رووداو دیجیتاڵ
هۆزان جانێ، خانمە گۆرانیبێژی کوردی باکووری کوردستان، دوای دوو ساڵ بەندکردن لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، ئازادکرا.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا، لە زاری پارێزەری هۆزان جانێی گواستەوە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە جانێ لە بەندیخانەی بەکرکۆی لە ئیستەنبوڵ ئازادکراوە، پاش ئەوەی دوو ساڵی لەو بەندیخانەیەدا بە تۆمەتی تیرۆر بەسەربرد.
نەورۆز ئاکالان، پارێزەری هۆزان جانێ، رایگەیاندووە "وێڕای ئازادکردنی لە بەندیخانە، بەڵام جانێ بۆی نییە تورکیا بەجێبهێڵێت و قەدەخەی هاتووچۆی لەسەر دانراوە".
پارێزەرەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە دادگای تایبەتمەندی کەیسەکەی جانێ، لە پاش گوێگرتن لە تیمی پارێزەرانی بەرگری، بە ئازادکردنی جانێ رازیبووە، پاشئ ەوەی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ماوەیەکی زۆر لە بەندیخانەدا بووە و ئەوەش گونجاو نەبووە.
جانێ لە تشرینی دووەمی 2018دا، تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستانی درایە پاڵ، کە تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا، بەرێکخراوێکی 'تیرۆریستی' دەیناسێنن و بەندکردنی بۆ ماوەی 6 ساڵ بۆ بڕییەوە.
دادگای تێهەڵچوونەوەی تورکیا لە ئابی رابردوودا، بڕیاری تۆمەتبارکردنی جانێی رەتکردەوە و گوتی "بەڵگەی روون نییە" بیسەلمێنێت، تۆمەتبارکراوەکە، ئەندامی "رێکخراوێکی تیرۆریستی" بووە.
جانێ دەبێ رۆژی 20ی ئەم مانگە، بچێتە بەردەم دادگای تورکیا لە شاری ئەدرنە، بۆ بەردەوامبوونی دادگاییکردنەکەی. هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە، گۆنۆل ئۆرس، کچی جانێ، کە ئەویش تۆمەتبارە بە تیرۆر، لە شاری ئیستەنبوڵ دادگایی دەکرێت.
جانێ لە حوزەیرانی 2018 لە شاری ئەدرنە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکرا، کاتێک ئەو لە نێو پاسێکی تایبەت بە پڕوپاگەندە بۆ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)دابوو.
جانێ کە وڵاتینامەی ئەڵمانیای هەیە و نیشتەجێی شاری کۆڵنە و وڵاتینامەی تورکیای نییە، لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا، پشتگیری خۆی بۆ هەدەپە راگەیاندبوو و پڕوپاگەندەی بۆ ئەو حیزبە دەکرد.
پێشتر چەندینجار، پارێزەران و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، داوایان لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کردبوو، جانێ ئازاد بکات. ئەوان داوای ئازادکردنی جانێی تەمەن 47 ساڵیان، بە بەڵگەی نەخۆشکەوتن و خراپیی دۆخی تەندروستی ئەو لە بەندیخانەدا، بەستبووەوە.
دادگای تورکیا هەروەها، تۆمەتی 'سووکایەتیکردن' بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای ئاراستەی جانێ کردووە، بەڵام پارێزەرەکانی، ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.
تۆمەتی ئاراستەکردنی 'سوکایەتی' بە ئەردۆغان بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی کاریکاتۆری سەرۆکی تورکیاوە بوو، لە پەیجێکی فەیسبووکدا بەناوی جانێوە، بەڵام پارێزەرەکانی دەڵێن، ئەو ئەکاونتە هی جانێ نییە و بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو ئەکاونتە نییە و بەڵگەش نییە بیسەلمێنێ، جانێ خاوەنی ئەو ئەکاونتەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ