ئایا دەکرێت دەوڵەتی قانوون میلیشیای هەبێت؟ ئایا چۆن بزاندرێت بە درێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراق قەوارەی ئەو خەرجییانە چەندن لە لەشکر، میلیشیا و کڕینی چەک دا بە فیڕۆدراون؟
لە حەرەس قەومی-یەوە تاوەکو ئیمڕۆ میلیشیاکان چ بوون و بۆچی هەن؟
لەم کورتە نووسینەدا بەسەرهاتێکی خەمگینی حەرەس قەومییەکان بەسەر دەکەمەوە، بەسەرهاتێک کە بەشێکە لە ناسنامە و دیرۆکی بڕێکی زۆر لە لەشکر و میلیشیای ناوچەکە.
شوێن کتێبخانەی مەم و زینە لە شاری هەولێر و رۆژێکی بەهاریی یەکجار ئارام و دڵگیر.
لەگەڵ چیرۆکنووس جەلیل کاکەوەیس سەرگەرمی سازدانی هەڤپەیڤینێکین سەبارەت بە کارەکانی، بە ئەزموونی نووسین، لەبارەی منداڵیی ئەو نووسەرە لە حەساری گەورە و لە شاری کەرکووک.
بەر لە هەڤپەیڤینەکە کاکەوەیس بەسەرهاتی کوشتنی سەگەکەیان تیژتێپەڕانە باس دەکات، من پێیدەڵێم؛ تکایە با بەو بەسەرهاتە دەستپێبکەین، بەسەرهاتی کوشتنی سەگەکەتان، ئەوە بەشێکی گرنگ دەبێت لە کاری بەڵگەفیلمەکەمان، کارێک سەبارەت بە بەرهەم و ئەزموونی ئێوە سازی دەکەین. خۆشبەختانە مامۆستا جەلیل کاکەوەیس داواکەم پەسەند دەکات. پاشان لەگەڵ دەروونزانی کارامە د. محەممەد تەها حوسێن باس لەو کارەساتە دەکەین، کارەساتی کوشتنی سەگێک کە چۆن دەبێتە هۆکاری دروستبوونی زەبری دەروونی بۆ مێردمنداڵێک لەو هەلومەرجەدا. مێردمنداڵێک دواتر دەبێتە نووسەر و مامۆستا.
بە بەسەرهاتی کوشتنی سەگەبۆر دەستپێدەکەین.
مامۆستا جەلیل کاکەوەیس وەها بەسەرهاتەکە دەگێڕێتەوە:
لە ماڵی خۆمان، لە گوندی حەساری گەورە، دانیشتبووین، لەگەڵ دایکم و باوکم بووم، نیوەڕۆ بوو، خواردنمان لە پێش بوو. لە پڕ گوێمان لە دەنگی تەقە بوو. کاتێک چوومە دەرێ تەماشا دەکەم سەگەبۆرەمان کەوتووە و خوێن لە ملی لرفە دەکات، تەماشای ئەولاترم کرد دوو حەرەس قەومی ئاوڕێکیان دایەوە. ئەو دوو حەرەس قەومییە بوون سەگەبۆرەی ئێمەیان کوشت و خوێنساردانە بە رێگەدا دەڕۆیشتن.
مامۆستا جەلیل کاکەوەیس باس لە کاردانەوەی خۆی دەکات، کاردانەوەی مێردمنداڵێک لەو رۆژگارەدا، ئەو پێیوایە؛ "کۆستێک بوو بۆ من لەو جۆرەی وەکو ئەندامێک لە خێزانەکەمان کوژرابێت". بە سیما و بۆن و بەرامەی گێڕانەوەکەیەوە قەوارەی کۆستەکە دەبینرێت.
مامۆستا جەلیل کاکەوەیس دەڵێت: لە ساڵی 1963 ئەو رووداوە قەوما، ئێستاش کە لە 2024-داین، من هێشتا ئەو کۆستەم لە بیرم نەکردووە.
کاتێک لە تۆمارکردنی هەڤپەیڤینەکەمان بووینەوە، تەماشا دەکەین لەو لامانەوە کەنیشکێک بە کوڵ دەگریێ. کەنیشکەکە بۆ سەگەبۆرەکەی حەساری گەورە دەگریا.
سارا ناوی ئەو کەنیشکە ژیر و نەونەمامەی ئێمەیە. سارا لە کتێبخانەی مەم و زین سەرقاڵی فێربوونی زمانی ئەڵمانی بوو. دیارە رێکەوتێکی خەمگین و هاوکات خاڵی نەبوو لە خۆشی و جوانیش، ئاخر لەگەڵ سارای ئازیزدا کەمێک بە زمانی ئەڵمانیش قسەمان کرد. ئافەرین بۆ تۆی هێژا سارا؛ بێ کۆرس و بێ گەشتی ئەڵمانیا توانیوتە تەنهاباڵ ئەو زمانە فێرببیت، زمانێک کە لە هەرە سەختەکانە.
بێگومان بەسەرهاتی سەگەبۆرەکەی ماڵی کاکەوەیس لە حەساری گەورە، تاکە چیرۆکی راستەقینەی ئاژەڵەکانی وڵاتی ئێمە نییە. چیرۆکی ئەو ئاژەڵ و دارستان و کانیاوانەی کوردستان کەم نین کە بەدەستی لەشکری عێراق و میلیشیاکان کوژران یان وێرانکران. ئەو بەسەرهاتانە ئەوەندە زۆرن بەشی نووسینی دەیان رۆمان و چیرۆک و هەروەها بەڵگەفیلم دەکەن. نەخێر بەسەرهاتی کوشتنی بەشێک لە سرووشتی کوردستان و شێواندنی ژینگەکەی کەم نین.
لە چەند هەفتەی رابردوودا و لە سەردانێکم دا بۆ گوندی پێنج ئەنگوست لە گەرمیان، بینیم لە رۆژگاری ئەنفالکردنی کورددا چییان بەسەر دار و بەرد و کانیاوی کوردستان هێناوە. وڵاتی ئێمە هەندێک جار لە مۆزەخانەیەکی کراوەی غەدر و ستەم دەچێت، شوێنپێی داگیرکاران و شوێندەستی ستەمکاران سەدان ساڵی دیکە بەسەر جەستەی ئەو خاکەوە دەمێننەوە. شوێنپێ و شوێندەستێک کە سیاسییەکانی ئێمە یان نایبینن یاخود زۆر بە لێڵی دەتوانن بیبینن. مرۆڤ بە بینینی ئەو هەموو پاشماوەی ستەمە دڵی پڕ دەبێت و دەروونی بەر زەبری ترسناک دەکەوێت.
چ کارەساتێکی خەمگین و دەگمەنە بەشێک بیت لە وڵاتێک نەک خۆت وەکو مرۆڤ، بەڵکو ئاژەڵ و خوەزاکەیشت بە نەیار بزانێت و بەردەوام لە هەوڵی کوشت و کوێرکردنەوەیدا بێت.
چ سەختە!
هەر ئەو رۆژە بە مامۆستا جەلیل کاکەوەیسم گوت:
بریا ئەم بەسەرهاتەتان دەکردە چیرۆکێک، بەڵام چیرۆکێک بەو هەستەی ساراوە کە فرمێسکی پێ هەڵڕژاندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ