تکە مەسالا
تکە مەسالا خواردنێکی هیندییە کە پێکهاتووە لە سنگی مریشک و بەهاراتێکی زۆر خۆش. خواردنێکی تایبەت و جیاوازە بە بۆن و بەرامێکی زۆر هەیە.
کەرەستەکان بۆ تکە مەسالا: سنگی مریشک، زیرە (کەوچکێکی چێشت)، بیبەری سوور، گراماسالا (بەهاراتی هیندی)، خوێ، ڤیجیتا، پیاز، تەماتە، سیر، رۆن یان زەیت، کرێم
بۆ نانەکە: ئارد - پەرداخ و نیوێک بۆ دوو پەرداخ، خوێ، زەیت، ئاو، سیر، کەرەوز
دروستکردن (تکە مەسالا)
سەرەتا سنگی مریشکەکە ورد دەکرێت. دۆشاوی تێدەکرێت و بەهاراتی لەگەڵ تێکەڵدەکرێت: زیرە، بیبەری سوور، گراماسالا، خوێ و ڤیجیتا. هەمووی بە دەست تێکەڵ دەکرێن تاوەکو سنگی مریشکەکە جوان دۆشاو و بەهاراتەکە بگرێتە خۆی. تۆزێک رۆن یان زەیت دەکرێتە ناو تاوەیەکەوە و سنگی مریشکەکەی تێدا سوور دەکرێتەوە. لە هەمان کاتدا، پیاز و تەماتە و سیر ورد دەکرێت. پێویست ناکات زۆر ورد بن چونکە دواتر لە میکس دەدرێن بۆ ئەوەی هەمووی ورد بێت. کاتێک سنگی مریشکەکە بەتەواوی سوور دەبێتەوە و دۆشاوەکە بە تەواوی خۆی دەگرێت، لادەدرێت. لە هەمان مەنجەڵدا، پیاز و تەماتە و سیرەکە سوور دەکرێنەوە. سەری مەنجەڵەکە دادەخرێت بۆ ئەوەی پیاز و تەماتە و سیرەکە تۆزێک ئاو بدەنەوە. دواتر پیاز و تەماتە و سیرەکە لە میکس دەدرێن بۆ ئەوەی ببن بە سۆسێک. سنگی مریشکەکە دەگەڕێندرێتەوە ناو مەنجەڵەکە و لەگەڵ سۆسەکە تێکەڵاو دەکرێت. تۆزێک کرێمی تێدەکرێت و بۆ پێنج خولەک تێکەڵ دەکرێن تاوەکو بەیەکەوە تامی خۆش وەربگرن.
نان
بۆ دروستکردنی نانەکە، پەرداخ و نیوێک بۆ دوو پەرداخ ئارد، کەمێک خوێ، کەوچکێک زەیت و پەرداخێک ئاو تێکەڵ دەکرێن، تاوەکو هەویرێکی نە زۆر شل و نە زۆر توند دروست دەبێت. ئەم نانە نە خومرە نە بەیکین پاودەریشی ناوێت، چونکە تەنک دەکرێت. هەویرەکە دەکرێت بە چوار و لەناو تاوەیەکدا دەبرژێنرێت. دەتوانرێت نانەکە بە دوو شێوە بەکاربهێنرێت: یان وەکو خۆی، یان بە سیر و زەیت یاخود رۆن و کەرەوز چەور بکرێت. ئەگەر بڕیار درا چەور بکرێت، رۆن یاخود زەیت، سیر و کەرەوز تێکەڵاو دەکرێن و بە فڵچە نانەکەی پێ چەور دەکرێت.
پێشکەشکردن
تکە مەسالاکە لەگەڵ نانەکە پێشکەش دەکرێت. دەتوانرێت کەمێک کرێم بۆ رازاندنەوە بکرێتە سەری. لەگەڵ سەوزەشدا زۆرخۆش دەبێت. دەکرێت بیبەری زیاتر لەسەر خوان دابنرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی حەز دەکەن خواردنەکە تیژتر بێت، خۆیان بۆی زیاد بکەن.
رۆژانە لە مانگی رەمەزان کاژێر 17:30