خوێندنەوەكانی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی پەرلەمانی كوردستان

02-06-2023
یاسین تەها
A+ A-
 
پاش 9 دانیشتن كە پڕبوون لە دادبینی و مشتومڕ، دادگەی فیدراڵی دەیەم دیارترین بڕیاری پەیوەست بە كەیسە كوردییەكانی لە پاش ریفراندۆمەوە (2017) دەركرد. ئەمە 15ـەمین بڕیاری ئەم ساڵی دادگاکەیە (2023) و بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی بە یاسایەكی ناكۆك و دژی دەستوور ناساند و كۆتایی بە چاوەڕوانی و گفتوگۆ یاساییەكان لەوبارەیەوە هێنا.
 
بڕیاری دادگە كە نزیكەی 20 لاپەڕەیە، پڕە لە راڤە و شیكاری ورد و درێژ و هەمەلایەنە سەبارەت پاساوەكانی رەتكردنەوەی یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2022ـی درێژەدان بە خولی پێنجەمی پەرلەمان كە هەندێك لەو پاساوانەش یاسا و پەیڕەوی نێوخۆی بەركاری خودی پەرلەمانی كوردستانن، لەگەڵ ئەوەشدا دادگا پشتی بە دەستووری عێراق بەستووە و لە سەروو ئەویشەوە جاڕنامە و رێككەوتنە جیهانییەكان. ئەم وردەكارییەش زیاتر وەك دوورخستنەوەی گومانی بە ئامانج گرتنی هەرێمی كوردستان و كۆت و بەندكردنی لێك دەدرێتەوە كە لە ناوەندی سیاسی و لای هەندێك دەستەبژێریش لە هەرێمی كوردستان بۆچوونێكی باوە.
 
بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی ستایشی زۆری تێدایە بۆ ئازایی و ناوازەیی ئەزموونی یەكەم هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان لە 1992، جگە لەوەش بە روونی جەختی لە دەستووریبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، لەگەڵ پێداگریكردن لەوەی كە لە چوارچێوەی سیستمی سیاسی عێراق كە پەرلەمانی و فیدراڵی و دیموكراسییە، دەستوری فیدراڵ سایە و سێبەری بەسەر ناوەند و هەرێمەكانیشەوە هەیە. بەم پێیەش وەك دەقێكی پەتی، بڕیارەكەی دادگا نەفەسێكی نەیارانە و ناحەزانەی دەرهەق بە هەرێمی كوردستان تێدا نییە و بگرە موجامەلەشی تێدایە. دەكرێت ئەمەش بكرێتە دەرفەتێك بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەكانی پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردن و چۆنیەتی ئەنجامدانی، هەروەها بناخەی بۆ نەریتێكی دەستووریی نوێ لە كوردستان و لە سەرانسەری عێراقیش داناوە كە چیدیكە تەمەنی پەرلەمانی هەڵبژێردراو درێژ نەكەنەوە و رێز لە وادە دەستووری و یاساییەكانی هەڵبژاردن بگرن كە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئەزموونی هەرێمی كوردستانە كە پێشینەی زۆری لەگەڵ درێژكردنەوەی وادەی پەرلەمان دا هەیە، هەر بەوهۆیەشەوە پاش تێپەڕبوونی 31 ساڵ بەسەر یەكەم هەڵبژاردن دا، تازە لە كۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەماندایە لەكاتێكدا دەبوو ئێستا بەرەو خولی هەشتەم بڕۆشتایە.
 
هەرچەندە هەوڵی زۆر دراوە كە دەقی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی پەتی و بێ گرفت بێت، بەڵام جگە لە لێكەوتە یاساییەكەی، كاریگەرییە سیاسییەكانی و شێوازی بەكارهێنانی جێگەی مشتومڕ و هەڵوەستە لەسەر كردنە؛ یەكەم جارە دادگایەكی فیدراڵی لە بەغدا لە باس و بابەتێكی تەواو ناوخۆییدا ببێتە ناوبژیوان، ئەمەش دەكرێت وەها بخوێنرێتەوە كە چیدی كوردستان بەتەنیا چەقی بڕیار نییە سەبارەت بە چارەنووسی پرسەكانی خۆی، هەروەها دەشێت ئەزموونی هاوشێوە لە كەیس و پرسی دیکەدا لە ماوەی داهاتوودا دووبارە ببێتەوە. هەروەها بەهۆی ئەوەی بڕیارەكە هەنگاوە پەرلەمانییەكانی پاش 6_11_2022ی لە هەرێمی كوردستان پووچەڵ كردووەتەوە، ئێستا كوردستان بەبێ كۆمسیۆن ماوەتەوە و بۆ دەربازبوون لەم بۆشاییە یاساییەی بۆی دروستبووە دەبێت بە ناچاری پەنا بۆ كۆمسیۆنی فیدراڵی ببات، ئەمەش هەر جۆرێك لە زەبرە كە بەر دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەكەوێت لە ئاست هاوشێوەكانیان لە بەغدا لەكاتێكدا ئەزموونی هەڵبژاردن لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ 2005 و ماوەی 13 ساڵ لە پاش ئەزموونی هەرێمی كوردستانەوەیە.
 
لەسەر ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردنیش بڕیاری دادگا دەرگا دەكاتەوە بۆ ورووژاندنی پرسیار سەبارەت چارەنووسی دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت) كە ئەویش شەرعیەتی لە پەرلەمان وەرگرتووە. لە كوردستاندا دەستوور نییە تاوەکو چارەسەرەكانی بۆشایی و پێناسەی حكومەتی "كار بەڕێكەر" یەكلایی بكاتەوە، بەڵام لە نزیكترین نموونەدا كە نموونەی بەغدایە، دادگای فیدراڵی لە راڤەیەكی دەستووریدا (121/ 2022) سەبارەت مادەی (64/أ)؛ هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی بە هۆكار داناوە بۆ ئەوەی حکومەت ببێتە "كار بەڕێكەر"، لەم دۆخەشدا ئەركی حكومەت دەبێتە راپەڕاندنی کاروباری رۆژانە، بەتایبەت ئەوانەی مۆركی خزمەتگوزارییان هەیە، بەبێ ئەوەی حكومەت بتوانێت بڕیاری سیاسی و کاریگەری جومگەیی وەها بدات كە لێکەوتەی ئایندەیی هەبێت، لە چەشنی پێشنیازکردنی یاسا، قەرز کردن، دامەزراندنی پلە باڵاکان، بەخشین لە پۆستەکان و ...هتد، ئەمەش رەنگە كێشە بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان لەئاستی بەغدا لە ئێستادا دروست بكات و ئەگەریشی هەیە پەیوەندی هەولێر و بەغدا بخاتە ژێر گوشارەوە.
 
ژمارەیەك پەرلەمانتاری "راستڕەوی" چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە دەم و دەست ئەوەیان ورووژاند كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بووەتە كاربەڕێكەر، بەم پێیەش دەسەڵاتی پێداگری و داواكاری و رێككەوتنی زۆری لەگەڵ حكومەتی بەغدا نەماوە بەتایبەت لە بواری بەشە بودجەدا، ئەوانەشی لە كێشە ناگەڕێن و لەگەڵ سەركەوتنی ئەزموونی سوودانیدان، رەچاوی دۆخی هەرێمی كوردستان دەكەن و بڕیارەكە و لێكەوتەكانی بەبێ دەنگی بەڕێدەكەن، بەتایبەت كە ئێستا گفتوگۆكانی بودجە گەیشتوونەتە قۆناخێكی ورد و هەستیار و كردنەوەی بەرەیەكی دیكەی ململانێ و ناكۆكی هەڵناگرن.
 
بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لە بارەی پەرلەمانی كوردستان لە دۆخێكدایە كە كۆمەڵێك كێشەی دیكە لە كوردستان و عێراقدا هەن، دابەشبوونی نێوخۆیی بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر رۆیشتووە و، رەخنە و گازەندەی دەرەكی لەسەر كوردستان لە هەڵكشانە، هەڕەشەی ئێران لە بارەگای هێزە كوردستانییە ئۆپۆزیسیۆنەكان سەری هەڵداوەتەوە، دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیا تووشی گرێی زۆر بووە و چارەنووسەكەی ناڕوونە، ئەم بارودۆخەش دەرفەتێكی سەبارەت تەوزیفكردنی خراپە بۆ بڕیارەكەی دادگا كە وەكو دەق كێشەی ئەوتۆی نییە و زیاتر جەختكردنەوەیە لە كۆمەڵێك دەق و پرەنسیپی یاسایی سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

راستە عێراق کێشەی نەختینەی پارەی هەیە؟

لە کۆتاییدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا راستە عێراق کێشەی نەختینەی هەیە؟ بەڵێ راستە عێراق کێشەی نەختینەی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمیی داهاتی نەوت و کەمیی نرخی نەوت یاخود نەبوونی پارە و نەخستنەڕووی دۆلارەوە نییە، بەڵکو بەهۆی سیاسەتی ئابووریی خەرجی دەوڵەتەوەیە، کە لە یەک مانگدا خەرجییەکان بەڕیژەی نزیکەی 300% هێندە زیادی کردووە.