پەناکۆتا (شیرینی ئیتاڵی)

پەناکۆتا شیرینییەکی ئیتاڵییە کە زۆر ئاسان دروستدەکرێت، بەڵام تامێکی جیاواز و خۆشی هەیە. پێداویستییەکانی لە هەموو شوێنێک دەستدەکەون و ئاسانن.
پێداویستییەکان: پەرداخێک کرێم، دوو بۆ سێ کەوچک ماستی شیرین، ڤانێلا، جەلاتینی رووەکی، شەکر، ئاوی سارد
بۆ رازاندنەوە: رازبێری یان هەر میوەیەکی دیکە وەک شلک، مانگۆ، پرتەقاڵ
هەنگوین یان شەکر 
دروستکردن
سەرەتا پەرداخێک کرێم دەخرێتە سەر ئاگر و ڤانێلاکەی تێدەکرێت لەگەڵ شەکرەکە. شەکرەکە بەپێی خواست دەکرێتە ناوی، نزیکەی چوار کەوچک باشە. کرێمەکە دەهێڵدرێتەوە تاوەکو گەرم دەبێت، بەڵام نابێت بکوڵێت. لە هەمان کاتدا، جەلاتینەکە لەگەڵ کەمێک ئاوی سارد دەتوێندرێتەوە. گرنگە کە زوو بەکاربهێنرێت چونکە جەلاتینەکە بەخێرایی دەیبەستێت. کاتێک کرێمەکە گەرم دەبێت، لەسەر ئاگرەکە لادەدرێت و دەکوژێنرێتەوە. دەبێت تۆزێک چاوەڕێ بکرێت تاوەکو زۆر گەرم نەمێنێت، پاشان جەلاتینی تواوە تێکەڵی کرێمەکە دەکرێت. دوای ئەوە، دوو بۆ سێ کەوچک ماست تێکەڵی کرێمەکە دەکرێت. گرنگە ماستەکە شیرین بێت. ماست و کرێمەکە تێکەڵاو دەکرێن و دەشێلدرێن. ئەگەر حەز نەکرێت بە ماست، دەتوانرێت بە نەستەلەی سپی یان قاوەیی جێگۆڕکێی پێبکرێت. دەکرێت پەناکۆتاکە بکرێتە قاپ یان پەرداخەوە. دەبێت بۆ ماوەی 8 کاژێر یان شەو تا بەیانی لەناو بەفرگر دابنرێت.
رازاندنەوە
دوای ئەوەی پەناکۆتاکە تووند بوو، دەردەهێنرێت و سەرەکەی دەڕازێنرێتەوە. رازبێری یان هەر میوەیەکی دیکە وەکو شلک، مانگۆ، پرتەقاڵ دەکرێت بۆ رازاندنەوە بەکاربهێنرێت. میوەکە بە کەوچکێک پان دەکرێتەوە تا وەکو پوورەی لێدێت و بەسەر پەناکۆتاکەدا بڵاودەکرێتەوە. ئەگەر میوەکە ترش بێت و حەز بکرێت شیرینتر بێت، دەتوانرێت یەک دوو کەوچک هەنگوین یان شەکر تێکەڵی میوەکە بکرێت. پەناکۆتا تامێکی زۆر خۆش و جیاوازی هەیە و دروستکردنی زۆر ئاسانە.

 


رۆژانە لە مانگی رەمەزان کاژێر 17:30