئەو فاکتەرانەن کە دەشێ هەوێنی ئاڵۆزییەکی تازە بن لە عێراق.
داینامیکی ململانێی نێوخۆیی شیعە
لەم قۆناخەی بەر لە هەڵبژاردندا دوو جۆر لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی شیعە زیاتر لەوانی دیکە کاریگەرییان بەسەر پرۆسەی سیاسی وڵاتەوە هەیەو وەکو دوو هۆکاری گرژییە گریمانەییەکانی داهاتووی عێراقیش سەیر دەکرێن. ئەوانیش، یەکێکیان رکابەریی گرووپەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بەرامبەر سەدر، ئەوی دیکەشیان جیاوازییە نێوخۆییەکانی گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامین.
سەدر داوای بایکۆت کردنی هەڵبژاردنی کردووە و گرووپەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش هەڵبژاردن بە دەرفەتێکی زێڕین سەیر دەکەن کە دەشێ وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانیش لێی بڕوانن. بەڵام ئەم بابەتە تەنیا ناکۆکییەکی سیاسی نییە و لە هەندێک شوێندا بۆ پێکدادانی لایەنەکانیش وەرگۆڕاوە. تا ئێستا گرژییەکان لە پارێزگای بەسرە، میسان و هەندێک شوێنی بەغداش روویانداوە. بەشێوەی گریمانەیی، ئەگەر شوێنێکی وەک نەجەف بە هۆی پێگەی ئایەتوڵلا سیستانییەوە پارێزراوبێت لە گرژی نێوخۆیی شیعی، ئەوا دەکرێ لە زۆر شوێنی دیکەی پارێزگاکانی باشووری عێراق وەک نموونە لە زیقار ئەو جۆرە گرژییانە رووبدەن. ئەگەری سەرکەوتنی لیستەکەی مالیکی، یان ئەگەری وەرگرتنی پۆستی پارێزگار لەلایەن هەندێک لە کۆنە سەدرییەکان لە عەسایبی ئەهلی هەق، پێگەی سەدر لاوازتر دەکات. هەڵبەت پێچەوانەی ئەوەی کە هەندێک لایەن پێیانوایە کە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت تەرازووی هێز لە سیاسەتی شیعیدا بەتەواوی یەکلا بکاتەوە، پێدەچێت ململانێکە بچێتە قۆناخێکی دیکەوە. خۆی لە خۆیدا ململانێی نێوخۆیی شیعە بەهۆی هەبوونی ژمارەیەک سەرکردەی گەنج کە تەمەنیان لە نێوان 46-53 ساڵ دەبێت، هەروەها بە لاوازیی ئۆتۆرییە نەریتییەکانی شیعەوە، بۆ ساڵانێکی دوورتر بە زیندوویی دەمێنێتەوە. بۆیە بە ئەگەری زۆر، درەنگ یان زوو، سەدر جارێکی دیکە روودەکاتەوە شەقام، ئەگەر بێت و رێککەوتنێکی لەگەڵ نەکرێت.
ئەگەرچی لە سەرەتاکاندا بەکارهێنانی ناوی "موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" وەک ئاماژەیەک بۆ یەکدەستبوونی گرووپە پێکهێنەرەکانی دەردەکەوت، بەڵام دواتر روون بوویەوە کە رەفتاری ئەوانەی لە نێو حکومەتن جیاوزاترە لەوانەی دیکە وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و نوجەبا کە لە دەرەوەی حکومەتن. پێناچێت ئەوەش تەنیا تاکتیکێک بێت بۆ بێبەری کردنی حکومەت لە هەرجۆرە رەفتارێک کە ئەوان لە دژی ئەمریکا دەیکەن. بە ئەگەری زۆری خواستی دەرکەوتن وەک سەرکردەی نوێی "موقاوەمەی ئیسلامی" بۆ هەندێک لە سەرکردەکانی ئەو گرووپانە شتێکی سەرنجڕاکێشە، بە تایبەتی کە ئێستا کەسانێکی وەک قەیس خەزعەلی یان هادی عامری و...تاد، بە هۆی پشکداری لە حکومەت، ناچارن خەیاڵێکیشان لای پاراستنی ئەو حکومەتە بێت کە خۆیان دروستیان کردووە. ئەمە بێجگە لەوەی کە مەیدانی دژایەتیکردنی ئەمریکاش بە تەنیا بۆ سەدر بە جێناهێڵن. بێشك چەندەی هێرشەکانی دژی ئەمریکا درێژە بکێشێت، لە لایەک ئەگەری بەریەککەوتنی ئەو گرووپانە لەگەڵ حکومەتەکەی سوودانی زیاتر دەبێت و لەلایەکی دیکەش، خواستی گرووپە چەکدارەکان بۆ وەرگێڕانی ئەو هەوڵە دژە ئەمریکاییانەی خۆیان بۆ دەستکەوتی سیاسی زیاتر دەبێت. ئەوەش لە داهاتوودا، بە ئەگەری زۆر وەک لاوازکردنی زیاتری کابینەکەی سوودانی تەرجەمە دەبێتەوە.
خالێکی دیەکش پەیوەندی بە رێژەی بەشداریی خەڵک و ئەگەری دەرکەوتنی ناڕەزاییەوە هەیە. هەڵبەت هێشتا زووە باس لەوە بکەین کە ئایا خەڵک بە دیاریکراوی لە پارێزگاکانی باشوور بە کەمی بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن یان نا، چونکە سروشتی هەڵبژاردنەکە جیاوازە لەوەی ساڵی 2021. لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا رکابەری لە ئاستی محەللیدایە و ئەوەش دەتوانێت، هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی کە خەڵکانێک بە پاڵنەری سیاسی، کۆمەڵایەتی و خێڵەکی بەشداری بکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی ئەوانەی کە بایکۆت دەکەن لاواز نییە. هەڵبەت ئەگەر وەک ئەوەی کە ئێستا زۆرێک باسی دەکەن، رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن کەمتر بێت لە جاران، ئەوسا چاوەڕێ کردنی شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایی خەڵک لە ساڵانی داهاتوو دوور لە واقیع نایەتە پێشچاو.
پرسی گۆڕانکاریی یاسایی و دەستووری
لە دوای خۆپێشاندانەکانی تشرین، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ هەموارکردنی دەستوور پێکهێنا، هەرچەند ئەوە لەو کاتەدا سەری نەگرت، بەڵام دواتر ئەو باسە بووە بەشێک لە کارنامەی حکومەتەکەی سوودانی کە دەبوایە تا مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ پێشنیارەکانی هەمواری دەستوور ئامادە بکات. ئۆکتۆبەر رۆیی و حکومەتیش ئەوەی نەکرد. بە ئەگەری زۆر، ناتەبایی لایەنەکان لەسەر چۆنییەتی گۆڕانکارییەکان هۆکاری دواکەوتنی بابەتەکەیە کە پێدەچێت لە ساڵی داهاتوودا زیاتر بکەوێتەوە رۆژەڤ. ئەمینداری عەسایبی ئەهلی هەق پێشتر گوتبووی کە دەوروبەری 60 مادەی دەستوور هەن کە پێویستان بە گۆڕینە. بەشێکی دیکەش لە سەرکردەکانی شیعە بەهۆی گرفتەکانی دوای هەڵبژاردن و هەروەها بە هۆی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر داوای گۆڕینی دەستووریان کردووە. لەو نێوانەدا، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری یەکێک لەو کەسانەیە کە پێویستە لە قسەکانی بڕوانی بۆ ئەوەی بزانی چی روودەدات. زێدان کە بەهۆی پێگەکەی لە دەسەڵاتی دادوەریدا کە دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە، وەک ئەکتەرێکی گرنگی سیاسەتی نێوخۆیی عێراقی لێهاتووە. ئەو پێشتر بە روونی باسی لەوە کردبوو کە گۆڕینی دەستوور وەک پێویستییەکی سیاسی لێهاتووە. پاساوە سەرەکییەکەشی ئەوە بوو کە بە هۆی کۆت و بەندەکانی دەستوورەوە، هەندێکجار قەیرانی سیاسی لە وڵات دروست دەبن.
رەنگە لە واتایەکی گشتیدا ناڕەزاییەکی زۆر لە دژی گۆڕینی هەندێک مادەی دەستوور نەبێت، بەڵام ترسێک لەسەر خواستێکی بە ناوەندی کردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی دەسەڵات لە ئارادایە. بۆیە پرسەکانی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پرسەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و بەغدا و سیستەمی سیاسی وڵات لە ریزی ئەو بابەتانەن کە ئەگەر هاوڕاییەکیان لەسەر نەبێت، ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا دەهێنن.
سیاسەتی ناوچەیی و گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا
یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە دەتوانێت دۆخی عێراق ئاڵۆز بکات، شەڕی ناوچەکە و گرژییەکانە لەگەڵ ئەمریکا. تا ئێستا ئەو هێرشانەی کە گرووپە چەکدارییەکانی شیعە و ئەمریکا دەیکەنە سەریەک، شەڕێکی کۆنترۆڵکراوە. هەڵبەت هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە شەڕی غەززە پاساوێکی داوەتە گرووپە چەکدارەکان تاوەکو بەچڕی کار بۆ وەدەرنانی ئەمریکا لە عێراق بکەن. بەردەوامیی هێرشی گرووپە چەکدارییەکان یان ئەوەتا لەماوەیەکی درێژخایەندا ئەمریکا ناچاردەکات لە عێراق بکشێتەوە کە ئەوە واتای کشانەوە لە سووریاش دەدات. یان رێگا بۆ شەڕێکی ئاست بەرزی نێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارییەکان دەکاتەوە کە ئەمەش واتای هاتنی هێزی زیاترە کە ئێستا بەکۆنتراکتەرەکانەوە سەرووی 10 هەزار کەسی لە سووریا و عێراق هەیە. لەو حاڵەتەدا، بێشک حکومەتی عێراقیش بە ناچاری تێوەدەگلێت. هەرکام لەوانەش رووبدەن، ئاڵۆزی لە سیاسەتی نێوخۆیی عێراق زیاتر دەبێت.
خاڵی دیکە ئەوەیە کە بەردەوامیی شەڕ لە غەززە دەتوانێت ئاستی گرژییەکان لە عێراق و سووریا زیاتر بکات. سەردانەکەی پووتین بۆ خەلیج و سیاسەتی چین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، واتای بایەخی ئاسایشی وزە و ئاسایشی وڵاتانی کەنداوە بۆ چین و رووسیا. چین یەکێکە لە گەورەترین کڕیارەکانی نەوتی خەلیج و، هەر چەند رۆژێک لەدوای شەڕەکە بوو کە 6 دانە کەشتیی جەنگیی ناردە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. گوتەبێژی کرملینیش گوتوویەتی کە پووتین و شازادە محەممەد بن سەلمان پێکەوە باسی شەڕ و پرسە هەستناکەکانی دیکەی ناوچەکەیان کردووە. سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی بۆ مۆسکۆش لە سێبەری باسەکانی پەیوەست بە فڕۆکەی سوخۆی 35 و کۆپتەری رووسی بە ئێران و مووشەکی بالیستیی ئێرانی بە رووسیا ئەنجامدرا و، ئەگەر ئەوەش سەربگرێت، ئەوسا هاوکاریی بەرگریی رووسیا و ئێران پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێ. بێشک کردەی حوسییەکان و گرووپەکانی لایەنگری ئێرانیش لە ناوچەکە لە چوارچێوەی ستراتیژێکی فراوانتردایە کە ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی چین و رووسیا لە پێشچاو نەگرێت.
دۆخی کورد و سوننە
پرسی بودجە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئێستا ئیدی خەریکە لەوە دەردەچێت کە تەنیا پەیوەست بێت بە مژاری نەوت یان هۆکارە داراییەکان. تەنانەت پێدانی قەرزیش کە ئەکرێ دوای تەواوبوونی گرفتەکانی هەردوولا لەسەر نەوت و دارایی یەکلا ببنەوە، چەندین گرفتی تێدا دروست بووە. حکومەت لەڕێی سیاسەتی قەرز دەنێرم و ناینێرم، هەم بە تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خۆی ناڕەنجێنی هەمیش رۆڵێکی کارای دەبێت لە زیندوو هێشتنەوەی ناڕەزاییە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان. لەوانەیە ئەم بابەتەش پەیوەندییەکی راستەوانەی بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانەوە هەبێت. پێدەچێت ستراتیژی سەرەکی هەندێک لە گرووپە سیاسییەکان لە بەغدا ئەوە بێت کە جارێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت و ئەگەریش کرا، ئەوا بە جۆرێک بێت کە پێگەی پارتی وەک جڵەوداری ئێستای حکومەت لاوازتر بێت. ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە شوباتی ساڵی داهاتوو پرسی رەوایی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەخاتە بەرباس. گەورەکردنی پرسی رەوایی لەگەڵ زیندووهێشتنەوەی گرفتەکانی بودجە، دەتوانێت رێگە بۆ دەستوەردانی زیاتری سیاسی و یاسایی لە هەرێمی کوردستان خۆش بکات و، ئەگەر ناکۆکییەکانی هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتیش ئاوا بەردەوام بن، زەوینەیەکی گونجاو بۆ سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە دروست دەکەن.
بێجگە لە دۆخی هەرێمی کوردستان، پێگەی داهاتووی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، هەروەها رکابەریی لایەنەکان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی پارێزگای ئەنبار کە پێگەیەکی گرنگی بۆ سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەش هەیە، دەتوانێت هەوێنێکی دیکەی ئاڵۆزی بێت.
عێراق لە سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی خۆیدا لە خاڵێکی وەرچەرخاندایە. ململانێی نێوخۆیی شیعی بەرەو قۆناخێکی نوێ دەڕوات. وەک چۆن پەیوەندییەکانی کورد و سوننەش لە بەغدا، دوای زیاترە لە دوو دەیە، بەرەو سەردەمێکی نوێ دەچن. لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دنیاش لە گۆڕاندایە. ئەوانەش کە باسکران، دەتوانن دیمەنێکی دۆخی ساڵی داهاتووی عێراق پیشانبدەن. هەڵبەت ئەگەر رێگا لە سیاسەتی تاکلایەنەی نێوخۆیی و دەرەکی بگیرێت، ئەوسا دەشێ دۆخێکی پێچەوانەی ئەوە رووبدات کە وێنا کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ